پەرلەمانتاران: باشترین چارەسەر گۆڕینی سیستمی هەرێمی کوردستانە

پەرلەمانتاران، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە جێگەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی پارە بۆ حکومەت دەزانن، دەڵێن ئەم پەرلەمانە ئەرزشی نەماوە، بە بیانووی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمانتاران بێ دەنگ دەکرێن، هۆکاری ئەم ئەدا لاوازەی حکومەتیش بۆ بوونی ئەقڵەیەتی خەباتی شۆڕشگێڕی لەبری خەباتی مەدەنی دەگێڕنەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- پەرلەمان یەکێکە لە پایەکانی سیستمی دیموکراسی، سێ پایەی سەرەکی لە سیستمی دیموکراسیدا هەیە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان، دادوەری، پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانە، ئەرکی چاودێری کردن و یاسادانانە، یەکێکە لە پایە هەر گرنگەکانی ئەم سیستمە.

 

ئەگەرچی پەرلەمان لە نوێنەرانی گەل پێکدێن، ڕاستەوخۆ بە دەنگی هاوڵاتیان هەڵبژێردراون، بەڵام لە بەشێک لە وڵاتانی جیهاندا، بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرلەمان بووەتە شوێنی ململانێی حزبەکان، لە هەرێمی کوردستانیش وەک پەرلەمانتاران باسی دەکەن بووەتە شووێنی دۆزینەوەی ڕێگا چارە بۆ پەیدانی کردنی پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزرا، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ٤/٦/١٩٩٢ئەنجامدرا، لەم خولەی پەرلەماندا ١٠٥ ئەندام پەرلەمان هەبوون، جەوهەر نامیق لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، ئەم خولە تا ٢٠٠٢ بەهۆی شەڕی ناوخۆ درێژکرایەوە.

 

لە خولی یەکەمدا ١٧٣ یاسا پەسەندکراوە، لەگەڵ ئەوەی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩٢ دەستی پێکرد، بەڵام پەرلەمانی کوردستان بۆ بە بەشداری سەرجەم حزبەکان تا ٣١ ئاب بەردەوام کۆبوونەوەی ئەنجام داوە، ٥٩ پەرلەمانتار وەک هەڵوێستێک دژی شەڕی ناوخۆ ماوەی ١٠١ ڕۆژ لە پەرلەماندا پەناگیری خۆیان ڕاگەیاند.

 

لە خولی دووەمدا، لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٨، ژمارەی پەرلەمانتارەکان بۆ ١١١ پەرلەمانتار زیادکرا، لەو خولەشدا ٧٩ یاسا پەسەندکرا.

لە خولی سێیەمدا لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢، ٦٦ یاسا پەسەند کرا، لەگەڵ ئەم خولەدا کێشە و ململانێ حزبییەکان هێنرانە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، لەم خولەدا عەبدوڵای مەلا نوری، پەرلەمانتاری گۆڕان تاکی پێڵاوەکەی گرتە کەمال کەرکوکی، سەرۆکی ئەو کاتی پەرلەمانی کوردستان.

 

لە خولی چوارەمدا، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار کەسێک جگە لە پارتی و یەکێتی بووە سەرۆکی پەرلەمان، کە د.یوسف محەمەد لە پشکی گۆڕان بووە سەرۆکی پەرلەمان، کێشە و ئاڵۆزییەکان تا دەهات زیاتر دەبوو.

 

لەماوەی یەک ساڵی پەرلەماندا هیچ یاسایەک پەسەند نەکرا

لەم خولەدا لە ١٢/١٠/٢٠١٥ بەهۆی گفتوگۆکردن لەسەر یاسای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم گرژی کەوتە نێوان پارتی و گۆڕان، لە ئەنجامدا پارتی بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کرد بچێتە پەرلەمان، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥ تەنها ٩ یاسا پەسەندکرا، لە ٢٠١٦ هیچ یاسایەک پەسەند نەکرا، لە کۆی گشتی ئەو خولەدا ٣٧ یاسا پەسەند کرا.

 

ئێستا پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێنجەمدایە، بۆ یەکەمجار ژنێک بووەتە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەویش ڕێواز فایەقە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تا ئێستاش ٢٥ یاسا پەسەند کراوە، بەڵام لە خولەدا کەمن ئەو دانیشتنانەی بەبێ شەڕ و دروستبوونی کێشە تێپەڕبوون.

 

چەندین کێشە لە دانیشتنەکانی ئەم خولەدا دروستبوون، لەوانە ڕووداوە گەرم و پەیوەستەکان بە ژیانی هاوڵاتیان نەدەخرانە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، وەرنەگرتنی قسەی پەرلەمانتاران، شەڕ دروستبوون، لەبەر ئەوەی پارتی زیاتری ٪٥٠ پەرلەمانتارانە، بۆیە یاساکان بە خواستی ئەو تێدەپەڕێت ئەمەش پەرلەمانتارەکانی دیکە توڕە دەکات.

 

ئەم خولەی پەرلەمان زۆرترین ڕەخنەی لەسەرە

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەم خولەدا ڕووبەڕووی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوە، بەشێک لە چاودێر و شارەزایانی سیاسی لە وتارەکانیاندا ڕەخنە لە ئەدای پەرلەمان دەگرن، دەڵێن پەرلەمان پێگەی خۆی لەدەست داوە، بووەتە ناوەندی بە شەرعی کردنی بڕیاری حزبەکان و سەربەخۆی لەدەست داوە، لە تەنزی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنوسرێت "پەرلەمان بووەتە مەیدانی جەنگ و بۆکسێن".

 

یەکێکی دیکە لەو ڕەخنانەی دەگیرێت، ئەوەیە لە کاتێکدا باری ئابوری هاوڵاتیان لەوپەڕی خراپیدا بوو، خۆپیشاندان زۆرینەی ناوچەکانی زۆنی سەوزییان گرتبووەوە و چەندین کەس گیانیان لەدەستدا، بۆردومانکردنی کونەماسی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنەکانیدا هیچ یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نەخستبووە بەرنامەی کارەوە و قسەی لەسەر بابەتە لاوەکییەکان دەکرد، ئەمەش پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی دیکەی توڕە کرد، بۆیە گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبن بە بەردەوامی.

 

ئێستا پەرلەمانتاران نەشارەزان لە بوارەکەیاندا

لەماوەی سێ خولی ڕابردوودا، زۆرینەی ئەوانەی دەبوونە پەرلەمانتاران کەسانی شارەزا و بە ئەزموون بوون، خولی یەکەمی پەرلەمان دەرخەری ئەم ڕاستییە بوو، بەڵام بە پێچەوانەوە لە خولی پێنجەمدا زۆرینەوەی ئەوانەی بوونەتە پەرلەمانتار، کەسانی گۆرانیبێژ، ڕاگەیاندنکار و نەشارەزا لە سیاسەتن، هەر وەک لە یەکێک لە پەرلەمانتارەکان خۆی نایشارێتەوە و دەڵیت "من لە سیاسەت نازانم".

 

بە ڕای بەشێکی زۆر لە چاودێرانی سیاسی یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازی ئاستی پەرلەمان بۆ نەشارەزایی و لاوازی ئاستی پەرلەمانتارەکان دەگێڕنەوە، بەشێکیشیان بۆ لاوازی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کۆنتڕۆڵکردنی کۆی دامەزراوەی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە دەگێڕنەوە، پەرلەمانتارەکانیش خۆیان ڕەخنە لە ئەدای پەرلەمان دەگرن .

 

ئاشنا عەبدوڵا: پەرلەمان بێدەنگە و لە پشووی خۆیدایەتی

ئاشنا عەبدوڵا، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بارەی پەرلەمانەوە باس لەوەدەکات، پەرلەمان بووەتە وەزارەتی یاسادانان، حکومەت پەرلەمانی دەستەمۆ کردووە، لە کاتێکدا دۆخی ژیانی هاوڵاتیان زۆر خراپە، پەرلەمان بێدەنگە و لە پشووی خۆیدایەتی، بەڵام کەی حکومەت بیەوێت دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدات.

