یاریگای نەورۆز و قامیشلۆ هەمان دیمەن و دوو بیری جیاواز

شەڕی یاریگای قامیشلۆ بیری نەتەوەپەستی و جیاکاری هەڵگیرسێنەری بوو، بەڵام شەڕی یاریگای نەورۆز بیری شارچێتی و خۆقبوڵنەکردن دێنێتە بەرچاو.

لاڤە کوردە

 

شەوی ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥، لە یارییەکی گەڕی ٢٩ی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی وەرزشی نەورۆز، گرژی دروست بوو لە نیوان هاندەرانی هەردوو یانەکە و بووە هۆی وەستاندنی یارییەکە و برینداربوونی ژمارەیەک هاندەر. 

 

بەپێی ئامارێکی تەندروستی سلێمانی، بەهۆی ئەو گرژیی و ئاڵۆزیانەی لەنێوان هاندەرانی یانەی وەرزشی نەورۆز و زاخۆ دروست بوو ،٦٢ هاوڵاتی برینداربوون كە ٢٥ برینداریان لەشوێنی رووداوەكە لەیاریگای نەورۆز و ٢٧ بریندار بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە. 

 

ئەم ڕووداوەی یاریگای نەورۆز، هاوشێوەی ڕووداوێکە کە ٢١ ساڵ بەر لە ئێستا ڕوویداوە ئەویش یاریگای١٢ی ئادار لە قامیشلۆیە. 

 

لە کوردستان دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان هەمیشە بە بیانووی جیاواز کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی کورد ئەنجام دەدات، یەکێ لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژیی قامیشلۆیە، لە ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ لە ئەنجامی یاری نێوان تیپی جیهاد (تیپی قامیشلۆ) و تیپی فتوێ (تیپی دێرەزۆر) لە یاریگای تۆپی پێی شاری قامیشلۆ هێرشێکی نەژادپەرستانە کرایە سەر گەلی کورد و لە ئەنجامدا ٩ کەس کە دووانیان منداڵ بوون، گیانیان لەدەستدا.

 

جیاوازی ئەو دوو ڕووداوە  

جیاوازی شەڕەکەی یاریگای نەورۆز و یاریگای قامیشلۆ، لە شەڕی نێوان کورد و عەرەبەوە بۆ شەڕی کورد و کورد "براکوژی"یە، ئەوەی قامیشلۆ لە بیری نەتەوەپەرستییەوە سەریهەڵدا، کاتێک نەتەوەکانی دیکە کوردیان پێ قبوڵ ناکرێت و نەکراوە، هەمیشە نەتەوەکانی دیکەیان دژی کورد هانداوە و ئاژاوەیان لەنێوان پێکهاتەکان دروست کردووە. 

 

ئەم بیری نەتەوەپەرستییە "ناسیۆنالیزم"ە، هەمیشە یەک زمان و یەک ئاڵای زاڵ کردووە، کوردستانیش کە بەسەر چوار دەوڵەتی ناسیۆنالیزمدا دابەش کراوە، هەمیشە زمان و ئاڵاکەی ڕەتکراوەتەوە، بەهەرڕێگەیەک دژایەتی کراوە و کراوەتە ئامانج، لەسووریا ڕژێمی بەعس لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی، و گەڕاندنەوەی رابردوو کە عەرەب زاڵ و باڵادەست بوون دامەزرابوو، خواستی بەعەرەب کردنی کورد بوو، هەمیشە پێکهاتەی عەرەبی بەرامبەر کورد هاندەدا، بیری نەتەوەپەرستی لە لایەن فاشیزمەوە کراوەتە کولتوورێک، بە درێژایی مێژوو بەرامبەر کورد ئەم کولتوورە بە زیندوویی هێلدراوەتەوە. 

 

نەتەوەپەرستی بۆ شارچێتی

ئەم کولتوورە لە فۆرمێکی تردا پەرەی پێدراوە، لە پێکهاتە جیاوازەکانەوە، بۆ نێوان پێکهاتەیەک، فاشیزم بیری نەتەوەپەرستی گۆڕی بۆ بیری شارچێتی، بەجۆرێک لە باشووری کوردستان لەنێوان پێکهاتەی کورد خۆیدا، ئەم بیرە گەشەی کردووە، نەک پێکەوەژیانی گەلان قبوڵ نەکات، بەڵکو کورد لە بەرامبەر کورد دژایەتی دەکات، شارێک لە شارێکی دیکە جیاوازتر بیر دەکاتەوە، شارەکەی خۆی زاڵ دەکات بەسەر ئەوی تردا پێی دەوترێت "شارچێتی"، ئەمەش بووەتە هۆی لێکترازان لەبری پێکەوەژیان.

 

لە جیهاندا کێبڕکێی پێشکەوتنی نێوان شارەکان هەیە، بەڵام لە باشووری کوردستان شارچێتی و شکاندنی شارەکان پەرەی پێدراوە، لە نێوان سلێمانی لەگەڵ هەولێرو دهۆک و زاخۆ بیرێک هەیە دژایەتی دەکات، ئەمە قوڵبووەتەوە بۆ شارچێتی، گرژییەکەی یاریگای نەورۆز پێمان دەڵێت، پێکەوەژیانی کوردو کورد لەنێوان شارەکانی باشووردا مەترسیدار بووە، هەر لە پەروەردەوە تا هونەرو وەرزش، لە خزمەتگوزاریشدا ڕەنگی داوەتەوە.

 

بەم جۆرە دەوڵەتی نەتەوەپەرست لە ڕێگەی ئاژاوەگێری پێکهاتە جیاوازەکانەوە بیری خۆی خزاندۆتەوە ناو پێکهاتەیەکەوە، ئاژاوەی لە نیوان گەلی کورد لە باشووری کوردستان دروست کردووە، ئەگەر ٢١ ساڵ پێش ئێستا ئاژاوەی لەنێوان کورد و عەرەب لە یاریگای قامیشلۆ هەڵگیرساندبێت، ئەوا لەئێستادا ئاژاوەی لەنێوان کوردی هاوزمان و هاونیشیمان و هاودۆز هەڵگیرساندووە.