خاپورکردنی سەیدسادق لە زاری خانمەوە

خانمی سەیدسادقی لە یادی خاپورکردنی سەیدسادقدا دەیگێڕێتەوە ڕژێمی بەعسی عێراقی هەموو ماڵەکانی شارۆچکەی سەیدسادقی ڕووخاندووە و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە کاریگەری لەسەر بەشێک لە هاوڵاتیانی شارەکە هەبووە.

خانمی سەیدسادقی لە یادی خاپورکردنی سەیدسادقدا دەیگێڕێتەوە ڕژێمی بەعسی عێراقی هەموو ماڵەکانی شارۆچکەی سەیدسادقی ڕووخاندووە و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە کاریگەری لەسەر بەشێک لە هاوڵاتیانی شارەکە هەبووە.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- لە یادی خاپوکردنی شارۆچکەی سەیدسادقدا لە رۆژی ٢٥ی ئازاری ١٩٨٨، خانم حەمە سەعید کە دانیشتووی شارۆچکەکەیە باس لە ڕووداوەکانی خاپورکردنی سەیدسادق و کاریگەرییەکانی لەسەر هاوڵاتیان دەکات، چیرۆکی خۆی لەو ساڵەدا بۆ ژنها باس دەکات.

 

سەیدسادق لە ساڵی ١٩٨٨دا لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە ڕووبەڕووی خاپورکردن بووەتەوە، کە تەواوی خانوو و ماڵ و قوتابخانە و نەخۆشخانە و باخچەکانی شار و گوندەکانی دەورووبەری شارۆچکەکەی ڕووخاندووە و هاوڵاتیانی ناچار بە ڕاگواستن کردن لە زێدی خۆیانەوە کردووە، جگە لەوەی چەندین جاری تر ڕژێمی بەعس  ئەو شارۆچکەیەی وێرانکردووە و هاوڵاتیانی ڕاگواستووە لەوانە لەساڵی ١٩٨٧ و ١٩٩١.

 

خانم حەمە سەعید ژنێکی شۆڕشگێڕی دانیشتووی  سەیدسادقە باس لەوە دەکات دووەم خاپورکردنی سەیدسادق چەند ڕۆژێک دوایی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بووە و دەڵێت: کیمیاییەکە کاریگەری لەسەر بەشێک لە هاوڵاتیانی سەیدسادقیش هەبووە.

 

لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی ڕاگواستن و سەركوتكردنی ناوچە سنووریەكانی كوردستان لە ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨ ڕژێمی بەعس خەڵكی سەیدسادقی ڕاگواست بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێكان، خانو و ماڵ، خوێندنگە، باخ و باخچەکانی ئەو شارەی خاپوورکرد پاش ئەوەش هاوڵاتیانی شارۆچکەکە ڕوو لە عەربەت، باریکە، قەرەداغ، سلێمانی و شوێنەکانی تری باشوری کوردستان دەکەن و بەشێکشیان بەهۆی خراپی باری داراییانەوە لەدواتردا ناگەڕێنەوە شارەکە و نیشتەجێی دەرەوەی سەیدسادق دەبن.

 

لەدوای خاپورکردنی سەیدسادقەوە، هاوڵاتیان لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا شارەکەیان بونیاد ناوەتەوە، ئەگرچی هاوڵاتیان خۆیان خزمەتیان بە ئاوەدانکردنەوەی سەیدسادق کرد لەدوای خاپورکردنییەوە، بەڵام لەدوای دروستبوونی حکومەتی کوردی خزمەتێکی پێویست نەکراوە بە شارۆچکەکە و لە ڕووی تەندروستی، ڕۆشنبیری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە لە خراپترین ئاستدایە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.

 

ت.پ