بەکارهێنانی ئینتەرنێت بە شیوەیەکی زانستیانە تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەمدەکاتەوە

توێژینەوەیەک ئاشکرایدەکات، ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی زانستی ئینتەرنێت بەکاردەهێنن مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە کەمترە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژەرانی کۆلێژی پزیشکیی کۆمەڵ لە زانکۆی نیویۆرک کە تێیدا ۱۸ هەزار هاووڵاتی تەمەن ٥۰ بۆ ٦٥ ساڵ بۆ ماوەی دوو ساڵ بەشداریان تێدا کردووە ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی ڕۆژانە گەڕان بەدوای زانیارییەکانی ناو ئینتەرنێت، ناردنی ئیمەیڵ و نووسین بە کیبۆردیان ئەنجامداوە، درەنگتر تووشی لەبیرچوونەوە و ناڕێکییە دەمارییەکانی مێشکیان بوون.

 

دکتۆر گاون چۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە وتویەتی: تێبینیمان کرد ئەوانەی بەشێوەیەکی نازانستی و بۆماوەیەکی زۆر ئینتەرنێتیان بەکارهێناوە زیاتر نیشانەکانی لەبیرچوونەوەیان لەسەر دەرکەوتووە، ئەو بەشداربووانەی نیشانەکانی لەبیرچوونەوەیان لەسەر دەرنەکەوتبوو بە شێوەیەکی سنووردار و زانستییانە ئینتەرنێتیان بەکارهێناوە.

 

بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، ڕۆژانە بەکارهێنانی زیاتر لە شەش کاتژمێر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە زیاددەکات، هەروەها کەسانی سەروو ٤٥ ساڵ مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاترە.