پێگەیاندنی ژنان لەنێو حزبە سیاسییەکاندا

نیان خەسرەو - نووسەر

هەر لە کۆنەوە ژن هاوبەشێکی کارابووە لە دروستکردنی ژیاندا، چەندین نەوە و پیاوی مەزنی پێگەیاندووە، کشتوکاڵی بەڕێوەبردووە، قورسایی جەنگ و ئاشتی لەسەر شان بووە.


لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهانی نوێدا، چیتر خانمان لە چوارچێوەی رۆڵە تەقلیدییەکەیاندا نامێننەوە، بەڵکو شۆڕشێکی گەورەیان بەرپا کرد و بەشێوەیەکی کارا هاتنە ناو بوارەکانی، زانست، ئابووری، هونەر، سیاسەت، لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئەم ساتە رێگەی خانمان لە گۆڕەپانی حزبە سیاسییەکاندا گەمارۆدراوە بە ترس و بەربەست، نەریتی ناوچەکە بەگشتی واقیعێکی سەلماندووە کە تەنها پیاوان رێگەپێدراون بیر و خەیاڵیان فراوان بێ، بە ئاراستەی گەیشتن بە پلەو و پۆستی باڵا، بە پێچەوانەی وڵاتانی دنیاوە، کە لە هەندێکیاندا ژنان سەرۆکی حزب و وڵاتن، بەڵام جیا لەو نەریتە خراپەی هەیە لە ناوچەکەدا، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بەردەوام هانی ژنانی دەدا کار لەسەر خۆیان بکەن و پێبگەن و دەیفەرموو: «دەبێت ئامانجەکانتان گەورە بێت لە نێو حزبدا و کار بۆ ئەوە بکەن ببن بە سکرتێری حزب». ئەو خانمەی کە خودی خۆی دروست دەکات لە بۆشاییەوە ئەمە ناکات، بەڵکو لە ئاگایی و هۆشیاریی کەڵەکەبوو و ئەزموونی بەردەوامی، ئەم گەشتە بەخۆ فێرکردن و زانیاری دەستپێدەکات، هەروەها بە کارەکانی و بەشدارییە کۆمەڵایەتییەکەی، تا دەگاتە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی کردن.


رۆڵی ژن بچووک دەکەنەوە
لە زۆربەی وڵاتاندا، خانمان ئەوەیان سەلماندووە کە دەتوانن بە دانایی و ئەزموونی خۆیان، دۆزی گەورە بەڕێوەببەن، ببن بە نموونە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەخشین لێرەدا بە واتای دەسکەوتی تاکیی نایەت، بەڵکو پاشخانێکی کۆمەڵایەتییە پەل دەهاوێژێ و دەچەسپێنرێ، سەرباری بوونی خانمانی داهێنەر و سەرکەوتوو لە بوارە جیاوازەکاندا، دەبینین حزبە سیاسییەکان زۆرجار رۆڵی ژن بچووک دەکەنەوە لە چەندین ئەرکی بچووک و لاوەکی، ئەمەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە:
*ترس لە گۆڕانکاری: ترسێک هەیە لەوەی خانمان لە شوێنی بڕیارداندا بن، رەنگە باڵانسی هێز، بـــەرژەوەندییەکانی حزب بگۆڕێت.
*هەیکەلیەتی جێندەریی حزبەکان: زۆربەی حزبەکان لەسەر ئەو بنەمایە دروستبوون کە پیاوان دەسەڵاتی رەهایان بەسەر حزبەکانەوە هەیە، ئەمە وادەکات سەرکەوتنی ژنان بۆ شوێنەکانی بڕیاردان دەگمەن و مەحاڵ بێت نەوەک بنەما.
*نەبوونی پاڵپشتیی ناوخۆیی: لاوازیی یەکگرتوویی ژنان لەناو حزبدا، بێبەشبوونی ژنان لە راهێنانی راستەقینەی سیاسەت دەکات.


بە رووکەش بوونیان هەبێت
ئەم بەربەستانە وا لەخانمان دەکەن، لە ریزی پێشەوەدا نەبن، یاخود تەنها بە رووکەش بوونیان هەبێت، بەڵام ئەزموونە جیهانییەکان ئەوەیان سەلماندووە، بەشداری ژنان لە سەرکردایەتی حزبەکاندا تێڕوانینێکی سەرتاسەری و مرۆڤانە و یەکسانیی دەخاتە سەر سیاسەتە گشتییەکان، پێگەیاندنی ژنان لە نێو حزبە سیاسییەکاندا هیچ منەتێک نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ دەوڵەمەندکردنی کاری سیاسی و دروستکردنی بڕیارەکانی کۆمەڵگەیە بە هەموو چین و توێژەکانەوە. 


ژنان توانای خۆیان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا سەلماندووە، بۆیە لەسەر ژنانە زیاتر پێداگربن لەسەر ئەوەی ببنە هاوبەشێکی کارا، چیتر لەنێو حزبەکاندا بە ئەرکی بچووک رازی نەبن، بەڵکو بەشدارێکی راستەقینەی پیاوان بن لە کایەی سیاسی و حزبیدا، ئەو کۆمەڵگەیەی نیوەی خۆی پەراوێز دەخات کە ژنانن، بەهیچ شێوەیەک پێی ناوترێت کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و یەکسان، ئەگەر خانمان توانیویانە لە دەرەوەی سیاسەت ببن بە سەرکردە، دەشتوانن ببن بەسەرکردەی سیاسی، بەڵام ئەمە نایەتەدی ئەگەر بێت و کۆت و بەندی پەراوێزیی نەشکێنن.