 

ئەو پەرلەمانتارە، بڵاویشی کردووەتەوە، "خه‌ڵك برسی‌ و بێ مووچه‌یه‌، له‌سه‌ر داواكردنی‌ ماف شه‌هید ده‌كرێت، داهات ناشه‌فافه‌ و قاچاخچێتی‌ ده‌كرێت و په‌رله‌مان بێده‌نگه‌ و پشوو وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی‌ حكومه‌ت بڕیاری‌ دانانی‌ وه‌زیرێك ده‌دات په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بێ ئەرزشكردنی‌ ڕۆڵی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ په‌رله‌مانە،

بۆیە گەر پەرلەمان لەخولی پێنجەم بەم شێوەیە بەردەوام بێت، باشتر وایە لە جیاتی ئەوەی بڵێین باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان پێی بوترێت دەستە یان وەزارەتی یاسادانانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران".

 

لە پۆستێکی دیکەشیدا دەڵێت، " دەسەڵاتێک کە لەپێناو خواستەکانی خۆی پەرلەمان بەکاربهێنێت و پەرلەمانێکی گوێڕایەڵی بوێت، دەبێت دنیا بینی هێندە فراوانبێت کە دیموکراسی واناخوازێت".

 

مژدە مەحمود: نێوانی دانیشتنی پەرلەمان هێندە زۆرە، نازانرێت کەی کۆبوونەوە ئەنجامدراوە

 

مژدە مەحمود، ئەندام پەرلەمان لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها باس لەوە دەکات ئەوان وەک فراکسیۆنەکان لە ئەدای پەرلەمان ڕازی نین، هەرچەندە قەیرانەکان بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، ئەوان وەک پەرلەمانتار چەندین ڕێگا چارەیان پێشنیار کردووە، بەڵام بەهۆی لاوازی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە سودی نییە، نێوان دوو دانیشتنی پەرلەمان هێندە زۆرە، کە بیرییان نایەت کەی کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام دراوە.

 

ئەو پەرلەمانتارە، نایشارێتەوە، کە بە بیانووی پەیڕەوی ناوخۆ ڕێگە ناردرێت بە ئازادی قسەبکەن، لە کاتێکدا ئەوان نوێنەری هاوڵاتیانن، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بابەتەکانی ژیانی هاوڵاتی ناخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، بەڵام ئەو بابەتانەی لە ڕێیەوە پارە بۆ حکومەت بەدەست دەهێندرێت دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.

 

بەهار عەبدولڕەحمان: هەیمەنەی حزب بەسەر دەسەڵاتەکاندا زاڵبووە

 

بەهار عەبدولڕەحمان، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، بێ ئەرزشی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بۆ سیستمی حکومڕانی هەرێمی کوردستان گێڕایەوە، بەشێکی دیکەشی بۆ نەبوونی ئەزموون لە خەباتی مەدەنیدا گێڕایەوە.

 

بەهار عەبدولڕەحمان، باس لەوە دەکات ئەقڵیەتی خەباتی شۆڕشگێڕی شاخ، گوێزراوەتەوە بۆ خەباتی مەدەنی، بۆیە حزب و کەسایەتی ناو حزبەکان زیاتر دەتوانن ڕۆڵ ببینن، دەسەڵاتی حزب و کەسەکان لە سەروو دەسەڵاتی دامەزراوەکانەوەیە، ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەسەڵاتەکانیان بەکاردەهێنن، دەشڵێت "هەیمەنەی حزب بەسەر دەسەڵاتەکاندا زاڵبووە، دەسەڵاتی دامەزراوەکان ناتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن".

 

لە کۆتایشدا باشترین چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕای بەهار، پەرلەمانتاری خولی پێشوو، گۆڕینی سیستمی ئەم هەرێمەیە، دەڵێت "چارەسەر گۆڕینی ئەم سیستمەیە، ئەو کەسانەی لە دەسەڵاتدا بن کە خەباتی مەدەنییان هەبێت، دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار نەهێنن، وە دەبێت چوارچێوەی دامەزراوەیی پەیڕەو بکرێت هەر دەسەڵاتێک ڕۆڵی خۆی ببینیت".

 

ئێستا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە زهنی هاوڵاتیاندا لە جیاتی دامەزراوەییەک بۆ یاسادانان، یەکێکە لە پایەکانی دەسەڵات و دەسەڵاتی یەکەم بۆ یاسادانان و لێپرسینەوە، هەروەها بووەتە دامەزراوەیەک کە تەنها بارگرانی بۆ دارایی ئەم هەرێمە دروستکردووە و زیادەیە.

 

ت.پ