چۆن نەوەکانمان لە شۆکی دەروونی بپارێزین؟
شنۆ حەسەن عەلی- چالاکوانی دەروونی
پاراستنی منداڵ لە کاتی جەنگدا تەنیا دابینکردنی خۆراک و پەناگە نییە، بەڵکو بنیاتنانی قەڵغانێکی دەروونییە لەناو ناخیاندا، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین رێکارە پەروەردەییەکان بۆ کەمکردنەوەی شۆکی دەروونی و دڵەڕاوکێ لای منداڵان و چۆنیەتی گۆڕینی ترسەکانیان بۆ هەستی سەلامەتی لە رێگەی سۆز، یاری و راستگۆیی خێزانەوە.
لە جیهانێکدا کە جەنگ و ململانێ چەکدارییەکان بوونەتە بەشێک لە هەواڵەکانی رۆژ، منداڵان دەبنە قوربانیی یەکەمی ئەم ناسەقامگیرییانە. کاریگەریی جەنگ تەنیا لە وێرانکاریی باڵەخانەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو گەورەترین مەترسی لەسەر دەروونی منداڵان دروستدەکات. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئەرکی ئێمە وەک پەروەردەکار و خێزان چییە بۆ پاراستنی داهاتووی ئەوان؟ جەنگ وەک هەڕەشەیەکی دەروونی تەنیا پێکدادانی سەربازی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی وێرانکەری کۆمەڵایەتییە کە شیرازەی ژیان تێکدەدات. منداڵان لەم کاتانەدا تووشی شۆکی دەروونی "PTSD" دەبن، هەستکردن بە ناسەقامگیریی و کابووسی شەوانە دایان دەگرێت. جەنگ دەبێتە هۆی وەستانی گەشەی سروشتیی عەقڵی و کۆمەڵایەتی و وایان لێدەکات هەست بکەن جیهان چیتر شوێنێکی پارێزراو نییە بۆیان، لەم کاتەدا رێکارە پراکتیکییەکان بۆ پاراستنی دەروونی منداڵان ئەمانەن:
١- ئارامیی گەورەکان، ئاوێنەی ئارامیی منداڵانە: منداڵان وەک رادارن، بە وردی هەست بە ترس و دڵەڕاوکێی گەورەکانی دەوروبەریان دەکەن. لەبەرئەوە پێش هەر شتێک، پێویستە ئێمە ئارامیی جەستەیی و دەروونی خۆمان بپارێزین تا ببینە سەرچاوەی متمانە و دڵنیایی بۆ ئەوان.
٢- فلتەرکردنی زانیاریی و میدیا: یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان، تێپەڕبوونی دیمەنی توندوتیژ و هەواڵی ترسناکە بۆ ناو مێشکی منداڵ، پێویستە گەورەکان کۆنترۆڵی شاشەکان بکەن و رێگە نەدەن منداڵان وێنەی وێرانکاری ببینن، چونکە مێشکی منداڵ ناتوانێت ئەو وێنانە شیبکاتەوە و وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ دەیانبینێت.
٣- وەڵامدانەوەی راستگۆیانە و کورت: کاتێک منداڵ پرسیار دەکات، نابێت پشتگوێ بخرێت، بەڵکو پێویستە بە رەچاوکردنی تەمەنیان، وەڵامی کورت و رستگۆیانە و گونجاویان بدەینەوە بە بەکارهێنانی زمانێکی سادە کە دووربێت لە زاراوەی ترسناکی سەربازی، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان.
٤- بەکارهێنانی یاری وەک ئامرازێکی چارەسەر: منداڵ لە رێگەی یارییەوە هەوڵدەدات مانا بە رووداوە نادیارەکان بدات. پێویستە رێگرییان لێ نەکەین، بەڵکو یارییەکانیان بەرەو لایەنی مرۆڤدۆستی و بەزەیی ئاراستە بکەین، لەبەرئەوەی یاری دەکرێت ببێتە زمانێک بۆ بەتاڵکردنەوەی ترسەکان.
٥-پاراستنی ریتمی ژیانی رۆژانە: لە کاتی قەیراندا، پاراستنی کاتی خەوتن، نانخواردن و یاریکردن زۆر گرنگە، ئەم ریتمە جۆرێک لە "سیستم" دەبەخشێتە ژیانی منداڵ و هەستی بەردەوامی ژیانیان دەداتێ.
٦- هاندان بۆ دەربڕینی هەستەکان: زۆرجار منداڵان ناتوانن بە قسە بڵێن دەترسین، هاندانیان بۆ کێشانی وێنە یان نووسینی چیرۆکێکی کورت یارمەتییان دەدات ئەو وزە نەرێنییەی ناو ناخیان بەتاڵ بکەنەوە.
٧- باوەشی سۆزداری و گوێگرتن: باوەشێکی گەرم و گوێگرتن لە نیگەرانییەکانیان بەبێ هیچ گوشارێک، هەستی سەلامەتییان بۆ دەگەڕێنێتەوە، هەمیشە پێیان بڵێن: ئاساییە کە دەترسیت، ئێمە هەموومان لێرەین و پێکەوەین.
٨- فێرکردنی تەکنیكی هەناسەدان: وەک مامۆستا یان دایک و باوک، دەتوانین یاری "هەناسەدانی قووڵ" لەگەڵ منداڵ بکەین لە کاتی هەستکردن بە ترسدا، ئەمە یارمەتی کەمکردنەوەی لێدانی دڵ و نەمانی دڵەڕاوکێی کتوپڕ دەدات.
ئەرکی سەرشانی ئێمەی گەورەکانە ژینگەیەکی ئارام بۆ منداڵەکانمان فەراهەم بکەین، چونکە منداڵ تەنیا لە باوەشی خێزانێکی یەکگرتوودا دەتوانێت بەرگەی سەختترین دۆخەکان بگرێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە دەروونی منداڵەکەماندا دەیچێنین، داهاتووی کۆمەڵگەکەمان دیاریدەکات، هیوای سەلامەتی بۆ هەموو منداڵانی جیهان.