"بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی خۆسەپێن پێویستە هاوڵاتیان دەنگ بدەن"
ئەمڕۆ هەڵبژاردنی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، پەیمان عیزەدین لە بارەی هەڵبژاردنی بەربژێران و ئەرک و بەرپرسیاری هاوڵاتییان دەڵێت: پەرلەمان کۆلێژ نییە، پەرلەمان پێویستی بە پەرلەمانتاری بە ئەزموون و سیاسەتمەدار هەیە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- لە دوای دوو ساڵ پەکخستنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پێنج جار هەڵوەشاندنەوەی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمیش پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، ئەنجام و دەستکەوتەکانی چەندین خولی پێشووی پەرلەمان، هیوا بەخش و دڵخۆشکەر نەبوو بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەبوونی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان هاوڵاتیان بێ هیوا دەکران، ئەمەش بووە هۆکاری هەڵبژاردنی بەرەی بایکۆت، کە بەشێکی زۆری دەنگدەران بە ئامانجی گەیاندنی دەنگیان بە وڵاتانی نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنی پێشوودا بایکۆتی دەنگدانیان ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەنجامدانی بایکۆت حکومڕانە شکستخواردووەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر حکومڕانی ٣٠ ساڵەی خۆیان بەردەوام بوون، بەڵام هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان هاوڵاتیانی هۆشیار کردەوە بەرامبەر بە حکومڕانی و هەڵبژاردن بە چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەزانن، بۆیە پێشبینی دەکرێت بۆ سزادانی حزبی حکومڕانی دەسەڵات ئەم هەڵبژاردنە ڕێژەی بەشداریکردن زیاد بکات،
لەو بارەیەوە پەیمان عیزەدین، پارێزەر، باس لە ڕۆڵی پەرلەمان دەکات کە کاریگەرە و دەبێت ئەو بەربژێرانەی دەچنە پەرلەمان کەسانێکی پڕ لە زانیاری و شارەزا لە سیاسەتدا بن، دەشڵێت: پەرلەمان کۆلێژ و پەیمانگا نییە بەربژێران بچن بۆ فێربوون، دەبێت کەسانێک بچنە پەرلەمان پڕچەک بن لە زانیاری و خاوەن پڕۆژە بن لە پەرلەماندا، کۆمەڵگەش بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری بەردەوام چاویان لەسەر ئەو ژنانەیە کە دەچنە پەرلەمان، بۆیە پێویستە ژنان بەردەوام گرنگی بە خۆبەهێزکردنی فکری و سیاسیی و تواناکانیان بدەن، تا متمانەی کۆمەڵگە بتوانن بەدەستبهێنن، لەگەڵیدا پێویستە دەنگدەر ئەوەندە هۆشیاری هەبێت، دەنگی خۆی بداتە ژنێک بتوانێت لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنیدا جێگای متمانەی هاوڵاتیان بەدەست بهێنێت، لە بەرەوپێشبردنی پرسەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری، ڕادەربڕین، ئازادی جەندەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی، کە ئەمانە بە هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە لایەن بەربژێرانەوە دەکرێت.
ئەو پارێزەرە لە درێژەی بابەتەکەدا باس لەوە دەکات، دەسەڵاتی هەڵبژاردنەکان بۆ چەندین خولی پێشووی پەرلەمان لەلایەن حزبەکانی یەکێتی و پارتی بەڕێوەدەچوو، هەروەها لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا گۆڕانکارییەکی باش بەدی نەدەکرا، ئەمانە بوونە هۆکاری بایکۆتکردنی دەنگدان لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا، وتیشی: خولەکانی دیکەی پەرلەمان زۆرێک لە هاوڵاتیان بایکۆتی دەنگدانیان هەڵبژارد، بە ئامانجی ئەوەی چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابکێشن، تا بزانن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دژی ئەو دەسەڵاتەن کە لە هەرێمی کوردستاندا حکومڕانی دەکەن، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرەتای گۆڕانکاریەکان دەستی پێکردووە، دەبینین بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق چەندێک دۆخی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی بەرەو باشی بردووە، لە ئەنجامی ناڕەزایی هاوڵاتیانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان تواندرا بگەینە ئەنجام، هەبوونی ئەو گۆڕانکاریە پێمان دەڵێت دەروازەیەک هەیە بۆ گۆڕانکاری، دەکرێت بە بەرچاوگرتنی بارودۆخەکە دەنگدەران دەنگی خۆیان بدەن بەو لیستانەی لە دەرەوەی لیستەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنن، لە پارتەکاندا ژمارەیەک لە بەربژێرانی بە ئەزموونمان هەیە، دەتوانین ئێمەی دەنگدەر لە هەزاران بەربژێر، بەربژێرێکی بە ئەزموون وەک نوێنەر هەڵببژێرین.
"بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی خۆسەپێن پێویستە هاوڵاتیان دەنگ بدەن"
پەیمان عیزەدین، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو نائومێدیانەی لە دڵی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا دروست بووە، دەسەڵاتدارانی باشوور بەرپرسیار دەبن لێی، دەشڵێت: ڕق و کینەی دەنگدەران لە تەشەنەکردندایە، حزب و لایەنە خۆسەپێنەکانی دەسەڵات لێی بەرپرسن، بە ئامانجی دەنگنەدانی هاوڵاتیان و نەچوونیان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، بەردەوام حزبە خۆسەپێنەکان دەنگەکانیان زیاتر و زیاتر دەبێت، لە کۆتایدا هاوڵاتیان پێویستە لەوە تێبگەن حزبەکانی دەسەڵات بونەتە هۆکاری نائومێدبوونی دەنگدەران، ئێمە ئەگەر بمانەوێت کۆتای بە حکومڕانیەکی شکست خواردووی ٣٠ ساڵە بهێنین، پێویستە چەند هێزێکی دیکە ڕووبەڕوویان بکەینەوە، تا بتوانن ئۆپۆزسیۆنیکی دیکە لە پەرلەماندا دروست بکرێت.
ئەو پارێزەرە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە پەرلەمانی عێراق دوو لە نمونەی توندووتیژیەکانی دژ بە ژنانمان لەبەر چاودایە، یەکەمیان هەموواری یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، دووەم یاسای توندوتیژی خێزانی لە خولی پێشووی پەرلەماندا هەوڵ بۆ هەمووارکردنەوەی دەدرا، ئامانجیان هێشتنەوەی ئەو یاسایانە بوو کە لە خزمەت توندوتیژی بەرامبەر ژناندابوو، ئەو پەرلەمان و حکومڕانیکردنە نموونەن لەبەردەم هاوڵاتیاندا بۆ دەنگنەدان بە بەربژێرانی خولی پێشووی پەرلەمان، هاوڵاتیان هەرێمی کوردستان پێویستیان بە بەربژێرانێکی بە ئەزموون و بە توانا و چاونەترس هەیە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەرەو مەدەنیەت ببەن.