"ژن وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتی پیاوان سەیر دەکرێت"

زەکیە مەرینی، چالاکوانی بواری ژنان کاردانەوەی بەرامبەر بە سووکایەتیکردنی پەرلەمانتار نورەدین مادیان بە پەرلەمانتار ڕافیعە مەنسووری و وتی: ژنان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر حوکمڕانی پیاوان سەیر دەکرێن.

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب- لە مانگی ئاداردا لە مەغریب، پەرلەمانتار نورەدین مادیان سوکایەتی بە پەرلەمانتاری پارتی سەربەخۆیی ڕافیعە مەنسووری کرد، هەرچەندە ئەو پرسە لە کارنامەی وڵاتدا نییە، بەڵام ڕێکخراوەکانی ژنان کاردانەوەیان بەرامبەر بە دۆخەکە نیشاندا و ئاماژەیان بەوەدا کە دەستکەوتەکانی ژنان کراوەتە ئامانج و ژنان بەردەوامن لە خەباتکردن بۆ مافەکانیان.

 

زەکیە مەرینی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و پەرلەمانتاری پێشوو، سەرنجی بۆ بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕاکێشا و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە سیاسەتدا زیاتر پشتیوانی ژنان بکرێت.

 

"هۆکاری توندوتیژی کێشەیەکی دەروونییە"

لە درێژەی قسەکانیدا زەکیە ئەلمارینی ڕایگەیاند کە توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و وتی: بە بۆچوونی من ئەم سوکایەتییە کێشەیەکی دەروونییە، ئێمەی ژنان مافی یەکسانمان لەگەڵ پیاواندا هەیە، سیاسەتی جیاکاری زۆرن، ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەمە دەبینین، لە حزب و دامودەزگاکاندا هەمیشە ژمارە و عەقڵیەتی پیاو زیاترە. ناتوانن بوونی ژنان لە پۆستی بڕیاردا پەسەند بکەن، بە تێکۆشانی ڕێکخراوەکانی ژنان و دامەزراوە مەدەنییەکان، ژنان هاتنە شوێنی بڕیاردان و پیاوان بە ئاسانی خۆیان لەگەڵ ئەم دۆخەدا نەگونجاند، لەبەر ئەوەی ژنان لە شوێنی کاردا لە پیاوان سەرکەوتووترن، پێگەی 'سەرکردایەتی' پیاوان کەوتووەتە مەترسییەوە، کاتێک ناتوانن بەرەنگاری سەرکەوتنی ژنان ببنەوە، دەستیان کرد بە بوختان و سووکایەتی و توندوتیژی.

 

"یاسای توندوتیژی دژی ژنان زۆر کەمە"

زەکیە مەرینی باسی لە یاسای ژمارە ١٠٣-١٣ کرد کە توندوتیژی دژی ژنان بە تاوان دەزانێت، وتی: یاساکە ٦ ساڵ لەمەوبەر کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی مەغریب زۆر بە خراپی سەیری ئەم یاسایە دەکەن، گرنگترینی ئەم کەموکوڕیانە ئەوەیە کە دان بە توندوتیژی دەروونی دژی ژنان نانێت، لە کاتێکدا بەهۆی جیاکارییەوە ئەم جۆرە توندوتیژییە لە هەموو بوارێکدا ئەزموون دەکرێت، ئەمەش کاریگەری جدی لەسەر ژنان لە ژیانی کارکردندا هەیە، ڕێگە لە کارکردنیان لە پۆستەکانی بەڕێوەبردندا دەگرێت، وەک ژنان بانگەشەی گۆڕین و فراوانکردنی ئەم یاسایە دەکەین.

 

زەکیە مەرینی ئاماژەی بەوەشدا کە جێبەجێکردنی سیستمی "کۆتا دەستکەوتێکی گرنگە و لە کۆتاییدا دەڵێت: تەنانەت ئەگەر یەکسانی تەواو بە کۆتا بەدەست نەهێنرێت، بەڵام ژنان ڕێژەیەکی بەرچاویان لە ئەنجومەنەکاندا بەدەستهێناوە، ئەمە قۆناغێکی گرنگە، بەڵام بەس نییە، بۆ ئەوەی مافی یەکسانمان هەبێت پێویستمان بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە عەقڵیەتدا هەیە، پێویستە لە سیاسەتدا پشتیوانی ژنان بکرێت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەم پرسەدا تێکۆشان بکەن.