"دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری پیاوان نەفەقە نادەن"

پارێزەرێک باس لەوە دەکات، پاش جیابوونەوەی هاوژینان ژنان ئەرکی وەرگرتنی منداڵ لە ئەستۆ دەگرن، بەڵام لەلایەن هاوژینەکانیانەوە ڕووبەڕووی کێشەی نەدانی ماف و نەفەقەی خۆی و منداڵەکانی دەبێتەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوژینان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، ئامارەکان زیاتر هەڵدەکشێن و شێوازەکانی جیابوونەوەش بەردەوام لە زیادبووندایە، بەشێک لە هاوژینان لە دەرەوەی دادگاکاندا کەیسەکانی جیابوونەوەیان دەگەیەننە ئەنجام، بەشێکی دیکەیان لە ڕێگەی دادگاکانەوە کەیسەکانیان یەکلای دەکەنەوە، کەیسەکانی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستاندا ساڵی ٢٠٢٣دا، ١٤ هەزار و ٣١٢ لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراوە، لە بارەی ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوژینانەوە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماری مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوکردەوە، ئاماری جیابوونەوەی هاوژینان گەیستۆتە ٧ هەزار و ٤٥٣ حاڵەت لە دادگاکانی عێراقدا تۆمار کراوە، هەبوونی ئامارەکانیش دەریدەخەن ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوژینان بەردەوام ڕوو لە هەڵکشان دەکات.

 

"سەرەڕای هەبوونی یاساکان پیاوان پەیوەست نین بە پێدانی نەفەقەی ژن و منداڵەکانیان"

گۆنا مەجید، پارێزەر، باس لە هەڵکشانی کەیسەکانی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان دەکات، دەڵێت: ئامارەکانی جیابوونەوە بەردەوام لە هەڵکشاندایە، کەیسەکانی جیابوونەوەی هاوژینان جۆراوجۆرە، ژنان لە دوای جیابوونەوەی هاوژینانیانەوە کێشەی پێ نەدانی نەفەقەی خۆیان و منداڵەکانیان بۆ دروست دەبێت، پێدانی نەفەقە منداڵ لەلایەن پیاوانەوە ئاستەنگی بۆ ژنان دروست کردووە، سەرەڕای هەبوونی یاساکان پێدانی نەفەقە دوای جیابوونەوە ئەرکی پیاوانە، بەڵام بەشێک لە پیاوان دوای جیابوونەوە نەفەقە نادەن بە ژن و منداڵەکانیان.

 

ئەو پارێزەرە وتیشی: سەرەڕای هەبوونی یاسا و پەیڕەوکردنی دینی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە پیاوان پەیوەست نین بە پێدانی نەفەقەی ژن و منداڵیان، منداڵی کوڕ دەتوانێت نەفەقەی وەربگرێت هەتا ئەو کاتەی دەتوانێت بژێوی ژیانی لە لایەنی کارکردنەوە دابین بکات، منداڵی کچ نەفەقەی وەردەگرێت، هەتا ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت، بەڵام بەشێک لە پیاوان لە پێدانی نەفەقە بە منداڵ و ژنەکانیان هەڵدێن.

 

"لەلایەن دادگاوە ڕێژەی تاوان و نەفەقەی ژن و منداڵ دیاری دەکرێت"

پارێزەر گۆنا مەجید، ئاماژەی بەوەکرد، بە پێی یاسایی باری کەسێتی عێراقی پێدانی نەفەقە لە دوای جیابوونەوەی هاوژینان چەند ماددەیەکی یاسایی دەیگرێتەوە، لە ماددەی ٤٠، ٤١ و ٤٢ چەندین حاڵەتی دیکە دەیانگرێتەوە، تیایدا باس لە پێدانی بژێوی ژنان و منداڵ لەلایەن پیاوانەوە دەکات، دەڵێت: هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان جۆری پێدانی مافی ژن و منداڵ دیاری دەکات، هەبوونی نەفەقە و مافی ژن لە دوای جیابوونەوە بەپێی مارەیی و بارودۆخی جیابوونەوەکەی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، جیابوونەوەی هاوژینان بە هۆکاری زیان گەیاندنبێت ژنان مافی مارەیی خۆیان دەبەن، بەڵام خەتای جیابوونەوە بە ڕێژەی لە ٪٥٠  بەسەر ژندا بسەپێت دەتوانێت نیوەی مارەی خۆی ببات، جیابوونەوەی خولعی لە بەینی هاوژیناندا ڕوودەدات و بە گوێرەی گرێبەستی هەردووکیان مافیان بەردەکەوێت، چەندین ڕێگەی دیکە هەن، بەڵام ڕێکەوتنی هاوژینان لەسەر جیابوونەوەیان دەتوانێت کاری جیابوونەوە و پێدانی ماف ئاسانتر دەکات.

 

گۆنا مەجید، وتیشی: پێدانی نەفەقەی منداڵ ئەرکی باوکی منداڵەکەیە مانگانە ئەو بڕە پارەیەی لە لایەن دادگاوە داندراوە، پێی بدرێت، منداڵ لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیەوە لای دایک بێت و باوکی نەفەقەی نەکێشێت ژنەکە دەتوانێت لە دادگا داوا بەرز بکاتەوە و مافی منداڵەکەی بەدەست بهێنێت، پێدانی نەفەقەی منداڵ لە ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار دینار دیاری دەکرێت، پیاوێک کاری نەبێت یان موچەیەکی نەبێت مانگانە ١٠٠ هەزار نەفەقە دەدات بە منداڵەکەی، بە پێچەوانەوە بە گوێرەی کارەکەی بڕی نەفەقەکە زیاد دەکات، بەبێ دەستکاریکرنی بڕە پارەکە مانگانە بە منداڵ دەدرێت.

 

"دایکان و باوکان لە دادگاکاندا منداڵەکانیان لە دژی یەکدی بەکاردەهێنن"

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری ژنان بۆ ماوەی سێ مانگ لە لایەن هاوژینەکانیانەوە نەفەقەیان دەکێشرێت، دەڵێت: بە گوێرەی یاسا لە دادگادا نەفەقەی ژنان دەبڕێتەوە، پاش هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری ژنان بۆ ماوەی سێ مانگ ئەو بڕە پارەیەی دادگا بڕیویەتییەوە لە هاوژینەکەی وەردەگرێت، هەروەها نەفەقەی کاتی ژنان هەیە، هەتا نەفەقە جێگیرەکە یەکلا دەبێتەوە پیاوان نەفەقەی کاتی بۆ هاوژینەکانیان دەبڕنەوە.

 

ئەو پارێزەرە لە کۆتایدا پێشنیاری بۆ هاوژینان خستەڕوو، وتی: کاتێک خێزانێک لە یەکدی هەڵدەوەشێنن بە هەمان یاسای ژیان کردنتان کۆتایی بە گرێبەستەکەتان بهێندرێت، بەبێ دروستکردنی کێشەی هەبوونی نەفەقە و نەدانی مافی ژن و منداڵەکانتان کۆتای بە کەیسەکەتان بهێنن، بەشێک لە کەیسەکان لە دادگاکاندا منداڵەکانیان لە دژی یەکدی بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا پێشووتر لە یەک ماڵدا ژیانیان کردووە.