"ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆکاری ئەنجامدانی سوڵحی عەشایەرییە"

سەروەری یاسا و هەبوونی سوڵحی عەشایەری لە شارەکاندا جیاوازی هەیە، پارێزەرێکیش دەڵێت: کوشتنی ژنان لەلایەن خێزانەکانەوە کپ دەکرێتەوە، کاتێک کوڕێکیشیان دەکوژرێت بە دوای کەیسەکەیدا دەچن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی عەشایەرییە، سوڵحی عەشایەری یەکێکە لە ڕێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کۆمەڵگە، کوشتنی ژنانیش یەکێکە لەو تاوانانەی کاتێک ئەنجام دەدرێت، بۆ بێدەنگکردنی بە ڕێگەی سوڵحی عەشایەری کۆتایی پێدەهێنرێت، بەڵام ئەم ڕێگەیە زیانێکی بەرچاوی لە دۆزی ژن داوە و دادگاکانیش تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێگری لەو شێوازی سوڵحە بگرن.

 

بە پێی یاسا، کوشتنی پلان بۆ داڕێژراو بە پێی ماددەی ٤٠٦ی سزادانی عێراقی تاوانبار سزا دەدرێت، ئەو کەیسانەی بەبێ پلاندانان ئەنجام دەدرێت، ماددەی ٤٠٥ی یاسایی سزادانی عێراقی دەیگرێتەوە، بەڵام لە دادگادا ماددەیەک نییە لە بارەی کوشتن و پاشان لەڕێگەی سوڵحەوە بە ئەنجام بگەیەندرێت.

 

"کوشتنی ژنان لە دادگاکاندا بە خاوی کاری لەسەر دەکرێت"

پرۆشە قەلەندە، پارێزەری ڕاوێژکاری و مامۆستای زانکۆ، باس لەوە دەکات، کاتی ڕوودانی تاوانەکان بنکەی پۆلیسی ئاگادار دەکرێتەوە و پاشان تیمی بەڵگەی تاوان بەشداری کەیسەکە دەکات، تەواوی بەڵگەی تاوانبار و لێکۆڵینەوەکان لە شوێنی کوشتنی کەسەکان و لێدوانی شاهیدەکان دەنێردرێت بۆ دادوەری لێکۆڵینەوەی بابەتەکان، پاشان کەیسەکان دوای لێکۆڵینەوەی تەواو و ئامادەبوونی بابەتەکە دەنێردرێت بۆ دادگا و کەیسەکان دەگەیەندرێت بە ئەنجام، دەشڵێت: کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە دادگاکاندا بە خاوی کاری لەسەر دەکرێت، دواکەوتنی کەیسەکان لە کاتی کوشتندا ناگەڕێتەوە بۆ خراپی ماددەکان لە دادگاکاندا، کێشە لە کۆمەڵگە و ئەو ڕێکارە یاساییانە دایە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەنجام دەدرێت، هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا وایکردووە بەشێکی زۆر لە خێزانەکان کەیسەکانی کوشتنی ژنانیان پشتگوێ دەخەن، ئەگەر خانەوادەکان هەوڵی مافی ژنەکە نەدات داواکاری گشتی بە دوای کەیسەکەدا دەڕوات، ئەمەش دەبێتە دواکەوتنی کەیسەکانی کوشتنی ژنان.

 

ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، بەشێکی زۆر لە خێزانەکان جیاوازی لە کەیسەکانی کوشتندا دەکەن، کەیسی کوشتنی پیاوەکان دەبەنە دادگاکان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکەیان دەکەن، بەڵام کوشتنی ژنان لەلایەن خێزانەکانەوە کپ دەکرێتەوە بە هۆکاری ناوزڕاندن و لەکەدار نەکردنی خێزانەکەیان، بەڵام کاتێک کوڕێکیان دەکوژرێت، لە ڕێگەی هەبوونی پارێزەری بە توانا و سەردانیکردنی بەردەوامی دادگاوە مافی قوربانی وەردەگرن.

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێگری لە مافەکانی ژنان دەکات"

 پروشە قەلەندەر، ئاماژەی بەوەشکرد، وەرگرتنی مافەکانی کوشتنی ژنان بە ڕێگەی یاسایی لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی هەیە، "هەبوونی ئاستی ڕۆشنبیری و جیاوازی وشەی عەیبە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت، ئاستی ڕۆشنبیری لە بردنەوەی کەیسەکان و بەدواداچوونیان لە دادگاکاندا دەردەکەوێت، بۆ نموونە کەیسی سێوان قادر، کە لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندرا، خێزانەکەی بەردەوام بەدوای کەیسەکاندا دەچوون، هەتا لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠دا بە هاوکاری خێزانەکەی سزای لە سێدارەدان بۆ تاوانبار دەرچوو، بەڵام چەندین کەیسی کوشتن و سووتاندنی ژنان لە دادگاکاندا لەلایەن خێزانەکانیانەوە بە ناوی عەیبەوە کۆتاییان پێ دەهێنن.

