ژنانی عێراق پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ڕەتدەکەنەوە

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەتیانکردەوە یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩هەموار بکرێتەوەو ئاماژەیان بەوە کرد، تایەفەگەری بەردەوام دەکات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێکدەدات.

نور مەرسومی

 

عێراق-پێشکەش کردنی پێشنیارێک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی مشتومڕێکی گەورەی لە شەقامی عێراقی دروستکرد، کە ڕەتکردنەوەی بەشێوەیەکی فەرمی پشتڕاستکردەوە و داوای کشانەوەی ڕەشنووسی هەموارکردنەکەی کرد، جەخت لە کارەساتێک بۆ هەموو خێزان و منداڵ و ژنێکی وڵاتەکە کرایەوە.

 

دوێنێ ٢٨ی تەمووز، ژنان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختی عێراق خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا بۆ جەختکردنەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو هەموارکردنانەی کە دەخرێنە ناو یاسای باری کەسییەوە.

 

"پەرلەمان مافی ئەوەی نییە وەک ژنێک مافەکانم لێ زەوت بکات"

بەشداربووی ناڕەزایەتییەکە مەها ئەرکان، خوێندکاری یاسا وتی: دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیم، چونکە نادادپەروەرییە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان و بنەماڵەی عێراقی، پەرلەمان مافی ئەوەی نییە وەک ژنێک مافەکانم لێ زەوت بکات، ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت، دەبێتە کارەسات بۆ هەموو خێزان و منداڵ و ژنێک.

 

"لەڕێگەیەوە ژن بێبەش دەکرێت لە سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانی و مافی میراتەکەی"

پارێزەر زەینەب جەواد ڕوونیکردەوە، لەم ناڕەزاییەدا هاتنە دەرەوە بۆ دەربڕینی ڕەتکردنەوەی پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی، پێشنیارەکە هەڵەی یاسایی گەورە لەخۆدەگرێت و ناکرێت ڕێگەی تێپەڕاندنی بدرێت چونکە کۆمەڵگەی عێراقی چیتر بەرگەی یاسای تایەفی و زیاتر ناگرێت کە لەڕێگەیەوە ژن بێبەش دەکرێت لە سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانی و مافی میراتەکەی، بە یاساییکردنی هاوسەرگیریی لە تەمەنی بچووک و هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا دەبێتە هۆی بە یاساییکردنی پەیوەندییە نایاساییەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران دەیەوێت یاسا پێشنیار بکات کە سوودی بۆ کۆمەڵگەی عێراقی هەبێت، دەبێت ئەو پێشنیارە پێشکەش بکات کە تەمەنی ١٥ ساڵە و تا ئێستاش لە ڕەفەکەدایە، وتی: ئێمە ئێستا داوای یاسای نەوت و گاز و بیمەی تەندروستی و یاسای پەروەردە دەکەین، ئەم یاسایانە زیاتر سوود بە کۆمەڵگە دەگەیەنن وەک لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان.

 

ئینتیسار ئەلمەیالی، چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، بوونی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە کارنامەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەتدەکەینەوە، داواش دەکەین بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە و ئاماژەی پێنەکرێت، دەبێت ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، چونکە ئەم هەموارکردنە ڕۆڵی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەناو دەبات، کە بڕیارە پارێزەری مافەکانی عێراقییەکان بێت.

 

"کەلێنی نالۆژیکی تێدایە بەرامبەر بە ژنان"

یەکێک لە خۆپیشاندەران بەناوی لەیلا سەفار جەختی لەوە کردەوە، ئەم یاسایە زیان بە تەواوی کۆمەڵگەی عێراق دەگەیەنێت، چونکە کەلێنی نالۆژیکی تێدایە بەرامبەر بە ژنان، بەو پێیەی مافی میرات و هەروەها سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان لێ زەوت دەکات، ڕێگە بە منداڵانی کچ دەدات لە تەمەنی ٩ ساڵیدا هاوسەرگیری بکەن.