"هێرشەکانی سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شکستی تورکیا نیشان دەدەن"

لەیلا قەهرەمان، جێگری هاوسەرۆکی حزبی داهاتووی سوریا ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی سەرەکی ژنان و هەموو گەلانی ناوچەکەیان کردووەتە ئامانج.

 

ڕیم محەمەد

ڕەقە-  سوپای تورکیای داگیرکەر بەم دواییانە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر کردووە و شاری کۆبانێ و گوندەکانی حەسەکە-ی باکوری ڕۆژئاوای بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان شەهید و بە سەختی برینداربوون.

 

جێگری هاوسەرۆکی داهاتووی پارتی سوریا لەیلا قەهرەمان لەبارەی ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتی: "خۆبەڕێوەبەری لە هەموو ئاستەکان چ سیاسی، چ کلتوری، دیپلۆماسی، چ ئاسایش لە ناوچەکەدا هەنگاوی گەورەی ناوە، هەروەها گەنجان پێشەنگی سەرەکی دروستکردنی کۆمەڵگان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەوانەی بە بەهێزکردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری هەنگاوی بەهێز و دەستکەوتی گەورەیان بەدەست هێناوە گەنجن، بۆیە دەوڵەتی تورک بەردەوام هێرش ئەنجام دەدات و لە پلەی یەکەمدا ژنان دەکاتە ئامانج، بەڵام لە ئێستادا بە دڕندەترین شێوە بە ژن و منداڵیشەوە دەکاتە ئامانج.

 

لەیلا قەهرەمان، ڕەخنەشی لە ڕۆڵی نەرێنی وڵاتانی گەرەنتی گرت و بە تایبەتی ئاماژەی بە ڕووسیا کرد و وتی: "ئەو گوێ بەو هێرشانە نادات کە دەوڵەتی تورک دەیکاتە سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هاوڵاتیانی مەدەنی دەکرێنە ئامانج، تەنها تەماشا دەکات و بێدەنگە".

 

دەوڵەتی تورک پەیمانە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات

لەیلا قەهرەمان ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پێشێلکارییە بەرامبەر بە منداڵان و ڕایگەیاند، لە نێو ئەو پێشێلکاریانەدا ڕووداوی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ بەناوی عەبدۆ مستەفا حەنیفی لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە ئەنجامی بۆردومانی ماڵەکەیان لە گوندی قەرەموخ قاچێکی لەدەستدا، وتی: " بەپێی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان مافی منداڵان هەیە و ئەو پێشێلکارییەی دەوڵەتی تورک لە گوندی قەرەموخی کۆبانێ ئەنجام دراوە کە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ قاچێکی لەدەست داوە، دەوڵەتی تورک هێرشەکانی ڕاناوەستێ و پەیمانە نێودەوڵەتیەکان پێشێل دەکات".

 

"بەهۆی ئەوەی داعش لە کۆبانێ شکستی هێناوە، دەوڵەتی تورک کۆبانێ دەکاتە ئامانج"

لەیلا قەهرەمان ئاماژەی بەوەدا کە بەئامانج گرتنی کۆبانێ چەندین هۆکار و مانای هەیە و وتی: "هۆکاری زۆر هەیە کە دەوڵەتی تورک کۆبانێ بکاتە ئامانج، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کۆبانێ سمبولی سەرکەوتنە و کچان و گەنجانی کۆبانێ بە تێکۆشانی خۆیان مێژوویان لە لاپەڕەکانی مێژوودا نووسیوە، کۆبانی ئەفسانەی مێژوو و سەرکەوتنە، تێکۆشانمان بۆ ئازادی و دیموکراسی بەردەوام دەبێت و پرۆژەکانمان بە درێژایی جوگرافیای سوریا بەرفراوانتر دەکەین، هەرچەندە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵ دەدات هەرێمەکانمان بە ئامانج بگرێت، بەڵام سوریا دەبێتە جێگای دیموکراسی هەمەلایەن و لامەرکەز".