بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا ناگاتە ٪٢٥

بەشداری ژن لە کایەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا ڕێژەی ٪٢٥ تێپەڕ ناکات، ژنانی ناو کایە سیاسیەکانیش بۆ چەند هۆکارێکی دەگەڕێننەوە لە بەشدارنەبوونیان، تا ئێستاش هیچ بەرپرسی لقی حزبێک ژن نییە.

بەشداری ژن لە کایەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا ڕێژەی ٪٢٥  تێپەڕ ناکات، ژنانی ناو کایە سیاسیەکانیش بۆ چەند هۆکارێکی دەگەڕێننەوە لە بەشدارنەبوونیان، تا ئێستاش هیچ بەرپرسی لقی حزبێک ژن نییە.

 

تەرزە تەها 

سلێمانی- لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا دەستیپێکردووە، بەشێک لە ژنانیش گەیشتوونەتە ئاستی ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی. لەم ڕاپۆرتەدا ڕێژەی بەشداری ژنان لە حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان خراوەتە ڕوو.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاژانسی ژنها، هیچ یەک لە حزبەکان بەشداری ژنان تێیدا نەگەیشتووەتە ڕێژەی ٪٢٥، سەرباری ئەوەی تا ئێستا هیچ ژنێک نەبووەتە سەرۆکی حزبێک، نەشبوونەتە بەرپرسی لقی حزبێک لە ناوچەیەکەدا و سەرجەمیان لە لایەن پیاوانەوە کۆنتڕۆڵ کراون، جگە لە یەکێتی نیشتمانی کورستان کە لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدادی ژنە.

 

لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە ١٢٤ ئەندام پێکدێت، لەو ژمارەیەش تەنها ٢٦ ئەندامی ژنە، ئەندامانی مەکتەب سیاسیش لە شەش ئەندامدا یەک ژن بوونی هەیە، لە کۆی ٢١ پەرلەمانتار لە هەرێمی کوردستان شەش پەرلەمانتاری ژن هەیە بە سەرۆکی پەرلەمانەوە، بەپێی ئەم بەشداریکردنانە ٪٢١.٨ی ئەم حزبە لە ژن پێکهاتووە.

 

لە پارتی دیموکراتی کوردستاندا، لە کۆی گشتی ١٣ ئەندامی مەکتەب سیاسی ژنی تێدا نییە، لە کۆی ٥١ ئەندامی سەرکردایەتی حەوتی ژنە و لە ٤١ پەرلەمانتار ١٤یان ژنن، بەپێی ئەمەش ڕێژەی ژن لەو حزبەدا ٪٢٠.

 

لە بزووتنەوەی گۆڕاندا، لە کۆی ٤٧ ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی چوار ژنن، لە ئەندامی جڤاتی گشتیشدا لە کۆی ٥٦ ئەندام حەوتی ژنە، لە خانەی ڕاپەڕاندنیشدا لە حەوت ئەندام هیچ ژن بەشدار نییە، لە کۆی ١٢ پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان چوار پەرلەمانتاری ژنە، بەمەش لەم چوار کایەیەی بزووتنەوەکەدا ڕێژەی ٪١٢.٢ لە ژن پێکدێت.

 

لە کۆمەڵی ئیسلامیدا، لە کۆی هەشت ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی تەنها یەک ئەندامی ژنە، لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیش لە کۆی ٣٤ ئەندام چوار ژن هەڵبژێرراون، لە کۆی حەوت پەرلەمانتاریش دووانیان ژنە، بەمەش ٪١٤.٢ی کۆمەڵی ئیسلامی لە ژن پێکدێت.

لە یەکگرتووی ئیسلامیدا، لە کۆی ٤٣ ئەندامی مەکتەب سیاسی نۆی ژنە، لە کۆی ٩ ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردن سیانیان ژنن و دوو پەرلەمانتاری ژنیان هەیە لە پەرلەماندا لە کۆی پێنج پەرلەمانتار، ئەم ڕێژەی بەشداری ژنانە لە یەکگرتووی ئیسلامیدا ٪٢٤.٥.

 

لە نەوەی نوێدا تەنها یەک ژن لە ئەنجومەنی باڵای سیاسیدا هەیە، لەگەڵ یەک ژنی پەرلەمانتار لە کۆی چوار پەرلەمانتار.

لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستاندا، ئەنجومەنی گشتییەکەی لە کۆی ٢٥ ئەندام دووانیان ژنە، لە مەکتەب سیاسی ئەو حزبەدا لە کۆی پێنج ئەندام هیچی ژنێکی تێدا نییە، ئەمەش واتە تەنها ٪٦.٦ ئەو حزبە لە ژن پێکهاتووە.

 

لە حزبی شیوعیدا لە کۆی حەوت ئەندامی مەکتەب سیاسی تەنها یەک ژن هەیە، لە کۆمیتەی ناوەندیشدا لە ٢٥ ئەندام تەنها چوار ژن هەیە، واتە ٪١٥.٦ لە ژن پێکهاتووە.

ئەگەرچی بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی زۆرینەی حزبەکان نابێت ڕێژەی ژن ٪٢٠ کەمتر بێت، بەڵام سەرجەم حزبەکان ٪٢٥ تێپەڕ نەکردووە.

 

تەنها بۆ بانگەشە باس لە بوونی ژن دەکرێت

کۆی ئەم بەڵگانە ئەوە دەردەخەن، سەرباری ئەوەی بەردەوام بەرپرسە حزبییەکان بانگەشەی گرنگیدان بە ژنان و تواناکانیان دەکەن، بەڵام وەک ژنان خۆیان باسی دەکەن، تەنها قسەی سەر شاشەکانە و لە ڕاستیدا بەو جۆرە نییە.

 

تەنها لەسەر شاشە پشتگیری ژنان دەکرێت

شلێر غەفور، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەرچی لەسەر شاشەکان بەردەوام دەوترێت پشتگیری ژنان دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەو جۆرە نییە هەروەها دەڵێت: "چەندین پیاو لەسەر شاشەکان بەشی کەسیان لە پاڵپشتی بۆ ژنان نەهێشتووەتەوە، بەڵام ئایا لە جێبەجێکردندا بەو جۆرەیە؟".

جگە لە پاڵپشتیکردنی ژنان، شلێر غەفوور باس لەوەش دەکات، چەند هۆکارێکی دیکە بۆ نەبوونی ڕۆڵی ژنان لە کایەی سیاسیدا هەیە، لەوانە هەوڵنەدانی ژنان و نەقۆستنەوەی ئەو دەرفەتەیە دێتە بەردەمیان، سەرباری ئەوەی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا چەندین بەرپرسیارێتیان هەیە، وەک خێزانداری و پەروەردەی منداڵ، لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە ئەو قسە و قسەڵۆکانەی دەربارەی دەکرێت.

 

بەشداری کارای ژنان کەمە لە بواری سیاسی و ئابوریدا

ئەمەل سەعید، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانە، پاش ساڵانێک لە خزمەت توانیوویەتی بگاتە ئەو پلەیە، باس لەوە دەکات بەشداری ژنان دەبێت تەنها بە ژمارە نەبێت و بەڵکو بگاتە پێگەی بڕیاردان، بۆ ئەمەش دەبێت باوەڕی بە خۆی هەبێت و هەوڵ و ماندووبون بۆ پەروەردەکردنی خۆی بدات.

ئەمەل جەلال، ئەوەش دەخاتەڕوو، تا ئێستا لە باشوری کوردستان بەشداری کارای بواری سیاسی و ئابوری ژنان کەمە، هێشتا زۆرینەیان نەگەشتوونەتە پێگەی بڕیاردان، بۆ ئەمەش پێویستە ژنان بزانن، بۆچی دەیانەوێت ئەو پۆستە وەربگرن، ئایا بۆ خزمەتی هاوڵاتی و ژنانە، یاخود بەرژەوەندی تایبەت هەیە.

 

لە کۆتایشدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، نابێت ژنان چاوەڕێی سیستمی کۆتا بکەن تا بەشدارییان پێبکرێت، بەڵکو دەبێت بە هەوڵی خۆیان بگەنە ئەو پلەیە و بەشداری بکەن لە سەرجەم کایەکاندا، بۆ ئەمەش ژنان دەبێت وێنای بەهێزی ژنان، ڕاستگۆی و دادپەروەیی نیشانبدەن.

ئەگەرچی بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا بەردەوام باس دەکرێت، بەڵام تا ئێستاش وەک دەردەکەوێت بەشداری ژنان لە ڕووی چەندێتیەوە تەنها لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات، لە ڕووی پێگەی بڕیاردانیشەوە زۆر لاوازە و کەمن ئەو ژنانەی گەیشتوونەتە ئەو پلەیە.

 

ت.پ