نەخۆشخانەی هیوا؛ لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢١٢ منداڵ تووشی شێرپەنجە بوون

شێرپەنجەی منداڵ دووەم هۆکاری مردنە لە منداڵانی خوار تەمەن یەک ساڵ، لە هەرێمی کوردستانیش حاڵەتەکان تۆمار کراون و لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە نەخۆشخانەی هیوا "٢١٢" حاڵەتی نوێ تۆمار کراوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- شێرپەنجە یەکێکە لە نەخۆشیە کوشندەکان کە بەرۆکی هەموو جیهانی گرتووە، دووەم هۆکاری مردنە لە منداڵی خوار تەمەن ١ ساڵ لە دوای ڕووداو و بەرکەوتن، ڕێژەی تووشبوونی شێرپەنجە لە منداڵی خوار تەمەن (١-٣ ساڵ) و (٩ ساڵ زیاتر) بەرزە.

 

ساڵانە ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە منداڵاندا ڕوو لە زیادبوونە، بۆیە ١٥ی شوباتی هەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەی منداڵ دیاریکراوە و لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکان لە نەخۆشی شێرپەنجەی منداڵ و دڵخۆشکردنی ئەو منداڵانەی تووشبووی ئەم نەخۆشیەن.

 

هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕێژەی تووشبووانی لە زیادبووندایە، بە هۆی کەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی چارەسەری پێویست دۆخی منداڵان سەختە، بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە منداڵاندا ٢٣٢ حاڵەت و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢١٢ حاڵەت لە نەخۆشخانەکەدا تۆمار کراوە.

 

ئەم ئامارە لە جیهاندا بەشێوەیەکی دیکە و کە نەخۆشییەکە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی منداڵان و هەرزەکاران لە سەرانسەری جیهاندا، ساڵانە نزیکەی ٤٠٠  هەزار منداڵی تەمەن ٠-١٩ ساڵ تووشی شێرپەنجە دەبن، نزیکەی ١١٠ هەزار منداڵ بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە وڵاتانی پێشکەوتوو زیاتر لە  ٪٨٠ی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە چاک دەبنەوە، بەڵام لە زۆرێک لە وڵاتانی هەژارنشین و مامناوەند ڕێژەی چاکبوونەوە نزیکەی ٪٢٠ دەبێت.

 

 جۆرەکانی شێرپەنجە لە منداڵاندا

جۆرەکانی شێرپەنجە کە زۆرترین جار لە منداڵاندا ڕوودەدەن، جیاوازن لەوانەی کە لە گەورەکاندا دەبینرێن، باوترین شێرپەنجەی منداڵان وەک، شێرپەنجەی خوێن، بریتین لە شێرپەنجەی مۆخی ئێسک و خوێن، باوترین شێرپەنجەی منداڵن، نزیکەی ٪٢٨ی هەموو شێرپەنجەکانی منداڵان پێکدەهێنن، باوترین جۆرەکانی وەک، شێرپەنجەی خوێنی توندی لیمفۆسایتی ALL) )و شێرپەنجەی خوێنی توندی مایلۆید ((AML .

 

وەرەمی مێشک و بڕبڕەی پشت، دووەم شێرپەنجەی باوی منداڵانە کە نزیکەی ٪٢٦ی شێرپەنجەکانی منداڵی پێکدەهێنن، زۆربەی وەرەمەکانی مێشک لە منداڵدا لە بەشەکانی خوارەوەی مێشکەوە دەستپێدەکات، وەکو مێشکچکە یان بنەچەی مێشک.

 

دەمارەبلاستۆما، لە فۆرمەکانی سەرەتایی خانە دەمارییەکان دەستپێدەکات لە کۆرپە و منداڵی بچووکدا و نیشانەکانی زیاتر لە سکدا دەبینرێت، نزیکەی ٦٪ شێرپەنجەکانی منداڵ پێکدەهێنێت، هەروەها وەرەمی ویلمز، لە یەک گورچیلە، یان بە دەگمەن هەردوو گورچیلە دەستپێدەکات، زۆرترین جار لە منداڵانی نزیکەی ٣ بۆ ٤ ساڵدا دەبینرێت، وەرەمی ویلمز نزیکەی٪٥ی شێرپەنجەکانی منداڵی پێکدەهێنێت.

 

 لیمفۆما، لەوانەش هەردوو هۆدجکین و دژە هۆدجکین، لە خانەکانی سیستەمی بەرگریدا دەستپێدەکات، ڕابدۆمیۆسارکۆما، لەو خانانەدا دەستپێدەکات کە گەشەکردیان ئاساییە، نزیکەی٪٣ی شێرپەنجەکانی منداڵی پێکدەهێنێت، ڕێتینۆبلاستۆما، نزیکەی٪٢ی شێرپەنجەکانی منداڵی پێکدەهێنێت، بەزۆری لە منداڵانی دەوروبەری تەمەنی ٢ ساڵیدا ڕوودەدات.

 

شێرپەنجەی ئێسک، لەوانەش ئۆستیۆسارکۆما و ئیوینگ سارکۆما، زیاتر لە منداڵی گەورەدا ڕوودەدات، نزیکەی٪٣ی شێرپەنجەکانی منداڵان پێکدەهێنن.

 

نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە منداڵاندا

چەند نیسانەیەک دەریدەخات کە منداڵ تووشی شێپەنجە بووە وەک، ئەگەر منداڵەکە تای هەبێت و ماوەی ١٤ ڕۆژ تاکەی بەردەوام بێت، ڕشانەوەی بەردەوام کە لە ٧ ڕۆژ زیاتر بێت، خەوی زۆری لە ڕۆژدا و کەم خەوی لە شەودا، هەبوونی سەرئێشەی هێواش و قورسبونی بە پێی کات کە ببێتە هۆی کێشە لە ڕۆشتنیدا و دواتر گۆڕانی ڕەفتاری منداڵەکە.

 هەبوونی ئازاری ئێسک و ماسولکە کە دوای وەرگرتنی دەرمان بۆ ەند هەفتەیەکیش نیشانەکانی هەر مابێت، کێشەی هەناسەدانی بۆ دروست دەبێت، هەبووونی ئازر لە دەوری کەمەر، نەمانی ئیشتیها، گەورەبوونی جگەر، دابەزینی کێش، دروستبوونی کێشەی بینین، بوونی غودەی دەرەکی لە گەردنی منداڵەکە.

 

هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە منداڵدا

چەند هۆکارێک وا دەکات منداڵ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببێت وەکو هۆکاری، بۆماوەیی، فیزیایی وەکو تیشکی سەرو بەنەوشەیی و تیشکە زیان بەخشەکانی دیکە، بایۆلۆجی وەکو ئەو ڤایرۆسانەی دەبنە هۆی نەخۆشی جگەری جۆری B w C، هەبوونی گرێی ڕەقی نائاسایی لە لەشی منداڵدا، ماددە کیماییەکان وەکو ئەو ماددە زیان بەخشانەی لە جگەرەدا هەیە، ماددەی ئەفلاتۆکسین لە خواردندا هەیە، ماددەی زەرنیج لە ئاودا هەیە، زیادبوونی کێش.

 

چۆنێتی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی منداڵی

نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی، چارەسەری بەرگری، چارەسەری تیشکی، چاندنی مۆخی ئێسک/چاندنی خانە بنەڕەتییەکان، کاریگەرییە جەستەیی و سۆزداری و کۆمەڵایەتییەکانی شێرپەنجە لە ڕێگەکانی ڕزگاربوونە لە نەخۆشی شێرپەنجە لە منداڵدا.