"ژن هاوسەنگی هێزو باڵانسە بۆ کۆمەڵگە"

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێیوایە ژن هاوسەنگی هێزەو باڵانسە بۆ كۆمەڵگە، گەر هەربڕیارەك ژنی تێدا نەبێت واتە كۆمەڵگە بێبەش كردووە.

شیا كۆیی

كۆیە- بەشداری ژنان لە سیاسەتدا پایەیەکی بنەڕەتی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و هاوسەنگە، بوونی ژنان لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا نەک هەر ڕەنگدانەوەی پرەنسیپی یەکسانی جێندەرییە، بەڵکو نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیە لە سیاسەت و یاسای گشتی مسۆگەر دەکات، کاتێک ژنان بەشێک بن لە پرۆسەی سیاسی، پرسەکانیان، هەروەها ئەوانەی پەیوەندییان بە خێزان، پەروەردە، تەندروستی و توندوتیژی خێزانییەوە هەیە زیاتر لە سیاسەتی حکومەتدا دیار دەبن، هەروەها بەشداری ژنان بەشدارە لە بەهێزکردنی دیموکراسی، بەو پێیەی کە گشتگیربوونی سیستمی سیاسی و فرەچەشنی بۆچوونەکان مسۆگەر دەکات.

 

لە پراکتیکدا چەندین ئەزموون سەلماندوویانە کە بوونی ژنان لە پۆستە دەسەڵاتدارەکاندا یارمەتیدەرە بۆ بڕیاردانی هاوسەنگتر و واقیعیتر، بە تایبەت لە بوارەکانی گەشەپێدان و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا، ڕۆڵی ژنان لە سیاسەتدا کەمتر نییە لە ئیلهام بەخشێک بۆ نەوەکانی داهاتووی ژنان، هانیان دەدات باوەڕیان بە تواناکانیان هەبێت و بەسداری چالاکانە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەکانیاندا بکەن، و کۆمەڵگەیەکی کراوەتر و پێشکەوتووتر دەهێنێتە ئاراوە، دەبێت ژنان بەشداری بڕیارە سیاسییەكان بن.

 

سازگار دلشاد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو ڕۆڵی ژنان لەناو كایە سیاسیەكان و حكومیەكان بەگرنگ دەزانێت وتی: رۆڵ و كاریگەری ژن رۆڵێكی گرنگە لەناو سیاسەت، و دوو بۆچوونی سەرنجی كۆمەڵگە هەیە لەناو کۆمەڵگە، لایەنێكیان نەرێنین و لەگەڵ ئەوانەن ژنان بەشداری سیاسی نەكەن، لایەنێكی دیكە ئەرێنیە و پێیانوایە دەبێت ژنان بەشداربن لە ناوەندەكانی بڕیاردان و بڕیارسازی دا، هەر پێشكەوتنێك بكرێت لە ڕووی سیاسیەتدا دەبێت ژنان تێیدا بەشداربن و ژنان دەبێت ئەوە بەهەند وەربگرن.

 

"ژنان هەنگاوی باشیان ناوە"

وتیشی: بەشێوەیەكی گشتی لە ئێستادا ژنان رۆڵێكی باش و بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیووە، لەهەرسێ سوڵتەی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییی، بۆنموونە لە سوڵتەی یاسادانان كە هەرچوارساڵ جارێك هەڵبژاردن دەكرێت، ژنان رۆڵی بەرچاویان هەیە، هەرچەندە هێشتا ئەوە لەئاست ویستی ئێمەدا نییە لەبەرئەوەی ئێمەی ژنان بەو پشكەی ٢٥٪ی بۆمان دانراوە دەچینە ناوسوڵتەی یاسادانان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوێكی جدییە تا وردە وردە كوردستان بەرەو كرانەوە بچێت، لە سوڵتەی جێبەجێکردنیش رۆلی ژن زیاتر بووە لەجاران ولە سوڵتەی دادوەریش تا ساڵی نەوەتەكان هیچ ژنی دادوەرمان نەبوو بەڵام دواتر بڕیار بۆ چەندین دادوەری ژن دەرکرا، ئەوەش بریارێكی زۆر دڵخۆشكەربوو ئەوكات و هاندانیكی باش بوو بۆ ئێمەی ژنان، بۆیە دەتوانین بڵێین ژنان هەناوی باشیان ناوە..

 

"دەبێت ژن بەشداری لە بڕیارەکان هەبێت"

ئاماژەی بەوەشکرد، ژن هاوسەنگی هێزە، ژن باڵانسە بۆ كۆمەڵگە وتی: گەر هەر بڕیارەك ژنی تێدانەبێت واتە نیوەی كۆمەڵگات بێ بەشكردووە بەدەرت ناوە، چونكە ئەو پێداویستیانەی لەناو كۆمەلگە هەیە پێداویستی ژنانی تێدایە، بۆیە گەر لە پرسەكان ژنی تێدا نەبیت نازاندرێت داواكارییەكان و پرسەكانی ژن چییە، بەوەش بۆشایی دروست دەبێت، بۆیە دەبێت ژن بەشداری هەبێت لەهەمو بریارەكان.

 

"روانگەی كولتوور هۆكارە بۆ ئەوەی ژن بەشداری كەم بێت لە ناو سیاسەت و دەسەڵات"

سازگار  لەم بارەوە ئەو ژنەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتی هۆكارەكان زۆرن بۆ ئەوەی ژن رۆلی كەم بێت لەناو سیاسەت بێگومان كلتورو روانگەی كۆمەڵگا كاریگەریان هەیە كە بریاری بنەرەتی دەبێت سەرۆكی خێزان و پیاو بێت بۆهەرشتێك، چونكە ئەو روە كلتورو مەعریفیە وكرانەوە هیشتا وەك پێویست نیە لەناو كۆمەڵگە، بۆیە دەبێت چۆن پیاوان دینە ناو سیاسەت، ژنانیش بێنە ناو كایە سیاسییەكان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سازگار دڵشاد وتی: پێویستە تواناكانی خۆمان بەهەند وەربگرین چونكە ژن هیچی لەپیاو كەمتر نییە بۆیە پێویستە ژنان بونی خۆیان بچەسپێنن، وهیوادارم ژنان چاوكراوەتربن وبوێربنم چونكە تواناكانی ئێمە زۆر لەوەزیاترە وسنووردار نییە، لەو چوارچێوەی كولتووری كوردەواری خۆمان دەبینینەوە كە ژنانی پێش ئێمە لە دیوەخانەكان دادەنیشتن و بڕیاریان دەدا، و هاوكات ئیمەی ژنان پاڵپشتی یەكتر بین وبەشداربین لەكایە سیاسییەکاندا.