کاریگەریی میدیا لەسەر وێنەی ژن

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی - نووسەر

 کەناڵەکانی میدیا و راگەیاندن رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پێکهێنانی وێنەی ژن لە کۆمەڵگەدا، جا بەشێوەیەکی نێگەتیڤ بێت یان پۆزەتیڤ، ئەوەش بێگومان کاریگەریی دەبێت لەسەر کۆی ژنان و کچان لە کۆمەڵگەدا لە چەندین رووەوە، یەکێک لەوانە دروستکردنی متمانەیە بە خودی خۆیان و بڕواکردنە بەوەی ژن چ هێز و توانایەکی هەیە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری و گەشەسەندنی کۆمەڵگە، بۆ نموونە کاتێک وێنە و چیرۆکی ژنە سەرکەوتووەکان پیشان دەدرێن، لەگەڵ ئەو هەوڵ و قوربانیدانانەی پێشکەشیان کردووە بۆ گەیشتن بە ئەمڕۆ کاریگەریی پۆزەتیڤی دەبێت، واتا کاتێک کچێکی گەنج یان ژنێک هەستدەکات بێ توانا و بێ سوودە لەم ژیانەدا، ئەو جۆرە وێنانە هانی دەدەن بەردەوام بێت و لە جێیەکدا ئەویش خودی خۆی بدۆزێتەوە. کەواتە میدیا و راگەیاندن دەتوانن رۆڵیان هەبێت لەوەی ژن لە کۆمەڵگەدا بە بارە پۆزەتیڤەکەدا بەهێز بکەن کە ئەوەش یەکێکە لە بنەماکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە رووی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیریی و زانستییەوە.

 

هاوکات بە داخەوە، وەک لە بەشێک لە بەناو کەناڵە میدیاییەکانی ئێستادا دەیانبینین، وێنەیەکی نێگەتیڤی ژن پێشکەش دەکەن. دەبینین لەبری ئەوەی چیرۆکی سەرکەوتنی بۆ نموونە کچە خوێندکارێک یان ژنێکی خاوەن پرۆژەی بچووک یان ژینگەدۆست و مرۆڤدۆستێک دەربخەن و گرنگی پێبدەن، چیرۆکی ئەو ژنانەی وێنەیەکی رووکەش و ناشیرین سەبارەت بە ژن پێشکەش دەکەن بڵاودەکەنەوە، بەو جۆرەش ژنان و کچان فێردەکەن تەنیا گرنگی بە بابەتە لاوەکییەکان بدەن. 


رۆژانە جگە لە دووبارەبوونەوەی دەرکەوتنی بەناو مۆدێلەکان لە زۆرێک لە بەرنامەکانی کات بەسەربردن و هونەرییەکاندا، کە زۆرجار هەر بە تەماشاکردنیان شەرم دەکەیت لەوەی تۆش ژنیت و راستەوخۆ لە نەستدا وێنەی ژن کە خۆتی لەلات ناشیرین دەبێت. هەروەها زۆرێک لە کەناڵەکان لە پێشکەشکردنی دراما تورکییە ئاست نزمەکان بەردەوامن لەو کاتانەدا کە خێزان کۆدەبێتەوە، بۆیە هەستدەکەیت ئەوە جۆرە هەوڵێکە بۆ تێکدانی وێنەی ژن، ئینجا نەهێشتن و کاڵکردنەوەی بەها و پەیوەندییە خێزانیی و کۆمەڵایەتییەکان.


دواجار کاتێک ئەو جۆرە بەرنامانە لە میدیا و کەناڵەکاندا دەبینین ئەو پرسیارە دروست دەبێت ئایا بەڕاستی بەرنامەداڕێژەرانی ئەو کەناڵانە کاریگەرییە خراپەکانی پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانە نازانن یان بە دەستی ئەنقەست دەیانەوێت خەڵکی بەو جۆرە بابەتانەوە سەرقاڵبکەن، بۆ لە بیرکردنی ئەو کێشانەی ساڵانێکە خەڵکی پێوەی گیرۆدەن؟