 

ئەو پارێزەرە، ئاماژەی بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە خێزانەکاندا کرد، کە هۆکارە تا کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە دادگاکاندا نەگاتە ئەنجام،وتیشی: خێزانەکان بە دوای مافی کچەکانیان ناچن، هەتا کوڕێکیان نەبێتە قوربانی، خێزانەکان دەڵێن کچێکمان مردووە با کوڕێکمان نەبێتە قوربانی و کێشەی کۆمەڵایەتیمان بۆ دروست نەبێت، ئەم هەڵوێستە بێ ئاگاییە لەوەی ڕێگە بۆ چەندین کەیسی کوشتنی ژنانی دیکە دەکاتەوە، چونکە کاتێک هەر تاوانبارێک بە سزا دەگات، خێزانێک هۆشیار دەبێتەوە.

 

"هەبوونی سوڵحی عەشایەری بەلاڕێدا بردنی کۆمەڵگەیە"

پروشە قەلەندەر ئاماژە بە ماددەی ١٩٤ی یاسایی بنەماکانی دادگاییکردنی تاوانکاری دەکات، "یاسا ڕێگە بە هەبوونی سوڵح لە نێوان کۆمەڵێک کێشەی لاوەکی دەدات، هەبوونی کێشەی سەرەتایی نووسینی کۆمینتێک لەلایەن تاوانبار و داواکار دەتوانن دوور لە دادوەر کێشەکانیان بە ئەنجام بگەیەنن، بەڵام هیچ ماددەیەک نییە لە کاتی کوشتندا باسی سوڵحی عەشایەری تێدا بکرێت، دەبێت دوور لە چاوی دادوەر لە بارەی کەیسەکانی کوشتن ڕێگە نەدرێت سوڵحی عەشایەری ئەنجام بدرێت، هەبوونی سوڵحی عەشایەتی بە لاڕێدابردنی کۆمەڵگەیە نەک وەرگرتنەوەی مافی کوژراوە، هۆکاری سەرەکی سوڵحی عەشایەری لاوازی ئاستی ئابووری هاوڵاتیانە لە هەرێمی کوردستاندا، بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی کوردی لە دوای کەیسەکانی کوشتن پەنا دەبەن بەرەو سوڵحی عەشایەری، کەسەکان وابیر دەکەنەوە قوربانیەکە کەسێک بووە باری ئابووری لاوازە، هەروەها لەژیانیشدا نەماوە، پەنا دەبرێت بۆ سوڵحی عەشایەری و بە بڕە پارەیەک سوڵح دەکرێت و کەیسەکە لە دادگادا کۆتایی پێدێت، لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە مافی کەسی مردوو زەوت دەکرێت و خێزانەکەی سەرکۆنە دەکرێن، لە کاتێکدا بەڵگەی تەواوەتی دژ بە ئەنجامدانی تاوانەکە بەردەستە، بەڵام خانەوادەی کوژراو بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەک لە دادگادا نایخەنەڕوو.  

 

"پێویستە داواکاری گشتی بە شێوازێکی باشتر کارەکان ئەنجام بدات"

ئەو پارێزەرە ڕاوێژکارە ئاماژەی بەوەدا، بەپێی یاسایی عێراقی هەموو کەسێک مافی دابینکردنی پارێزەرێکی هەیە لەلایەن دادگاوە، بەڵام دادگادا وەک بابەتێکی لاوەکی لێی دەڕوانێت، دەشڵێت: بە فەرمانی دادگا پارێزەرێک بۆ کەیسی کوشتنی کەسێک هەڵدەبژێرێت لە کاتێکدا هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەیسەکەدا نەبووە، لەڕێگەی بەڵگەیەکەوە بەرگری لە دۆسیەکەی دەکات و بەدواداچوونی تەواوی بۆ کەیسەکە نەکردووە، ئەو پارێزەرانەی لەلایەن دادگاکانەوە دابین دەکرێن، تەنها کاتی دادگایکردن گرنگییەکی کەم بە بابەتەکەیان دەدەن، بەڵام پارێزەرانی تایبەت کە لەلایەن خێزانەکانەوە دابین دەکرێن، بەشێوەیەکی باشتر کارەکانیان ئەنجام دەدەن، مافەکان و کارەکانی دادگا بە شێوازێکی زووتر ڕادەپەڕێنن، بۆ ئەم بابەتە پێویستە چاکسازیەکی تەواوەتی و میکانزمێکی توندوتۆڵ بۆ ئەو پارێزەرانەی دادگاکان دابین بکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا پروشە قەلەندەر وتی: پێویستە ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکان لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا گرنگی پێبدرێت، خێزانەکان داوای مافی خۆیان بکەن و مافەکانیان بە پارە نەفرۆشن و هۆشیار بکەنەوە، گەیشتن بە دەرئەنجام و گەڕانەوەی ماف بۆ هاوڵاتیان پێویستە، داواکاری گشتی دەبێت بە شێوازیکی باشتر کارەکان و لێکۆڵینەوەکان ئەنجام بدات.