"خەڵک لە مافەکانی خۆی بێتەدەنگ دەسەڵات ناتوانێت خۆی بگرێت"

خانەوادەی جیهان تەها، مامۆستای تیرۆرکراو، دەربارەی کەیسەکە دەڵێن: "کەیسی مامۆستا جیهان کەیسێکی گشتییە، لەسەر قسەی حەق لە پێناو میلەتەکەی تیرۆرکرا، ئەم کەیسە بێدەنگەی لێ ناکرێت، تا ببێتە دەرس بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری باشووری کوردستان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ١٦٧ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ساڵی ١٨٥٧دا ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنین لە شاری نیویۆرکی وڵاتی ئەمریکا دژی کەمی مووچە و زۆری کاتی کارکردن خۆپیشاندانیان کرد و ئەم ناڕەزایەتییە چەندین وڵاتی دیکەی گرتەوە، تا ئێستاش لە جیهاندا دۆخی ژنان و هاوڵاتیان لە ناهەمواریدایە و قەیرانەکان دۆخی ژیانی قورس کردووە، لە باشووری کوردستان دەیان کەس لەبەر ئازادی و داواکردنی مافەکانیان تیرۆر کراون، یەکێکیش لەوانە، مامۆستا جیهان تەهایە.

 

مامۆستا جیهان تەها یەکێکە لەو ژنانەی بێدەنگ نەبوو لە نادادی و بێ مووچەیی و دۆخی ناهەمواری ژیانی هاوڵاتیان، لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی سەر بە پەدەکە دەڵێت: ئەگەر لە وەزیرەوە تا ئێمە کارەکانتان بۆ جێبەجێ ناکرێت و پێگەکەتان وەرناگیرێت، دەبێت دەست لەکار بکێشنەوە. هەڵوێستی بوێرانەی مامۆستا جیهان وایکرد، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی گوماناوی لەسەر ڕێگەی بارزان تیرۆر کرا.

 

ئێستاش ڕووداوی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان بووەتە ڕووداوێکی جیهانی و خێزانەکەی لە ڕێگەی وڵاتانی دیکەوە هەوڵ دەدەن تا کەیسەکەی بەلاڕێدا نەبرێت و بگەنە ئەنجام.

 

پەری تاهیر، چالاکوان و پورزای شەهید جیهان تەها، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی نوژنها باس لە کوشتنی گوماناویی شەهید جیهان دەکات، کەیسی مامۆستا جیهان سەرەتا وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ناسێندرا، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کەیسەکە تیرۆرکردنە، خانەوادەکەی کەیسەکەی دەگەیەننە دادگایی ئەمریکا تا کەیسەکەیان بەلاڕێدا نەبرێت، هەروەها وتی: سەرەتا پێمان وابوو ئەم بابەتە کۆمەڵایەتی یان خۆکوژی بێت، بەڵام ئێمە گەیشتینە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەمان کرد و گەیشتینە ڕاستیەکە ئەم بابەتە تیرۆرکردنە، مامۆستا جیهان لە خانەوادەکەی دوور بوو، ماوەی چەند ڕۆژێکمان ویست تا گەیستینە لای، بەڵام پەلە پەلیەکی زۆر کرابوو بۆ بەخاک سپاردنی شەهیدەکەمان، سەرەتا ویستمان لە دادگایی هەولێر بابەتەکەمان بۆ ڕوون ببێتەوە، بەڵام بەداخەوە لەو ئاستەدا نەبوو کە ئێمە دەمانویست، خۆشبەختانە کەیسەکەی مامۆستا جیهانمان گەیاندووەتە ئەمریکا تا بە ئەنجام بگەین، خانەوادەی شەهید جیهان بەڵێنیان داوە بەردەوام دەبن تا دەگەنە ئەنجام.

