ڕژێنی پەریزادە دەبێتە هۆی کەم توانایی و هیلاکی

ڕژێنی پەریزادە تێکچوونی هۆڕمۆنییە و چالاکییەکانی جەستە دەشێوێنێت، لە زۆربەی بارەکاندا دەبێتە هۆی کەم خەوی و ڕووتانەوەی قژ، کێشی لەش زیاد دەکات و چارەسەرییەکەی بەپێی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕژێنی پەریزادە (غودە) شێوەیەکی پەپولەیی هەیە و ڕەنگی قاوەییەکی سورباوە، شوێنەکەی لە جەستەی مرۆڤدا دەکەوێتە بەردەم بۆری هەوا لە ملدا و گلاندەکانی تێدایە، بەرپرسیارن لە دەدرانی هۆرمۆنی سایرۆید، ئەو دەردراوانەی کە ئەم ڕژێنە دەریدەدات ڕاستەوخۆ دەچێتە خوێنەوە بە بێ ئەوەی ڕەوانەی هیچ خانەیەکی دیکە بکرێن لە جەستەدا.

 

ڕژێنی پەریزادە بۆماوەییە و لە باوانەوە بۆ منداڵەکان دەگوازرێتەوە، کە دوو جۆری هەیە، ئەوانیش کەم دەردانی ڕژێنی پەریزادە (ناچالاک) و زۆر دەردانی ڕژێنی پەریزادە (چالاک)ن.

 

کەم دەردانی ڕژێنی پەریزادە (ناچالاک)؛ ئەوەیە، کەسەکە ئەم رژێنەی جەستەی بە پێی پێویست هۆرمۆنی سایرۆید دەرنادات، نیشانەکانی ئەمانەن؛

- بەردەوام هەست بە ماندوێتی کردن

- هەست کردن بە سەرما هەرچەند کەشیش گەرم بێت

- هەستکردن بە خەمۆکی

- قەبزی

- دروستبوونی ئازار لە ماسولکەکاندا

- ‌هەڵئاوسانی پێست

- هەستکردن بە خوراندن لە دەست و پێیەکاندا

- کەمی توانایی و هیلاک بوون

- گرژبوون و گڕبوونی دەنگ، بە هۆکاری ئەوەی ئەم دوو ڕژێنە لەسەر بۆری هەوای قورگن

- زیادبوونی کێشی لەش

- گۆڕانی سوڕی مانگانە

- کەم خواردنی ئەو خۆراکانەی یۆد لە پێکهاتەیاندا هەیە

- زۆر خەوتن

- وشکبوونی پێست و قژ

 

زۆر دەردانی ڕژێنی پەریزادە (چالاک)؛ ئەوەیە کە کەسەکە ئەم ڕژێنەی جەستەی زیاد لە پێویست هۆرمۆنی سایرۆید دەردەدات و نیشانەکانی ئەمانەن:

- کێش دابەزین

- هەستکردن بە گەرما هەرچەند کەشیش سارد بێ

- ئارەق کردنەوەی زۆر

- لێدانی دڵ بەپەلە

- دەست لەرزین

- هەناسەتەنگی

- دڵەڕاوکێ و تووڕە بوون

- سکچونێکی کەم

- قژ ڕووتانەوە

- کەم بوونەوەی خەو

- کەم بوونی خوێن و گۆڕانی سوڕی مانگانە

 

چارەسەری ڕژێنی پەریزادە

لە هەردوو حاڵەتی تووشبوون بە ڕژێنی پەریزادە دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت لەو بوارەدا، بۆ دەستنیشانکردنی جۆری نەخۆشییەکە و وەرگرتنی چارەسەر لە ڕێگەی دەرمانێک، کە دەبێت بە جێگرەوەی ئەو هۆرمۆنەی ڕژێنی پەریزادە دەریدەدات، لە هەندێک حەڵەتیشدا پزیشک چارەسەری نەشتەرگەری بۆ تووشبوو دادەنێت.