مارگرێت، ئەو ژنەی لە ڕێی دەرمانەوە کۆنتڕۆڵی قەبارەی خێزانی کرد

ژنێک تەواوی ژیانی دابین دەکات لە پێناو دۆزینەوەی دەرمانێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەبارەی خێزانەکان و نەهێشتنی هەژاری، لە ڕێی کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتوانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

مارگریت سانگەر، لە ١٤ی ئەیلوولی ١٨٧٩ لە خێزانێکی ئێرلەندی-ئەمریکی لە شاری کۆرنینگ لە ویلایەتی نیویۆرک لەدایکبووە، بە خۆیەوە یازدە منداڵ بوون لە ماڵێکدا کە بە هەژاری دەژیان، کاتێک منداڵ بووە، دایکی تەمەنی ٥٠ ساڵ بووە و بە نەخۆشی سیل کۆچی دوایکردووە، مارگرێت لە لەگەڵ خوشک و براکانیدا بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕیون.

 

لەوکاتەی مارگرێت دایکی دەمرێت و لەگەڵ خوشکە گەورەکەیدا خێزانەکە بەڕێوە دەبەن، درک بەوە دەکات ژمارەی خێزانەکەیان زۆرە، ئەمەش دۆخی هەژارییەکەیانی سەختتر کردووە، بۆیە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کۆنترۆڵکردنی قەبارەی خێزان گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری خێزانەکان، بۆ ئەم مەبەستەش بە دوای ڕێگەچارەسەرییەک دەگەڕا.

 

کۆلێژی پەرستاری لەپێناو کۆکردنەوەی کۆنتڕۆڵکردنی قەبارەی خێزاندا خوێند

مارگرێت لە بیرکردنەوە لە هەوڵدان بۆ چارەسەری کۆنتڕۆڵکردنی قەبارەی خێزان نەوەستا، پێی باشبوو بچێت بواری پەرستاری بخوێنێت تا زانیاری زیاتر لەبارەیەوە پەیدا بکات، لە ساڵی ١٨٩٦ چووە کۆلێژی کلاڤێراک و پەیمانگای هادسۆن ڕیڤەر تا لە ساڵی ١٩٠٢ پرۆگرامی پەرستاری لە نەخۆشخانەی وایت پلاینز تەواو کرد.

 

هەر لەو ساڵانەدا هاوسەرگیری لەگەڵ ویلیام سەنگەر کرد و ڕوویانکردە شاری هاستینگس لە ویلایەتی نیویۆرک و بوونە خاوەنی سێ منداڵ، مارگریت تێگەیشت، بە تەنها کارکردن لە بواری پەرستاریدا ئامانجەکەی بەدی ناهێنێت، بۆیە ناچار بوو خەریکی کاری فێمینیستی گشتی بێت، تا ئەو کاتەی بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ژنان لە لقی نیویۆرک لە پارتی سۆسیالیست، و بەشداری لە کاری ژنان و ناڕەزایەتییەکانی وەک مانگرتن لە لۆڕێنس، ماساشوستس لە ساڵی ١٩١٢ و پاتەرسۆن، نیوجرسی لە ساڵی ١٩١٢بۆ ١٩١٣کرد.

 

لەگەڵ کردنەوەی کلینکی تایبەت بە خۆی، سی ساڵ زیندانی کرا

لەو سەردەمەی مارگرێت دەژیا، بڵاوکردنەوەی زانیاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەبارەی خێزان ڕێگەپێدراو نەبوو، بەهۆی ئەوەی وەک پەرستارێک کاری دەکرد و سەردانی خێزانە هەژارەکانی دەکرد، لە میانەی سەردانیکردنیدا زانیاری دەربارەی کۆنتڕۆڵکردنەکە بە خێزانەکان دەدا، لە دریژەی چالاکییەکانیدا لە ساڵی ١٩١٤دا زنجیرەیەک لە بابەت و نامیلکەی فێمێنستی بڵاوکردنەوە، سەرجەمیان باسیان لە کۆنتڕۆڵکردنی منداڵبوون دەکرد.

 

لەو ساڵانەدا مارگرێت بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان چاوی لەسەر بوو بۆیە هەڵهات و ڕووی لە ئینگلتەرا کرد، لە پاش خۆی هاوڕێکانی نامیلکە و زانیارییەکانیان بڵاودەکردەوە، ئەمەش وایکرد لە ساڵی ١٩١٦ بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا، لە هەمان ساڵدا یەکەم کلینیکی کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوونیان لە شاری براونزڤیل لە برۆکلن کردەوە، لە پاش یەک هەفتە لە کردنەوەی کلینکەکەی دەستگیرکرا و سزای ٣٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا جێبەجێکرا، بەهۆی چالاکییەکانی لە داکۆکیکردن لە مافی زاوزێی ژنان، زیاتر لە جارێک دەستگیرکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بوو لە هەوڵەکانی، لە ئەنجامدا ساڵی ١٩٦٠ حەبی بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی دروستکرد.

 

هەوڵەکانی مارگرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەبارەی خیزانی بەردەوامبوو

دەستگیرکردنی مارگرێت سەرنجی زۆر لە میدیا و لایەنی پەیوەندیداری بەلای خۆیدا ڕاکێشا، هەر بۆیە دادگا بڕیاریدا بە هۆکاری پزیشکی، پزیشکان دەتوانن کۆنتڕۆڵی قەبارەی خێزانەکان بکەن، ڕێگری لە دایکان بکەن بۆ دووگیانبوونیان، ئەمەش بووە هۆکار تا مارگرێت کۆمەڵەی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوونی ئەمریکی دابمەزرێنێت.

 

کۆمەڵەکە یەکێک بوو لە ڕێکخراوە دایکان و باوکانی فیدراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٤٢ بوو بە فیدراسیۆنی پلانی دایک و باوکایەتی ئەمریکا و مارگرێت سەرۆکی فەخری بوو، مارگرێت بەوەوە نەوەستا، گەشتێکی کرد بۆ ئەوروپا تا لەوێ زانیاری کۆنتڕۆڵی منداڵبوون ببەخشێتەوە، یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی لە جنێڤ لە ساڵی ١٩٢٧ ڕێکخست، هەڵمەتەکەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لەدایکبوون بردە وڵاتانی ئاسیا، بەتایبەتی هیندستان و ژاپۆن.

 

ئەم هەوڵانە وایکرد، لە ساڵی ١٩٣٦دا دادگاکان ڕێگەیان بە پزیشکان دا بێ بوونی مەرج دەرمانی کۆنتڕۆڵکردنی دووگیانی بنووسن، لە پاش تەواوی ئەم هەوڵانە دەرمانی ڕێگریکردنیان لە دووگیانی دروستکرد و لە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەندکرا، خودی خۆی لە ساڵانی ١٩٥٢ تا ١٩٥٩ وەک سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی پلان بۆ داڕێژراو کاریکردووە.