نیشانەکان و هۆکارەکانی ناڕێکی لێدانی دڵ چییە؟

ڕەنگە خووی خراپ ببێتە هۆی دروستبوونی ناڕێکی لە لێدانی دڵدا، وەک؛ جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحولی و خواردنی مادەی هۆشبەر

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی پزیشکی ڕووسی دێنیس سۆکۆلۆڤ، پزیشکی دڵ، ڕایگەیاندووە، لێدانی ناڕێکی دڵ لەگەڵ گۆڕانکاری لە ڕێکوپێکیی گرژبوونی دڵدا ڕوودەدات، ڕوونیشیکردووەتەوە، ڕەنگە مرۆڤ هەستی پێبکات لە شێوەی چەند نیشانەیەکدا، وەک: لێدانی دڵ، ناڕەحەتی لە ناوچەی سنگ، وەستانی دڵ، لاوازی، سەرگێژخواردن، تەنگەنەفەسی و لەدەستدانی هۆش.

 

ئەو پزیشکە باسی لەوەشکردووەم، ناڕێکی لێدانی دڵ هۆکارەکەی نەخۆشییەکانی دڵە و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دڵدا، کە چەند هۆکارێکی هەیە وەک؛ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، بوونی هەوکردن، کەموکوڕی زگماکی، نەخۆشی ماسولکەکانی دڵ و سڕبوونی ماسولکەکانی دڵ.

 

ئەو پزیشکە ڕوسییە ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەری هەیە دوای خواردنی هەندێک دەرمان ناڕێکی لێدانی دڵ ڕووبدات، هەروەها خووی خراپیش هەیە کە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی، وەک جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحولی و خواردنی مادەی هۆشبەر، هەروەها هەندێک جار بەرزی یان کەمی چڕیی پۆتاسیۆم یان مەگنیسیۆم و توخمە کانزاییەکانی تر لە جەستەدا ڕەنگە دەبێتە هۆی لێدانی دڵی ناڕێک.

 

لەناو ئەو هۆکارانەی تر کە ڕەنگە ببنە هۆی ناڕێکی لێدانی دڵ بریتین لە: نەخۆشیەکانی غودەی دەرەقی، نەخۆشییە بۆماوەییەکان، دابەزینی ئاستی شەکری خوێن، کێشی زیادە، کەمخوێنی بەهۆی کەمی ئاسن، ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان، بەرزی ئاستی کۆلیسترۆڵ و پووکانەوەی ئێسک.

 

دێنیس سۆکۆلۆڤ جەختی لەوە کردەوە، دەبێت هۆکاری ناڕێکی لێدانی دڵ لە سەرەتاوە دیاری بکرێت، پێش دەستپێکردنی چارەسەرکردن و ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ئەلکترۆکاردیۆگرام، هەروەها بۆ ئەوەی دەرمانی گونجاو بۆ چارەسەرکردن بنووسرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پزیشک شێوازی چارەسەرکردن دەنووسێت، بە پشتبەستن بە ئاستی نەخۆشیەکە، بەو پێیەی ڕەنگە ئەم کارە بە بەکارهێنانی دەرمان و دەرمانی گونجاو یان دەستێوەردانی نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت، یان ئامێرێک کە خێرایی دڵ ڕێکبخات، بەکاربهێنرێت.