"شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخشەی سووریا دەگۆڕێت"

شێرا ئۆس، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری مەسەدە، هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر سووریا و بەتایبەت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵسەنگاندو وتی: نەخشەی سووریا دەگۆڕێت.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و جیهان بەهۆی ئەو قەیران و ئاژاوەگێڕییەی کە بەدی دەکرێت، پێشکەوتنی گەورەیان بەخۆوە بینیوە، ئەو شەڕەی هێزە هەژموونیەکان پەرەی پێدا، مافی ژیان و بوونی گەلی لە دەستیان وەرگرت و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستی خستە ناو کارەساتێکی گەورەوە، ئەمڕۆ شەڕی جینۆساید به سەرۆکایەتی ئیسرائیل له لایەن هەموو جیهانەوه دەبیندرێت، جینۆساید له ناوچهکه تەنها به دەستی ئیسرائیل نییە، بەڵکو دەرەنجامەکانی ئەو جینۆسایدەی تورکیا له سەر گه لی کورد و گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدات ڕۆژانه خراپتر دەبێت، بەڵام کارەساتی سەرەکی ئەو جینۆسایدەیە که تورکیا ئەنجامی دەدات و لە ناوچەکە و جیهاندا نابیندرێت.

 

تورکیا لە هەموو دەرفەتێکدا بیانوویەک بۆ خۆی دروست دەکات و هێرشی جینۆساید بۆ سەر شۆڕشی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدات.

 

لەم ساڵانەی دواییدا چەندین پێشهاتی جیاواز لەسەر ئاستی جیهان بە تایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ڕوویانداوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن، شەڕ و هێرش و دەستوەردانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی وڵاتانی دراوسێ کە یەکێکیان سووریایە، لە دژی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، هەموو ئەم شەڕ و هێرشە بەردەوامانە کاریگەرییان لەسەر دۆزی کورد هەیە و نەخشەیەکی نوێ لەگەڵ خۆیان دەهێنن، ئەم گۆڕانکارییە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان دروست دەکات، بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستان لە نێوانیاندا دابەش بووە.

 

شێرا ئۆس، ئەندامی دەستەی ڕێوەبەری ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئاژانسەکەمان لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر سووریا بەتایبەت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خستەڕوو.

 

"ئامانج لەناوبردنی سیستمی دیموکراتیکە"

شێرا ئۆس، لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند، هێرشەکەی ٢٣ی تشرینی یەکەم، چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە کاتێکدا ڕوویدا کە جیهان بە گشتی چاوەڕوانی ئاشتی و سەقامگیری لەڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا بوو وبەم شێوازە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجامی  ئەم هێرشانە کرد: ئەمە یەکەمجار نییە کە تورکیا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش بکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە هێرشی سیستماتیکی کراوە، ژێرخان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان کراونەتە ئامانج، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم هێرشە تێکدانی ئابووری هەرێم و ترساندنی گەل و ناچارکردنی کۆچکردنە، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات دیمۆگرافیای ناوچەکانی تریش بگۆڕێت، وەک چۆن لە ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپیدا کردوویەتی، جگە لەوەش ئامانجی لە ناوبردنی سیستمی دیموکراتیکیکی خۆبەڕێوەبەری و جێبەجێکردنی "میساقی میللی" دەوڵەتی عوسمانییە.

 

"دەستوەردانێک لە سەروەری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا دروست بوو"

شێرا ئۆس باسی لەوە کرد، شەڕەکە لەم دواییانەدا قووڵتر بووەتەوەو وتی: شەڕی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی غەززە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، هەروەها شەڕی ئیسرائیل لە دژی حیزبوڵای لوبنان و ئێران بەردەوامە، لەم ساڵانەی دواییدا ئێران و تورکیا دەستوەردانێکی زۆریان لە سەروەری زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە سووریادا کردووە، بۆیە ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا دەیەوێت ڕۆڵی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لاواز بکات، ئیسرائیل زۆر پێداگرییە لەم بابەتەدا، هەر گروپێکیان لایەنێک کە پشتیوانی ئێران بکەن، لە هەر شوێنێک بن، دەکاتە ئامانج.

 

کاریگەری ململانێکان لەسەر کێشەی سووریا

ئاماژەی بەوەشدا، شەڕی ئێستا کاریگەری لەسەر کێشەی سووریا هەیە و وتی: لەسەر خاکی سووریا، لەو ناوچانەی کە حکومەتی سووریا باڵادەستە، لایەنگرانی ئێران و کەسایەتییە ئێرانییەکان نیشتەجێ بوون و زۆرێکیان لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج، دەسەڵاتی شام ناتوانێت لەم شەڕە دەربچێت، چونکە هەڵوێستی بەرامبەر بەم پێشهاتانە بێدەنگییە، بە واتایەکی تر ناتوانێت هەڵوێستی هەبێت، نایەوێت بەشداری ئەم شەڕە بکات، بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە خراپە و ناتوانێت دژی هیچ لایەنێک شەڕ بکات، بەگوێرەی زۆرێک لەڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دەسەڵاتدارانی شام ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی لوبنانی کە لە شەڕی باشووری لوبنان هەڵاتن ، لە ناوچە و گوندەکانی سووریا نیشتەجێ کردووە کە گروپەکانی حیزبوڵای تێدایە، ئەمەش ڕێگە دەدات شەڕێکی توندتر لە دژی سووریا لە داهاتوودا ڕووبدات و دەستوەردانی ئیسرائیل بگاتە خاکەکەی.

 

"نابێت دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ بن"

لە کۆتایی قسەکانیدا شێرا ئوس داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کرد لە بەرامبەر تاوانەکانی تورکیا بەرامبەر بە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێدەنگ نەبن، هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکانی سووریا کرد بەشداری لەو دیالۆگەدا بکەن و وتی: داوا دەکەین چاو لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دانەخەن، ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا گیانیان لەدەستدا، خەڵکی مەدەنی بوون، ئێستا گەلەکەمان لە ناوەڕاستی قەیرانێکی ئابووریدایە، هاوکات داوا لە هەموو لایەنە نیشتمانپەروەرەکانی سووریا دەکەین کە بەشداری لە دیالۆگی سووریا بکەن و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا بکەن.