کارکردنی بەردەوام و وەرزش نەکردن ئازاری جومگەکانی دروستکردووە

سیستمی کارکردن و ئامێرە ئاسانکارەکانی ژیان بووەتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی جوڵە، لەپاڵ ئەوەشدا وەرزشکردن نەبووەتە بنەڕەتی ژیان، بۆیە تا دێت ئازارەکانی جەستە زیاد دەکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- منداڵبوون، کارکردنی بەردەوام لە ماڵ و دەرەوەی ماڵ و هەموو ئەو ئەرکانەی لەسەر ژنانە بوونەتە هۆکار بۆ درستبوونی ئازارەکانی جەستەی ژنان بەتایبەت ئازاری پشت، نەکردنی وەرزشی ڕۆژانە هۆکارە بۆ زیادبوونی ئازارەکانی جەستە، چونکە زۆرینەی هاوڵاتیان بڕوایان بە وەرزش نییە و نەیانکردووەتە بەشێکی ژیانیان.

 

"وەرزشکردن وەک نان و ئاو وایە بۆ جەستە"

زۆیا محەمەد، ڕاهێنەری لەشجوانی و شارەزا لە بواری چارەسەری سروشتی بە ڕاهێنانی وەرزشی، ماوەی ٣٤ ساڵە وەک ڕاهێنەر و مامۆستا کاردەکات، لە بارەی بوونی ئازاری جەستە باسی لەوەکرد، وەرزشکردن وەک نان و ئاو وایە بۆ لەش، ئەگەر وەرزش نەکرێت جەستە تووشی چەندین نەخۆشی و کێشەی جەستەیی دەبێتەوە، هەر کەسێک بەلایەنی کەمەوە دەبێت هەفتەی سێ جار وەرزش بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە نەخۆشییەکانی، زەخت، شەکرە، چەوری دڵ و جگەر بگرێت، چونکە زۆر لە نەخۆشییەکان هەن لە ڕێی جوڵەوە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.

 

"کەمی جوڵە و خراپی خواردن ئازاری جومگەکانی دروستکردووە"

مامۆستا زۆیا، ئاماژەی بەوەدا خراپی خواردن و کەمی جوڵە بووەتە هۆکار بۆ دروستبوونی ئازاری جومگەکان، نەک تەنها لە کەسانی بەتەمەندا بەڵکو لە گەنجانیشدا بوونی هەیە، بە جۆرێک گەنج هەبووە ١٤ ساڵ بووە ئازاری جومگەی هەبووە یان تووشی مردنی ماسولکەکانی بووە، وتیشی: هۆکاری سەرەکی بۆ دروستبوونی ئەو ئازارانە و تێکچوونی ماسولکەکان، جوڵە نەکردنە لەگەڵ خواردنی ناتەندروستدا.

 

ڕوونیکردەوە جیاوازییەکی زۆر نییە لە نێوان ژنان و پیاواندا بۆ توشبوونی بە ئازاری جومگە و ماسولکەکان، چونکە هەردوو ڕەگەز ڕووبەڕووی ژیانێکی ناتەندروست بوونەتەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی جومگە و ماسولکە، گرنگە سەرەتا لە هۆڵەکانی وەرزشدا لە وەرزشی ئاسانەوە کەسەکە دەست بە وەرگرتنی چارەسەر بکات، نەک وەرزش لە ڕێی ئامێرەکانەوە، چونکە کاتێک جومگەکان توشی ئازار دەبن واتە گرژ دەبن، بۆیە دەبێت وەرزشێکی پێ بکەیت جومگەکان خاوبکاتەوە، ئەگەر بە ئامێرەکان وەرزش بکرێت ئەوەندەی دیکە ڕووبەڕووی ئازاری دەکاتەوە.

 

"کارکردن لە ناو ماڵدا ناچێتە چوارچێوەی وەرزشکردنەوە"

لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا زۆیا باسی لەوەکرد، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل لەلایەن هاوڵاتیانەوە کێشەی جەستەیی زۆری دروستکردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بەکارهێنەرانی ناتوانن بێ ئۆتۆمبێل تا دوکانێک بڕۆن، لە کاتێکدا گرنگە لە ڕۆژێکدا ١٠ بۆ ١٥ خولەک مرۆڤ بە پێ بڕوات، بۆ ئەوەی بڕێک کالۆری بسوتێنێت و نەخۆشییەکانی دڵ بەهۆیەوە کەمدەبێتەوە و پڕۆسەی هەناسەدان چالاکتر دەکات و کێشی لەش کەمدەکات.

 

دەربارەی ئەو ژنانەی جوڵە لەناو ماڵەکانیان بە وەرزش دادەنێن، مامۆستا زۆیا وتی: بە هیچ جۆرێک پاکردنەوە و جوڵەی ناو ماڵ نابێتە وەرزشکردن، بە پێچەوانەوە زۆر ژن هەن بەهۆی ئەرکی پاکردنەوەی ماڵ ڕووبەڕووی ئازاری جەستەی بوونەتەوە، بەڵام وەرزشکردن نەک تەنها جەستە چالاک دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی ئارامبوونەوەی دەروونیش.

 

"بەردەوام کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر ئازاری جومگەیی دروست دەکات"

سیستم و کارکردنی بەشی زۆری هاوڵاتیان لە ئێستادا لەسەر کۆمپیوتەر و دانیشتنە، یاخود بەپێوە وەستانێکی زۆرە، لەم بارەیەوە مامۆستا زۆیا ڕوونیکردەوە کە، دانیشتن بۆ ماوەی ٨ بۆ ٩ کاتژمێر کارکردن و بەردەوام تەماشاکردنی کۆمپیوتەر دەبێتە هۆی دروستکردنی هێزێکی زۆر بۆسەر فەقەراتی پشت و مل، بە پێویستیشی دەزانێت لە ماوەی هەر کاتژمێرێکدا پشوویەک وەربگیرێت یاخود هەندێک وەرزشی ئاسان هەیە ئەنجامی بدەیت.

 

لە کۆتایدا وتی: یەکێک لە سەرەکیترین ڕێگەکان بۆ ڕێگەگرتن لە ئازاری جەستە دابەزاندنی کێشە، چونکە هێزێکی زۆر دەکەوێتە سەر قاچ و پشتیان، باشترین وەرزش ئەگەر کەسەکە کێشی کەمیش بێت دروستکردنی ماسولکەیە، چونکە ئەو ماسولکانە جەستەی مرۆڤ بە بەهێزی دەهێڵنەوە"، داوا لە هەموو هاوڵاتیان دەکات گرنگی بە وەرزشکردن بدەن لەپێناو مانەوە بە جەستەیەکی تەندروستەوە.