تێگەیشتن لە پێکهاتە و شێوازی بەکارهێنانی دەرمان، هۆکارە بۆ چارەسەری خێراتر

بەکارهێنانی دەرمان، لای زۆرینەی هاوڵاتیان بووەتە شتێکی ئاسان، زۆرینەیان زانیارییان لەبارەی دەرمانەکەوە نییە تەنها ئامانجیان باش بوونە بە ڕێگای خێرا، گرنگی بەوە نادەن کاریگەری خراپیان لەسەر جێدەهێڵێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بەکارهێنانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دوورە لە شێوازەی زانستی، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان نازانن پێکهاتەی دەرمانێک چییە و پێویستە چۆن هەڵبگیرێت و بەکاربهێنرێت بەڵام بەکاریدەهێنن، هەندێکیان خویان بە بەکارهێنانی دەرمانەوە گرتووە بە تایبەت دەرمانە ئازار شکێنەکان، کە بەرگری جەستەی مۆرڤ کەمدەکاتەوە.

 

هەرێز عوسمان، وەک پزیشکێکی دەرمانساز ڕوونیکردەوە، کە خودی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە، دەگۆڕدرێت بە پێی جۆری نەخۆشییەکە، هەندێک هەن دژە زیندەگین و تایبەتن بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بە پێچەوانەوە هەندێکی دیکە تایبەتن بە نەخۆشییە کاتییەکان.

 

پێکهاتەی دەرمان پشت بە ڕەگەز دەبەستێت؟

لە وەڵامدا ئەو پزیشکە دەرمانسازە وتی: "بە پێی جۆری نەخۆشییەکە ڕەگەز لە دەرماندا جیادەکرێتەوە ئەگەرنا بە شێوەیەکی گشتی ژن و پیاو جیاناکرێتەوە، بۆ نمونە دەرمانی ژنی دووگیان پێکهاتەکەی تایبەت بۆ ژن دروستکراوە، یاخود دەرمانی نەخۆشییەکانی پڕۆستات تایبەت بە پیاوان دروستکراوە، کاتێک ئەم دەرمانانە تایبەت بە یەک ڕەگەز دروستدەکرێن لە کاتی دروستکردنیاندا تەنها توێژینەوە لەسەر ئەو ڕەگەزە دەکرێت کە دەرمانەکەی بۆ دروستدەکرێت".

 

"بۆ دروستبوونی دەرمان سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت"

هەرێز عوسمان ئاماژەی بە قۆناغەکانی دروستبوونی دەرمان کرد تا دەبێتە پێکهاتەیەک بۆ مرۆڤ گونجاو بێت، ئەویش سەرەتا تاقیکردنەوەیەکی لەسەر ئاژەڵ، دواتر بە سێ قۆناغدا دەڕوات پاشان دەکرێتە بازاڕەکانەوە، بۆ هەر قۆناغێک لەسەر ژمارەیەک هاوڵاتی توێژینەوەکەی لەسەر ئەنجام دەدرێت و دەرئەنجامەکان وەردەگیرێن.

 

"دەرمان بە پێی پێکهاتەکەی، جۆرەکەی و دۆزەکەی دەگۆڕدرێت"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو دەرمانسازە باس لەوەدەکات کە دەرمان هەیە دۆزێکی بە کەپسولە دۆزێکی بە شروبە، ئەمەش پشت دەبەستێت بە بەکارهێنەرەکەی بۆ نمونە منداڵ ناتوانێت کەپسول بخوات بۆیە شروبی بۆ بەکاردێت، یاخود ئەو کەسانەی تەمەنیان هەیە، توانای قوتدانی کەپسولیان نییە بۆیە شروب یاخود شافیان بۆ بەکاردێت، "باشی و خراپی دەرمانیش پشت بە جۆرەکەی نابەستێت، ئەوانەی پێیان وایە دەرزی یاخود کەپسول و شروب یەکێکیان باشترینە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیان هەیە، چونکە بەکارهێنانی ئەو جۆرە جیاوازانە پشت بە جۆری نەخۆش و کەسەکە دەبەستێت".

 

بەکارهێنانی دەرمان پشت بە جۆری نەخۆشییەکە دەبەستێت، کاتێک کەسێک تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن دەبێت پێویستی بە دەرمانە بە شێوەی درێژخایەن بەکاریبهێنن وەک شەکرە و زەخت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نابێت زۆر لەسەر ئەو دەرمانانە بەردەوامی هەبێت کە کاتین یاخود ئازار شکێنن.

 

"کۆمەڵگا هۆشیار نییە لە بەکارهێنانی دەرمان بە شێوەیەکی زانستی"

بەکارهێنانی دەرمان بەبێ ڕەچەتەی پزیشک زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، هەرێز عوسمان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگا هۆشیار نییە سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمان بە شێوەیەکی زانستی، بە تایبەت دەرمانە دژە زندەگییەکان کە بەبێ گەڕانەوە بۆلای پزیشکی پسپۆڕ بەکاردەهێنرێت، چونکە جەستەی کەسەکە لەسەر ئەو دەرمانە بەرگری نامێنێت، یەکێکی دیکە لە دەرمانە باوەکان دەرمانی ئازارشکێنن کە بە شێوەیەکی نازانستی بەکاردێت.

 

"بەپێی جۆری دەرمانەکە پێویستە شێوازی هەڵگرتنەکەی بگۆڕدرێت بۆ نمونە، ئەو دەرمانەی لەسەری نووسراوە ٢٥-٣٠ پلە واتە پێویستە لە پلەی گەرمی ژووردا هەڵبگیرێن، وەک تاکێک یاخود شوێنێکی بەرز بۆ ئەوەی منداڵ دەستی پێنەگات، یان دەرمان هەیە لەسەری نووسراوە ٢-٨ پلە کە ئەمە دەبێت لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت، نەک هەموو دەرمانێک لە یەک شوێندا هەڵبگیرێت، دەبێتە ئەرکی دەرمانساز و پزیشکیش کە زانیاری بدەنە نەخۆش".

 

هەبوونی ڕەچەتەی دەرمان بە زمانی کوردی بەشی زۆری کێشەکان چارەسەر دەکات

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دەرمان ئەوەی گرنگە هەبێت بوونی ڕەچەتەی دەرمانە بە زمانی کوردی بۆ ئەوەی بەشی زۆری هاوڵاتیان لێی تێبگەن، پزیشک هەرێز لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوەدا، کە لە ئێستادا دوو کۆمپانیای دەرمان هەیە لە هەرێمی کوردستان "پایۆنێر و ئاوامیدیکا"، کە ڕەچەتەکانی ئەو دەرمانانەی بەرهەمیدەهێنن کوردییە.

 

لە کۆتایدا هەرێز عوسمانی دەرمانساز، وتی: "ئەو دەرمانانەی هاوردە دەکرێن و دروستکەری ناوخۆ نین و ڕەچەتەکانیان کوردی نییە، پێویستە لەیبڵ بۆ ئەم دەرمانانە دروستبکرێت و هەموو زانیارییەکان وەک تێبینییەک لەسەر دەرمانەکە بنووسرێت، کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی هیوا جێبەجێ دەکرێت".