ژنانی ئازادیخواز بۆ ئازادی گیانی ڕێبەر ئاپۆ چالاکی ئەنجام دەدەن

لە ١٥ی شوباتدا بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان لە کوردستان و جیهاندا چالاکی بەڕێوە دەچێت، ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: بۆ لەناوبردنی هێڵی خیانەت و ئازادی ڕێبەری گەلەکەمان پێویستە تێکۆشانی چیاکان و شەقامەکان ببن بە یەک.

هێلین ئەحمەد

سلێمانی- ١٥ی شوبات کە بە ڕۆژی ڕەش لە مێژوودا ناسراوە، ٢٥ ساڵ بەسەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالاندا تێپەڕی، لە کوردستان و جیهاندا بە چالاکییەکانی ڕێپێوان، مانگرتن لە خواردن و سیمینار و چالاکی جۆراوجۆر ئەو پیلانگێڕییە شەرمەزار دەکرێت، لە باشووری کوردستانیش بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان چالاکی مانگرتن لە خواردن راگەیاندرا و بڕیار بوو ڕێپێوانێکی جەماوەری ڕێکبخرێت، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ڕێگری لێکرا.

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لەو بارەیەوە وتی: ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی و ژنان هەر ئەرکێک بکەوێتە سەرشانمان ئەنجامی دەدەین.

 

"ویستیان لە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆدا تێکۆشانی ئازادی لاواز بکەن"

سارا ڕەزا لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کە پرسی چارەسەری کوردە، باسی لەوەکرد، ١٤ی شوبات، کە ٢٥ ساڵ بەسەر گۆشەگیری سەر ڕێبەردا تێدەپەڕێت، ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستا، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی بەشداری هەڵمەتەکەیان کرد، وتیشی: ٢٥ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی تاکە کەسیی ئیمراڵیدایە، ئەو پیلانگێڕیەی لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن داگیرکەرانی کوردەوە جێبەجێ کرا، هەموو دەوڵەتە زلهێز و هەژموونخوازەکان کە پێکهاتبوون لە ٢٨ وڵات بەشداری ئەو پیلانگێڕیەیان کرد و لە کینیا دەستبەسەریان کرد و تەسلیمی تورکیای داگیرکەریان کرد،ویستیان بە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانی ئازادی لاواز بکەن، بە بردنی بۆ ئیمراڵی ویستیان یان خۆی بکوژێت یان واز لە دۆزی گەلەکەی بهێنێت، بەڵام ڕێبەری گەلەکەمان وتی "نەخۆم کوشت و نە وازم لە دۆزی گەلەکەم هێنا"، بۆیە ڕێبەرەکەمان بەرخۆدانێکی گەورەی ئەنجام دا کە تا ئێستاش لە ئیمراڵیەوە هێز بە گەلی کورد دەدات.

 

"دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بکرێت"

سارا ڕەزا، ئاماژەی بەوەکرد، چەندین هۆکار هەن بۆ زیندانی کردنی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە، هۆکارەکانیش ئەوەبوون ڕێبەر ئاپۆ خاوەندارێتی لە گەلی کورد دەکرد، نوێنەرایەتی ژنانی ئازادیخوازی دەکرد، بۆیە ویستیان گەل و ڕێبەر ئاپۆ لە یەکتر دابڕێنن، بەڵام پیلانەکەیان سەری نەگرت و دەبینین ڕۆژانە چەندەها کەس لە پێناو خەباتی ڕێبەر ئاپۆ گیانی خۆی بەخت دەکات، چەندین چالاکی گیانبازی کرا وەکو هەڤاڵ ڤیان جاف، هەڤاڵ بێریڤان و هەڤاڵ سەما، چەندین کەسانی دیکە گیانیان بەختکرد لە بەرامبەر ئەو زوڵمەی بەرامبەر ڕێبەر و گەلی کورد دەکرێت، هەروەها ئازادی کورد و پڕۆژەکانی چارەسەرییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەوڵەتە زلهێزەکان ئەمە بە مەترسی بۆ سەر سیستمەکەی خۆیان دەیبینن، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ کاتێک باسیی کێشەیەک دەکات، چارەسەریەکەی بەرامبەری دادەنێت.

لە درێژەی قسەکانیدا سارا ڕەزا وتی: ڕێبەر ئاپۆ سیستمی دەسەڵاتداری کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکی بە چارەسەر دەهێنێتە بوون، جیهان لە قەیران و گێژاوێکی قوڵدایە کە دەوڵەت نەتەوە چارەسەری ئەو پرسانە ناکات، جیهان دەیەوێت بەدیلی نەتەوە بدۆزێتەوە کە بەرامبەر فکر و تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجالان فکری نەتەوەیی و خۆبەڕێوەبەری نەتەوەیەتییە و هەموو گەلان دەتوانن بە ئاشتی و دیموکراتی تیایدا بژین، وەک دەزانین ژینگەی جیهان لە مەترسیەکی گەورەدایە بۆیە ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری بۆ پرسە ژینگەیەکانیش پێیە، لە پەیامێکی شەهید ڤیان جافدا بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری هەموو کێشەکانی پێیە، بەوەی دەڵێت، دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بکرێت، بۆیە بۆ هەموو پرسێک دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئیمراڵی.

لە کۆتایدا وتی: دەوڵەتە زلهێزەکان نایانەوێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگا بگرێت، دەیانەوێت چۆن کورد لە سەد ساڵەی لۆزان کورد بێبەشکرا، جارێکی دیکە بۆ سەد ساڵی دیکە کورد بێبەش بکرێتەوە، هەروەها دەستی خیانەت وایکردووە کە کورد نەگاتە ئامانجەکانی خۆی و وەک ئەو دەستە خیانەتەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان لەلایەن نۆکەرانی تورکەوە هەیە، نەمێنێت،  بۆیە دەبێت هێڵی خیانەت لەناو ببرێت و تێکۆشانی چیاکان و شەقامەکان یەک بگرێت بۆ ئازادی ڕێبەری گەلەکەمان.