فیلمی ئەمڕۆ: بە تەواوی بەهێزە

" بە تەواوی بەهێزە" فیلمێکی درامای ئەمریکییە لە نووسین و دەرهێنانی جۆن فۆس، کە یاریزانی پیشەگەر ئاشلی جیرۆ ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، لە یەکەم ئەزموونی نواندنیدا، فیلمەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەمجار نمایشکرا.

 

فیلمەکە باس لە ژنێکی گەنجی ٢٦ ساڵ دەکات کە مەشقی بەرزکردنەوەی قورسایی دەکات و چەندین ژمارەی پێوانەیی جیهانی بەدەستهێناوە، ناوی (سام)ە، لە ڕێگای بۆ بوون بە پیشەگەر، فشارێکی زۆری لەسەر دەبێت لەلایەن هاوژینەکەیەوە، کە ئەمەش بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر دروستکرد و بووە هۆی دابەزینی ئاستی کارکردنی و کەمبوونەوەی تەرکیزکردنی.

 

ئەم فشار و گرفتە خێزانییانە خەونی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیدا خستە مەترسییەوە، بەڵام بەهۆی ئەو پاڵپشتییەی کە لەلایەن ڕاهێنەر و هاوکارەکانیەوە وەریگرت، توانی بەسەر ئەو بیرکردنەوە نەرێنیەدا زاڵ بێت کە هەیبوو، کۆتایی بە هاوسەرگیرییە پڕ لە کێشە و گرفتەکانی بهێنێت و جیابوونەوە هەڵبژێرێت، هەروەها بەردەوام بێت لەو کارەی خۆشی دەوێت، کە بریتییە لە مەشقکردنی بەرزکردنەوەی قورسایی و گەیشتن بە خەونی بوون بە پیشەگەر.

 

سام وەک هەر ژنێکی خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز، توانی بەسەر کێشەکانی ژیاندا زاڵ بێت و بەردەوام بێت لەسەر ڕێبازەکەی و ئەوەی خۆشی دەوێت بیکات، بۆ ئەوەی ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو ژنێک کە خەونێکی لەناو خۆیدا هەیە، بەڵام ترس لە ڕێگەیەوە وەستاوە و ئیرادە هەمیشە بە نهێنی سەرکەوتن دەمێنێتەوە.