 

"ژنانی شۆڕشگێر دژی زوڵم و ستەمن بۆیە ڕێگریان لێدەکەن پۆستی باڵا بگرنە دەست"

پەری تاهیر، باس لەوە دەکات، دەسەڵاتی باشووری کردستان لە هەموو دەنگێکی هۆشیار دەترسێت، دەسەڵاتی دیکتاتۆر و خۆسەپێن بەردەوام لە دەنگی هۆشیاری و ڕووناکی دەترسێت، خەڵک سەرقاڵ دەکەن بە شتێکی زۆر لاوەکی و بە لاڕێیاندا دەبەن، وەک دەبینین ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان شۆڕشێک بەرپا دەکەن، وەک شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا ژنان پێشەنگ بوون، ژنانی کۆبانێ شارەکەی خۆیان پاراست، هەموو ئەم نمونانە بەڵگەن بۆ بوونی ژنانی پێشەنگ لە چوار پارچەی کوردستان، ژنان سروشتیان میهرەبانە بەڵام بە پێچەوانەوە پیاوان ئارەزووی دیکتاتۆری و خوێن ڕشتن دەکەن، ژنان لەبەر میهرەبانیەکەیانە پلەی دایکایەتیان پێبەخشراوە، ئەگەر لەگەڵ میهرەبانیەکەی مەردایەتی و هۆشیاری هەبێت، ئەوا کۆتایی دێنێت بە هەموو زوڵم و ستەمێک و دیکتاتۆریەک لە جیهاندا، ژنان دژی زوڵم  و ستەمن، بۆیە ڕێگری دەکرێت ژنان پۆستی باڵا بگرنە دەست و ناڕەزایەکانیان دەرببڕن.

 

" ئەگەر خەڵک لە مافەکانی خۆی بێتەدەنگ دەسەڵات ناتوانێت خۆی بگرێت"

پەری تاهیر، ئاماژەی بەوەکرد، هاوڵاتیانی باشووری کوردستان هەڵوێستی جوانیان بەرامبەر تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان هەبوو، ئەو دەنگدانەوە گەورەیەی ڕوویدا بە تایبەت لە شاری سلێمانی، وێنەی مامۆستا جیهان بەرزکرایەوە، خانەوادەکەی سوپاسی هاوڵاتیان دەکەن بۆ بەدەمە چوونی کەیسی جیهان تەها و دەڵێن: ئەم کەیسە، کەیسێکی گشتییە، مامۆستا جیهان لەسەر قسەی حەق لەپێناو گەلەکەیدا گیانی سپاردووە، بۆیە کەیسی جیهان دەبێت بە موڵکی هەموو کورد و دەبێت ڕووی ڕاستی ئەم کێشەیە بخرێتەڕوو بۆ هاوڵاتیان و خانەوادەکەی، هەروەها لەو بڕوایەدام کەیسەکەی لە کوردستانیش بێت، پێویستە هاوڵاتیان لەم ناهەقیە بێدەنگ نەبن تا تیرۆرەکان تەشەنە نەکەن.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئێمە لەسەر کەیسی مامۆستا جیهان دەنگمان هەڵبڕی و بەردەوامبووین لەسەر مافیی خۆمان بینیمان کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، ئەگەر خەڵک لە مافەکانی خۆی بێتە دەنگ، دەسەڵات ناتوانێت خۆی بگرێت لە ئاست ئەو دەنگدانەوە گەورەیە کە دروست دەبێت، هیوادارم خەڵکی ئێمە بەهیچ شێوەیەک لە ئاست زوڵم و ستەمێک بێدەنگ نەبن بۆ ئەوەی تەشەنە نەکات و کەسیی دیکە نەبێتە قوربانی، ئەمرۆ لە ئێمەیە و سبەی زیاتر بڵاو دەبێتەوە و زیاتر زوڵم لە هاوڵاتی دیکە دەکرێت، هەروەها خێزانی شەهید جیهان دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان بەردەوام دەبن لە کار کردن لە کەیسەکەدا و بە هیچ شێوازێک بێدەنگەی لێناکەن، بۆ ئەوەی ببێتە وانە بۆ دەسەڵات، تا بە ئاسانی جارێکی دیکە دەست بۆ ڕۆڵەی خەڵک نەبەن.