لەبەر مەترسییەکانی خوێی ناو خواردنەکان کەم بکەنەوە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکیدا هۆشداری داوە، سۆدیۆم مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات و هۆکارە بۆ دروستبوونی جەڵتەی مێشک و مردنی پێشوەختە لە منداڵاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆر خواردنی خوێ پەیوەندی بە زیادبوونی نەخۆشییەکانی مرۆڤەوە هەیە و لە لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکیدا هۆشداری داوە، سۆدیۆم مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات و هۆکارە بۆ دروستبوونی جەڵتەی مێشک و مردنی پێشوەختە لە منداڵاندا.

 

بەگوێرەی ڕێکخراوەکە جیهان لە ڕێڕەوی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ٪٣٠ی سۆدیۆم تا ساڵی ٢٠٢٥ دیاریکردووە، بەو پێیەش دەتوانرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی ٧ ملیۆن کەس ژیانیان ڕزگار دەکرێت، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای گرتنەبەری سیاسەتی نوێ دەکات، لەوانەش "داڕشتنەوەی خۆراکەکان" بۆ ئەوەی خوێی کەمتریان تێدابێت.

 

گۆڕینی شێوازی ژیانی مرۆڤەکان

پزیشکان باس لەو دەکەن، خوێ دوژمنی ژمارە یەکی جەستەیە، ئەگەر بە زۆری بخورێت، کاردانەوەی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییەکانی دڵ و فشار و سییەکانەوە دەناڵێنن، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کەمکردنەوەی خواردنی خوێ بەشدارە لە پاراستنی ژیانی ملیۆنان کەس، هەروەها زیادبوونی نەخۆشی فشار-زەخت بەهۆی زیادبوونی چەوری و خوێ دێتەئاراوە، بەو پێیە کەمکردنەوەی ڕێژەی خوێ ڕێژەی تووشبوون بە فشار کەمدەکاتەوە.

 

پزیشکان دەڵێن، ڕەنگە کەسێک لە ١٥ڕۆژی یەکەمی وازهێنان لە خواردنی خوێ هەست بە ناڕەحەتی بکات، بەڵام دوای ئەم ماوەیە ئەم هەستە نامێنێت، خوێ چەندین خانەی ناو زمان دەکوژێت، کە تایبەتمەندن لە تامکردنی تامی جیاواز، هەر بۆیەش دوای وازهێنان لە خوێ، ڕۆڵی خانەکانی ناو دەم دەژییەتەوە.

 

جێی ئاماژەیە زیاتر لە ٪٧٥ی خواردنی مرۆڤ لە سۆدیۆم لە خواردنە قوتووییەکان و نان و پەنیرەوە سەرچاوە دەگرێت، لە کاتێکدا ٣٠٪ی تری سۆدیۆم لەو خۆراکانە دێت کە لە کاتی چێشت لێنان لە ماڵەوە بەکاریدەهێنین.