"ناتوانیت داوای دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە داگیرکەرێک بکەیت"

ژنانی چالاکوان باسیان لە کاریگەری سیستمی خۆبەڕێوەبەری و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، هەروەها پێشێلکاری و هێرشە دووبارەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر شاری عەفرینی داگیرکراو شەرمەزار کرد.

سۆزان ئەبو سەعید

 

بەیروت- ژنانی چالاکوانی لوبنان و وڵاتانی دیکە باسیان لە دیموکراسییەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، هەروەها باسیان لە دەستگیرکردنی بەربڵاوانەی دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوانی کرد، کە لە دوای داگیرکردنی شاری عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ەوە ئەنجامیان داوە، زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی بێ چەکیان وەک ژنان دەستگیر و دادگایی کردووە و سزای بەسەریاندا سەپاندووە، ئەویش لە زیندانی هەتاهەتاییەوە تا لەسێدارەدان، بە بیانوو و تۆمەتی ئارەزوومەندانە و دەسەڵاتێکی دادوەری نادادپەروەرانە.

 

لە عەفرینی داگیرکراو زۆرێک لە ژنان ڕفێندراون، دەستدرێژییان کراوەتە سەر و لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دراون و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت کوژراویشن، ئەم کردەوانەی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بە بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوامە و سەدان خێزان لە عەفرینەوە بۆ ئەو کەمپانەی کە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان نییە، ئاوارەبوون.

 

مارتینا بیناتی مۆرانۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی “پرد بۆ”ی ئیتاڵی، وتی: سەرەڕای هەوڵەکانی داگیرکاری تورکیا بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بزووتنەوەی ژنان لە پێکهاتە ناوخۆییەکان توانی لە ژێر ئاڵای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا کۆنفیدراڵییەکی دیموکراتیک بنیادبنێت، کە هەردوو ژن و پیاو ئاستی یەکسانیان لە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەدا بەدەستهێناوە، ئەمەش زۆر گرنگە، وەک چۆن گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ئەرێنی دەبینین، وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنیش هەوڵدەدەین پشتگیری کۆمەڵگە بکەین بە دامەزراندنی زۆرێک لە کرێکاران و ئەندازیاران و تەکنیکاران کە ١٠ بۆ ٢٠ ساڵە کاریان پێنەدراوە چونکە نەیانتوانیوە خوێندنی زانکۆیان تەواو بکەن یان بەردەوام بن لە ژیانی پیشەیی خۆیان.

 

ئەوەشی خستەڕوو کە بە پشتیوانی بزووتنەوەکانی ژنان گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەدەستدێت، "بەڵام دەبێت هەموومان لەگەڵیاندا بین".

 

ماری دبس، سەرۆکی کۆمەڵەی یەکسانی-گوڵی بوترۆس بۆ کاری ژنان، وتی: ژمارەیەکی زۆر لە ژنە دەستگیرکراوەکان هەن کە ژیانیان لە مەترسیدایە، ئێمەش داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا و جیهان دەکەین بۆ پشتیوانیکردن لە پرسی ژنانی دەستبەسەرکراو و ڕزگارکردنیان لە ستەم و گۆشەگیریی دەوڵەتی تورکیا و پێدانی ئەو مافانەی کە گەلی کورد داوای دەکەن، ئەوەی دەوڵەت دژی گەلی کورد و بە تایبەتی ژنان دەیکات، شتێکی نوێ نییە، دەیان ساڵە ژنە چالاکوان و پارێزەر و کەسانی دیکە هەن کە دەستگیر دەکرێن و فڕێدراونەتە زیندانەکانی تورکیاوە.

 

سۆنیا ئەشقەر، ڕۆژنامەنووس وتی: ئێمە لە هەموو ئاستەکاندا لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین، بەتایبەتی پرسی ئەو ژنە دەستگیرکراوانەی کە لە زیندانەکانی عەفریندا لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، سزای ناڕەوایان نەسەردا سەپێندراوە، لەوانەش زیندانی هەتاهەتایی، کە تاوانێکە بەرامبەر بە ئەوان و مافی کۆمەڵگە، بۆیە داوای ئارامی و ئاسایش و ژیان دەکەین بۆ داهاتووی خۆمان و منداڵەکانمان، کاتێک یاسای مافی مرۆڤ دامەزرا، تەنها قسە و وانە، یان ماددە نەبوو، بەڵکو بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بوو، کەواتە ئێمە لە کوێی مرۆڤایەتیداین؟ ئەوە تاکە یاسایە کە مافی مرۆڤ دیاری دەکات، کەواتە دەبێت بە شێوەیەکی ڕوون و بابەتیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

 

بوشرا عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی ژین و چالاکوان وتی: سەبارەت بە دۆسیەی دەستبەسەرکراوان، ناتوانین باسی دادگاییکردنی دادپەروەرانە یان بنەمایەکی یاسایی بۆ دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و نادادپەروەرانە و نایاسایی بکەین، بەتایبەتی کە ئەنجامدەرانی ئەم کارە دەوڵەتی تورکە و بە دەرکردنی دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە بۆ نیشتەجێکردنی بەکرێگیراوەکانی لە شوێنی خۆیان هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدەن، بۆیە هەموو شتێک کە لەلایەن ئەو بەکرێگیراوانە و ئیدارەکانیانەوە دەردەچێت نایاساییە، زنجیرەیەک پێشێلکاری مافی مرۆڤ و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتییە، ئێمە سەرەڕای بێدەنگی میدیاکان و پشتگوێخستن و بێباکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ، بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە دەکەین.