لە دیواندەرە پزیشکی پسپۆڕ و کەرەستەی پزیشکی پێویست نییە

کەمی پزیشک و نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ یەکێکە لە سیاسەتە بە ئەنقەستەکانی ڕژێم بۆ زەوتکردنی شارە سوننەییەکان لە کەمترین مافی هاوڵاتیان.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- شاری دیواندەرە و زۆرێک لە شارەکانی دیکەی کوردستان کە لە شاری سنە و دەوروبەرین، ڕووبەڕووی قەیرانی کەمیی پزیشکی پسپۆڕ بوونەتەوە، لە ماوەی ڕابردوودا، هاوتەریب بە جێبەجێکردنی پلانی گۆڕینی سیستەمی تەندروستی، پلانی هاندان لەبەرچاو گیرا بۆ مانەوەی پزیشکانی پسپۆڕ لەو بوارانەی کە حکومەت لێیان بێبەشی کردوون لە ناوچەکەدا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٧ ساڵ بەسەر ئەو پلانەدا، بەڵێنەکان لەبیرکران، شارەکانی کوردستانیش ڕووبەڕووی كێشەی کەمی پزیشکی پسپۆڕ بوونەتەوە.

 

لە دیواندەرە ژمارەی پزیشکانی پسپۆڕ و تەنانەت پزیشکی گشتی زۆر کەمە، پێداویستییەکانیش لە نەخۆشخانەی خومەینی هێندە کەمە، کە تەنانەت بۆ پشکنینێک دەبێت نەخۆش بچێتە یەكێک لە شارەکانی دراوسێی، وەک سنە و سەقز، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم سەنتەرە پزیشکییە نەبوونی پزیشکی پسپۆڕە لە بەشە جیاوازەکانئ وەک پزیشکی ئێسک و دڵ و چاو و..هتد.

 

"بەهۆی نەبوونی پێویستییەوە نەخۆشەکان ڕوودەکەنە شارەکانی تر"

سەمیرە لوتفی، یەکێکە لە سەردانیکەرانی ژووری فریاکەوتنی دیواندەرە دەڵێت: زۆربەی قوربانیانی ڕووداوەکان لە دیواندەرە بۆ سنە ڕەوانە دەکرێن، بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕی ئێسک لە شارەکەدا، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لە ڕێگای دیواندەرە-سنەدا ڕووداوێکم بەسەردا هات و لە چەند شوێنێکی جەستەمدا تووشی برینداربوون و شکان بووم، بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکاوی، ڕەوانەی سنە کرام و لەوێ چارەسەرم وەرگرت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمڕۆ لێرەم بۆ چەند پشکنینێكی بچوک، بەهۆی ئەوەی کە ئەم ڕێگایە زۆر قەرەباڵغ و مەترسیدارە و ڕووداوی زۆر ڕوودەدات، پێویستە پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکاوی لە دیواندەرە دابنرێت، چونکە زۆربەی بریندارەکان لە ڕووداوەکاندا تووشی شکان دەبن و ناچارن ڕووبکەنە سنە.

 

ژاڵە ئەحمەدی، نەخۆشێکی دیکەیە و دەڵێت: کلینیکی پزیشکانی دیواندرە تەنها یەک پزیشکی ژنانی هەیە بۆ شارەکە و دەوروبەری، پێشتر ئێمە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ناومان تۆمار دەکرد بۆ چاوپێکەوتن، ڕۆژانە ١٠ کەس وەردەگیرا و هەرچۆنێک بێت دوای هەفتەیەک سەرەمان بەردەکەوێت، ئەمڕۆ کە چوومە لای پزیشکەکەم وتیان کە تەنها ژنانی دووگیان دەبینن و دەبێت پاشنیوەڕۆ بچیتە نووسینگەی پزیشک بۆ وەرگرتنی کات.

 

غەزەل ژنێکی دیکەیە و دەڵێت: ئەمڕۆ من و هاوژینەکەم بەپەلە لە گوندی باغچەلێوە هاتین بۆ دیواندرە بۆ ئەوەی کچەکەم ببەین بۆ لای پزیشکی مناڵان کە تایەکی ٣٨ پلەی سەدی هەیە، بەڵام کە گەیشتم هیچ کەسێک لەوێ نەبوو، سکرتێرەکەش وتی لە ئێستادا پزیشکی پسپۆڕی مناڵانمان نییە، منداڵەکانتان ببەن بۆ سنە، چونکە پزیشکان دەڵێن مووچەکانمان نادەنێ و ئێمەش ئامادە نین بچینە سەر کار.

 

غەزەل بە ئاماژەدان بەوەی کە لە بەشی تازەلەدایکبوواندا تەنانەت قەرەوێڵەی پێویست نییە، بە شێوەیەکی ئاسایی خەڵک ناچارە بچنە سنە و سەقز و تاران، وتیش: لە بەشی چاودێری چڕ لە دیواندەرە تەنیا دوو قەرەوێڵە هەیە، ئەگەر ئەم دوو قەرەوێڵەیە پڕ ببێت، خەڵک چی بکەن؟ ئێمە ساڵانێکە ناچار بووین بچینە شارەکانی دوور و نزیک بۆ ئەوەی دەستمان بگات بە دامەزراوەی چارەسەری گونجاوتر و کاریگەرتر.

 

شاری سنە بە ژمارەی دانیشتووانی ملیۆنان کەس شارێکە، کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی کەمیی پزیشک بووەتەوە لە هەموو بوارەکاندا، ئەم کارەساتانەی لەم شارانەدا ڕوودەدەن، سیاسەتی بە ئەنقەستی حکومەتی ناوەندگەرایە بۆ زەوتکردنی کەمترین مافی هاوڵاتیبوونی خەڵکی ستەملێکراو.

 

بەکورتی ڕەنگە زۆربەی هاووڵاتیانی کورد خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی بیانگرێتەوە، بەڵام هێشتا دەستیان بە خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکان نەگەیشتووە، دەبینین نەخۆش لە شارە کەم دەرامەتەکانەوە دێنە شارە گەورەکان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری و چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی کە پزیشکێکی پسپۆڕی لە شارەکەیاندا نییە.

 

ئەو گەلانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدان بە گشتی دوورن لە پەیڕەوکردنی پلان و سیاسەتەکانی گەشەپێدان، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتییان، ئەم دۆخەش لەناو گەلانی ستەملێکراوی دیکەدا چڕتر بووەتەوە.