درامای بیانی و تۆڕی کۆمەڵایەتی هۆکارن بۆ زۆربوونی منداڵانی ئۆتیزم و کەم گەشەکردوو
ڕێژەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئۆتیزم و کەم گەشەکردوو لە زیادبووندایە و مامۆستایان و پەروەردەکارانی دەروونی هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ هاتنی تەکنەلۆژیا و بینینی درامای بیانی.
هەڵەبجە
سوران حەمە فەرەج، بەڕێوەبەری سەنتەری پێشوەختەی تایبەت لە هەڵەبجە وتی: ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی منداڵانی خاوەن پێداویستی زیاد دەبێت و هۆکارەکان خواردن نین بە تەنها، بەڵکو توێژینەوەکان زۆر هۆکاری دیکە دەخەنەڕوو، ئەویش بەشێکیان تۆڕی کۆمەڵایەتی و دراما و کاریگەری چەکە کیمیاییە بەکارهێنراوەکانە.
هەڵەبجە بە هۆی شەڕی سیاسی و کیمیابارانەوە ڕێژەی منداڵی خاوەن پێداویستی زیاترە
سوران حەمە فەرەج ئاماژەی بەوە کرد لە سەنتەرەکەیاندا ڕۆژانە چەندین منداڵان ڕوویان تێدەکەن، کە بەرکەوتەی هۆکارێکی ژینگەی دەوروبەریانن بۆ بوونیان بە خاوەن پێداویستی و وتی: هەڵەبجە بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوودا کیمیاباران کراوە، کاریگەری ئەو کیمیاییە تا ئێستا ماوەتەوە و ڕێژەی نەخۆشی لەناو منداڵاندا زیاترە، بە جۆرێک منداڵی خاوەن پێداویستیمان هەیە، کە لە کاتی کیمیابارانەکەدا، دایکی خۆی لە سکی دایکیدا بووە، بەڵام تا ئەم نەوەیەش کاریگەری چەکی کیمیایی ماوەتەوە، هەروەها بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی نادروست هۆکارێکی ترە، چونکە لە منداڵییەوە منداڵ لەگەڵ ئامێرێکی ڕەنگدار و دەنگداری بێ هەست هەڵسوکەوت دەکات و شتە گرنگەکانی ژیانی فێر نابێت.
دراماکان و تێکەڵ کردنی زمانی بێگانە هۆکارێکی ترن بۆ زیادبوونی ڕێژەی منداڵانی خاوەن پێداویستی
نیشتمان جەمیل، پەروەردەکار، کە ڕۆژانەی خۆی لەگەڵ منداڵی ئۆتیزم و ناگوفت و نابیست بەسەردەبات، وتی: لە ئێستادا هۆکاری زیادبوونی ئەو ڕێژە زۆرەی منداڵانی ئۆتیزم کاریگەری تەکنەلۆژیایە، کە کاریگەرییەکەی وادەکات زۆر زیاتر دوابکەوێت لە قسەکردن و بیستن و جوڵەی ناسروشتیشی هەبێت.
باسی لە سیستمی تەندروستی کرد، کە پزیشکان تا ئاستێکی بەرز زانیارییان لە بارەی هۆکارەکانەوە نییە و ئەو منداڵانەی دواکەوتوون لە گەشەکردن دەیانخەنە ژێر دەرمانەوە، وتیشی: قسە نەکردنی منداڵان و دانەنیشتن هۆکارەکانی دیارن و نابێت پزیشکەکان دەرمان بۆ بۆ قسە کردنی منداڵ بنوسن، ئەمە لە دنیادا شتی وا نەبووە.
ئەم مامۆستا پەروەردەکارە گلەیی لە پزیشکان هەیە و دەڵێت: ناکرێت منداڵ قسەی نەکرد یان جوڵەی زۆر بوو یان بیرکۆڵ بوو، بێیت بە شروب و دەرمان چارەسەری بۆ بنووسی، بەڵکو دەبێت بە ڕاهێنانی تایبەت و وردەکاری زۆرەوە هەوڵی لەگەڵدا بدرێت، هەروەها هاتنی درامای بیانی و تێکەڵبوونی زمان دیاردەیەکی ترە و لە ئێستادا زۆربەی منداڵان زمانی دایکیان بیرچووەتەوە و بە زمانەکانی تر دەبیستن و فێری قسە نابن.
جێی ئاماژەیە، لە هەڵەبجە دوو سەنتەر هەیە بۆ ڕاهێنانی ئۆتیزم و بە هۆی تەکنەلۆژیا و ئامێری پەیوەندی و کاریگەری چەکی کیمیاییەوە، ڕێژەی منداڵی خاوەن پێداویستی لە شارەکە ڕوو لە زیادبوونە.