خواردنەوەی چا کاری کۆئەندامی مێشک و دەمار چالاک دەکات

خواردنەوی چا هەرچەندە سودی زۆری هەیە، لە هەمان کاتدا زیادەڕەوی لە خواردنەوەیدا زیانی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنەێت.

ناوەندی هەواڵ

 

چا، گروپێکی دژە ئۆکسانی تێدایە کە پێی دەوترێت فلاڤۆنۆید، کە ئەم ماددەیە لە سەوزەوات، میوە و شوکولاتەی ڕەشدا هەیە و سودی تەندروستی گرنگی بۆ دڵ هەیە، چا چەند جۆرێکی هەیە وەک، چای سەوز کە زۆرترین سوودی هەیە، چای ڕەش، چای سپی، چای زەنجەبیل، چای کەرکەدێ "جۆرێکی گوڵە دەکرێت وەک چا بخورێتەوە"، چای تی ستیک، چای ئۆلۆنگ.

 

چا بە خواردنەوەیەک هەژمار دەکرێت کە زۆرترین بەکارهێنەری هەیە لە دوای ئاوەوە، شوێنی بنەڕەتی چاندنی چا ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، بەڵام زۆرترین ئەو وڵاتانەی کە چا بەرهەمدێنن وەک، چین، سیلان، هیند، ئەندەنوسیا، ژاپۆن، چاندنی چا پێویستی بە کەشێکی گەرم و هەوای شێدار و بارانێکی زۆر هەیە، بە سەوزی گەڵەکانی لێدەکرێتەوە بە دەست و وازی لێدەهینرێت تا وشک دەبێتەوە.

 

خواردنەوەی چا تێکەڵ بە کولتوور بووە

خواردنەوەی چا لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا وەک کولتوورێکی لێهاتووە، کە هەر کۆمەڵگە و بە شێوازێک بەکاریدەهێنێت بۆسوود وەرگرتن لێی، بەڵام زیادەڕەوی لە بەکارهێنانیدا زیان بە جەستە دەگەیەنێت.

 

بۆ جیاکردنەوەی چای ساختە و چای ئەسڵی دەبێت سەرەتا چاکە بکەینە ناو ئاوەوە، ئەگەر زوو ڕەنگی دایەوە و ڕەنگی چایەکە تۆخ بوو، ئەوا ساختەیە، ئەگەر درەنگ ڕەنگی دایەوە و ڕەنگی چایەکە کاڵ بوو، ئەوا چایەکی تەندروستە.

 

چا چەند تامێکی هەیە وەک، گوڵی "دەناسرێتەوە بە بۆن خۆشی"، پرتەقاڵی "هەرچەندە پەیوەندی بە پرتەقاڵەوە نییە"، بیکۆ لە چینەوە دێت و ناسراوە بە تامە تیژەکەی، چای نەرم "لە گەڵای وردی نەرم دروست دەکرێت و ڕەنگێکی ئالتونی هەیە".

 

بۆ لێنانی چایەکی تەندروست دەبێت سەرەتا ئاوەکە بکوڵێت و بەشێک لە ئاوەکە ببێت بە هەڵم، ئینجا چایەکە بکەینە ناوی یان چایەکە دابنێین و ئاوە کوڵاوەکە بکەین بەسەر چایەکەدا، نابێت بە هیچ شێوەیەک چا بخەینە سەر ئاگر، چونکە مادە کیمیایەکانی ناوی کارلێک دەکەن و بەمشێوەیەش چایەکی ناتەندروست دەردەچێت، هەروەها باشتر وایە چا لە قۆری شوشە یان سیرامیکا لێبنرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ماددە ستیلەکان و فافۆنەکان کارلێک نەکات.

 

چا نابێت بە هیچ شێوەیەک بدرێت بە منداڵ تا تەمەنی ٥ ساڵ، هەروەها بۆ ژنانیش نابێت بە خەستی و بە ڕێژەیەکی زۆر چا بخۆنەوە.

 

سوودەکانی خواردنەوەی چا و خۆبپارێزین لە زیانەکانی

خواردنەەوەی چا چەند سوودێکی گرنگی هەیە، ئەگەر زیادەڕەوی نەکرێت لە خواردنەوەیدا لەوانەش، وەک هێورکەرەوە بەکاردێت، خواردنەوەی چا ئەو تینوێتیە دەشکێنیێت کە لە دوای خواردنی ژەمێکی سوێر تووشمان دەبێت، بەڵام دەبێت ٤٠ خولەک دوای خواردنەکە چایەکە بخۆیتەوە، کاری کۆئەندامی مێشک و دەمار چالاک دەکات، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ کەمدەکاتەوە، شەکری خوێن دادەبەزێنیت، ڕێگری دەکات لە قەڵەوی، پرۆسەی هەرس خێرا دەکات و ڕێگری دەکات لە لەبیرچوونەوە-زهایمەر، ڕێگرە لە هەوکردنی کڕکڕاگەکان.

 

پێویستە خۆمان بپارێزین لە خواردنەوەی چای خەست، باشتر وایە ٣٠ بۆ ٦٠ خولەک دوای نان خواردن چا بخورێتەوە، لە ڕۆژێکدا زیاتر لە ٣ بۆ ٥ کوپ چا نەخورێتەوە، پێویستە خۆمان بە دوور بگرین لە خواردنەوەی چای زۆر گەرم، باشترین چا بۆ خواردنەوە ئەو چایانەن کە شیرین نەکراون یان بە شیرینی ناخورێنەوە.

 

زیانەکانی زۆر خواردنەوەی چا

خواردنەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە چا زیانی بۆ تەندروستی دەبێت و دەبێتە هۆی کەم خوێنی، خواردنەوەی چا بە گەرمی ڕێگەیەکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچک، دەبێتە هۆی کەم هەڵمژینی ئاسن، بێخەوی، دڵەڕاوکێ، ڕەشبوونەوەی ددانەکان، کلۆربوونی ددانەکان و زیان بە مینای ددان دەگەیەنێت، ئێسک لاواز دەکات و دەبێتە هۆی وشکبوونی پێست و تووشی سەر ئێشەت دەکات.