The Breadwinner... فیلمێک کە ترسی تاڵیبان لەسەر ژنان نیشان دەدات
فیلمی ”The Breadwinner” ”سەرۆک خێزان” ئەزموونێکی جیاوازی سینەمایی لە جیهانی ئەنیمەیشندا دەخاتە ڕوو، دوور دەکەوێتەوە لە قاڵبە نەریتییەکان تاوەکو چیڕۆکێکی مرۆیی دەرببارەی جەنگ، ستەم، مافەکانی ژنان و منداڵان پێشکەش دەکات.
ناوەندی هەواڵ
فیلمی ”The Breadwinner” لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکرایەوە، لە ڕۆمانێک بە هەمان ناو وەرگیراوە کە دیبۆرا ئیلیس، نووسەری کەنەدی نووسیویەتی، هەروەها نورا تۆمای، دەرهێنەری ئێرلەندی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، ڕووداوەکانی فیلمەکە لە پایتەختی ئەفغانستان (کابول) لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیباندایە، کە تێیدا منداڵێك بە ناوی بارفانا لەگەڵ خێزانەکەی لە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەژین، ژیانی ئەو بە تەواوی دەگۆڕێت دوای دەستگیرکردنی باوکی، کە نوێنەرایەتی سەرچاوەی سەرەکی پشتیوانی خێزانەکەی دەکرد.
لەگەڵ ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر هاتوچۆی ژناندا سەپێنراون، بارفانا خۆی لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکدا دەبینێت کە لە تەمەنی گەورەترە، بۆیە قژی دەبڕێت و جلوبەرگی کوڕانە دەپۆشێت تاوەکو بتوانێت بچێتە دەرەوە بۆ شەقام و کار بکات و خۆراک بۆ خێزانەکەی دابین کات.
لە ڕێگەی ئەم چیڕۆکەوە، فیلمەکە تەنها وێنەی ئازاری منداڵێکی ئەفغانی نیشان نادات، بەڵکو ئەزموونەکەی دەكاتە دەروازەیەک بۆ باسکردنی چەندین دۆسیەی مرۆیی، لەوانە مافی خوێندن، ئازادی هاتوچۆ، ڕۆڵی ژنان، کاریگەری جەنگ لەسەر منداڵان، توانای مرۆڤ بۆ خۆگرتن لەگەڵ هیوادا تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا.
فیلمەکە بە شێوەیەکی ڕوون پەیوەندی نێوان خوێندن و ئازادی دەبەستێتەوە، پەرتوک بۆ بارفانا تەنها ئامرازێک نییە بۆ فێربوون، بەڵکو پەنجەرەیەکە کە لێوەی سەیری جیهانێکی فراوانتر دەکات لەو ڕاستیەی تێیدا دەژی، خوێندنەوە و چیڕۆکەکان دەبنە ئامرازێک بۆ پاراستنی یادەوەری و توانای بیرکردنەوە و خەونبینین بە داهاتوویەکی جیاوازەوە.
دۆخی ژنان یەکێکە لە دیارترین ئەو تەوەرانەی کە فیلمەکە بەرجەستەی دەکات، بارفانا ناتوانێت بە سادهیی وەک منداڵێکی کچ بچێتە دەرەوە بۆ شەقام، لە کاتێکدا گۆڕینی جلوبەرگ و ڕوخساری دەرفەتی جووڵە و کارکردنی پێدەدات کە پێشتر بۆی نەڕەخسابوو، سەرەڕای ڕووداوە ڕاستەقینەکان، فیلمەکە جیهانێکی خەیاڵی لە ڕێگەی ئەو چیڕۆکەوە پێشکەش دەکات کە بارفانا دەیگێڕێتەوە، هەروەها پشت بە کۆمەڵێک ئاماژەی جیاواز دەبەستێت کە ڕەهەندی تری بە چیڕۆکەکەی بەخشیوە.
فیلمەکە شێوازێکی جیاواز و سەرنجڕاکێشی بینراوی تێدایە، پشت بە جیاوزی نێوان دوو جیهان دەبەستێت: جیهانی ڕاستی و جیهانی چیرۆک، لە دیمەنە ڕاستییەکاندا کابول لە کەشێکی خۆڵ و ڕەنگی خاکی و هەستکردن بە نائارامیدا دەردەکەوێت، کە ڕەنگدانەوەی ئەو ترس و هەژاری و ناسەقامگیرییەیە کە کارەکتەرەکان ئەزموونی دەکەن.
لە بەرامبەردا، دیمەنە پەیوەندیدارەکانی چیڕۆکە خەیاڵییەکە زیندووترن، دیزاین و ڕەنگی جیاواز بەکاردەهێنن کە تایبەتمەندییەکی نزیک لە چیڕۆکە وێنەییەکان و هونەرەکانی چیڕۆکی فۆلکلۆریان پێدەبەخشێت.
سەرەڕای ئەوەی فیلمی ”The Breadwinner” ”سەرۆک خێزان” ڕاستیەکی سیاسی زۆر هەستیار دەگێڕێتەوە، بەڵام پشت بە وتاری سیاسی ڕاستەوخۆ نابەستێت، لە جیاتی پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی یان سیاسی درێژ، فیلمەکە پێداگری لەسەر نزیکبوونەوە لە ڕاستی دەکات لە ڕێگەی ژیانی خێزانێک و منداڵێکەوە.
فیلمەکە پێشوازییەکی فراوانی ڕەخنەگرانەی بەدەستهێنا، وەک ئەزموونێکی جیاواز لە بواری ئەنیمەیشندا دەرکەوت، بەتایبەت بەهۆی توانای کۆکردنەوەی شێوازی هونەری تایبەت لەگەڵ بابەتە مرۆیی و سیاسییە ئاڵۆزەکاندا.
هەروەها خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلمی ئەنیمەیشن پێدرا، کە ئەمەش قەبارەی ئەو گرنگیدانەی ڕەنگدایەوەوە کە کارەکە لەناو پیشەسازی سینەما و دەرەوەیدا بەدەستی هێنا.
لە کۆتاییدا، فیلمی”The Breadwinner” ”سەرۆک خێزان” لەوە تێدەپەڕێت کە تەنها فیلمێکی ئەنیمەیشن بێت دەربارەی منداڵێک کە جلوبەرگی کوڕانە دەپۆشێت، بەڵکو دەبێتە چیڕۆکێکی مرۆیی دەربارەی خۆڕاگری لە بەرامبەر جەنگ و ستەم و هەژارید