دوای ١٣ ساڵ لە شۆڕشی ١٧ی شوبات ژنانی لیبیا گەیشتوونەتە کوێ؟

وەفا هادیە شەریف چالاکوان و ڕاهێنەر لە بواری ئاشتیسازی و چارەسەرکردنی ناکۆکی، دووپاتی کردەوە کە ژنانی لیبیا بەدەست زەوتکردنی مافەکانیانەوە دەناڵێنن دوای ئەوەی شۆڕشێکیان ئەنجامدا، کە تیایدا پێشەنگ بوون.

هیندیە عشەیبی

 

بنغازی- ژنان ڕۆڵێکی دیاریان لە شۆڕشی لیبیادا بینی لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لەو ڕێپێوانانەی کە لە ساڵی ٢٠١١ ئەنجامدرا، ئەمە جگە لە ماندووبوونیان لە ساڵانی دوای شۆڕشدا لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان لە هەموو بوارەکاندا، بەڵام حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان مافی ژنانیان زەوت کرد.

 

وەفا هادیە شەریف، چالاکوان و ڕاهێنەر لە بواری ئاشتیسازی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دەڵێت، ژنان بە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێپێوان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە سەردەمی شۆڕشی شوباتدا ئامادەبوون و بوونی ئەوان بووە هۆی ئەوەی پیاوان بەردەوام بن لە ناڕەزایەتییەکان، بەڵام ژنانی لیبیا وەک ژنانی دیکەی وڵاتانی ناوچەکە، بەدەست زەوتکردنی مافەکانیان و دوورخستنەوەیان لە زۆر شت دەناڵێنن، لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ماوەی ١٣ ساڵی شۆڕشدا، هێشتا نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە نییە کە خواستەکانی ژنانی تیایدا بەدی بهێنێت.

 

سەبارەت بەو دەستکەوتانەی کە ژنان لە دوای شۆڕشی ١٧ی شوباتەوە بەدەستیان هێناوە، ئەو چالاکوانە وتی: ژنان لە بواری کاری مەدەنیدا سەرکەوتنی زۆریان بەدەستهێناوە، بە پێچەوانەی کاری حکومییەوە، چالاکییەکانی ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکانیان گرتە ئەستۆ و دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە ژنان لە مافەکانیان و بەهێزکردنیان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان بەرەوپێش بچن، ئەمڕۆ کۆمەڵگەی مەدەنی لە لیبیا لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرێت و کاریگەریی لەسەرە، بەڵام بەشداری ژنان لاوازە لە دانیشتنەکانی گفتوگۆی نیشتمانیدا کە داوای یەکخستنی هەوڵەکان و وەستاندنی خوێنڕشتنی نێوان هۆز و شار و ناوچە جیاوازەکان دەکەن، کە هێشتا ناوبەناو سەرهەڵدەدات.

 

سەبارەت بە بەشداری ژنان لە چالاکییەکانی ئاشتیدا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم چالاکییانە سەرکەوتووتر و بەردەوامتر دەبن ئەگەر ژنان بەشدارییان تێدا بکەن، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەوان لە چارەسەرکردنی ئەو ململانێ چەکدارانەی کە لە باشووری لیبیا ڕوویانداوە، وتی: ژنان ئاگاداری گرنگی ئامادەبوونیان و ڕۆڵی خۆیان لە چالاکییەکانی ئاشتی لە وڵاتدا هەیە، ئەمەش  بووەتە پێویست کە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی بە هەوڵی فێمینیستەوە دەستپێبکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە پێویستی داڕشتنی یاسای "ڕاستەقینە" کرد بۆ پاراستنی ژنان و بەرزکردنەوەی هەستی ئاسایشیان، "ئەم یاسایانە دەبێت سزای توند و ڕێگری لەخۆ بگرێت کە هێرشی دووبارە بۆ سەر ژنان سنووردار دەکات، جا چ لە خێزانەوە بێت، کۆمەڵگە، یان تەنانەت مەیدانی کاریش بێت.