شۆڕشی ژن لە جەستەی ڕۆژی ژندا

شیرین تاهیر – نووسەر

لە یادی ڕۆژی ژناندا، با باسێک لە جوانی و سادەیی شۆڕشی ژن بکەین؛ کاتێک دەمانەوێت یەکێک لەو دۆخە مرۆییانە "شۆڕشی ژن، یان ڕۆژی ژن" هەڵبژێرین، دوو جۆر مێژووی بارکراو بە رووداو و ئاماژە و هۆکاری قوڵ و فرە لایەن درک دەکەین، یەکێکیان(ڕۆژی ژنان)ە کە وەک زەمەن ماوەیەکی دوورودرێژی بە سەردا تێپەڕیووە، ئەوەی دیکەشیان؛ هەنووکەییە و تێیدا دەژین. وەک قۆناغ؛ "شۆڕشی ژنە" هێشتا چێژ و گەرمی تێکۆشانی هەیە و بایەخ بە واتاکەی دەدەین، لەولاوە"ڕۆژی جیهانی ژنان" بە جۆرێک چێژ و گەرمی نەماوە کە وەک ئەکتی تێکۆشان؛ لە هەر یادکردنەوەیەکدا هەست بە دابڕانی زەمەنی دەکەین.

 

لە هەر ساتێکدا کە دۆخەکانمان زیاتر لەوەی ڕۆژی جیهانی ژنیان دروستکرد؛ سەرڕیژە لە هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەکی ڕەگەزی، بۆیە مەیلی سەختی خوێندنەوە و شوێنکەوتنی زیاتر داماندەگرێت بەرەو شۆڕشی نوێی (ژن –ژیان- ئازادی)، شۆڕشی ژن کە بە ئەشکەنجە و نیگەرانی زەمینەی خۆی گەرم کردووە و بەرگەی مانەوەی گرتووە و لە هەموو ڕوویەکەوە دەیەوێت گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەزموون بکات.

 

شۆڕشەکە دەمانبات تاکو قووڵایی ناوەوەی ناڕوونییەک لە دەرباز بوون؛ چەند بتوانین بڕۆین، دەستمان دەگرێت بەرەو تێکۆشانی گەرم و بڵێسەدار؛ لەو ڕۆژە سوورانەی کە ئیتر ناتوانین پاساو بهێنینەوە بۆ قەدەغەکردنی دەربڕینە تایبەتییەکانمان. ئەم ڕۆژانە کە "شۆڕشی ژن" لەناو سروشتێکی پڕ لە هیوادایە، بارودۆخەکان هەستیار و ترسناکن؛  چونکە شۆڕشەکە لە پشت پانتاییەکانی فیکرەوە دێت و دەیەوێت بە ناو جەستەی ئازادیدا بڵاوبێتەوە. ئەو کاتەی کارێزمای ئەم شۆڕشە وەک سیمبول دەبینرێت لە بەرانبەر درککردنی حوکمی ساختەی فاشیستەکان و ئاڵۆزی و گوشاری دامودەزگاکانی دەوڵەت، دەبێت "ژیناکان"یش وەک کارێزما و وەک کەسایەتی چارەنووسی ژن ببینین، دەشێت لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم خۆئازادکردنە ڕۆژێکی سپی بۆ دابنیین و ئامادەبین بۆ هەڵبژاردنی بڕێارێک کە لە خودی خۆماندا دەمانباتە دەرەوە، دەشێ بەو ترسەدا گوزەر بکەین و هێزەکەمان چڕبکەینەوە، تاکو خێراتر توانای وتنی ڕاستییەکانمان هەبێت.

 

دەکرێت بڵێین "مەرگی ژینا" هۆکارەکەی متمانە بەخۆبوون و سەربەخۆیی خودی بوو؛ ئەوەی ژینا و ملیۆنان کەس لە ئێران ڕەتیدەکەنەوە؛ یەکەم: ملکەچ نەبوونە بۆ ئەو فەرمایشتەی بانگەشەکەرانی مەزهەبێک یان ئاینێک دەیخوازن و پێداگری لەسەر دەکەن، دووەم: ڕەوتی تەدەینکردنە؛ کە خراپترین جۆری پیادەکردنی ئایینە، لەم حاڵەتەدا ئایین لە خزمەتی سیستمێکدایە کە ڕەگێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی فاشیستانەی هەیە، ئەمە وایکردووە ژنان ناکۆک بن لەگەڵ شێوازی سیستمەکە و بە شوێن دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ خۆئازادکردن؛ چونکە ئەوان دەیانەوێت خۆیان ئازاد بکەن لە نییەتەکانی شەرع و سەربەخۆ بن (وەک: لابردنی باڵاپۆش و لەچکەکانیان و بڕینی قژیان) ئەم بڕیارە پەڕگیرانە؛ ڕەتدانەوەیەکی ڕیشەییە دژ بەو زۆرلێکردنانەی سیستمەکە؛ کە بەردەوام ژنان زیاتر لە پیاوان بەریدەکەون.

 

سەبارەت بەویتریان (ڕۆژی جیهانی ژنان)، تاکو ئێستا ژنان- یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا لە ئەزموونکردنی چەوسانەوەدان، ژنان لە دوای ساتی ڕوودانی کارەساتی نیۆرک؛ هەموو فیکرێکی ڕاست و لیبراڵ و ڕادیکاڵ و چەپ- یان لە خەباتی ژندا بەرجەستە کرد، ئەوەش ڕاستە بڵێین ئەم ئاڕاستانە لە زەینی ژندا، ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژی هەبوو؛ بۆیە بەرجەستەبوونێكی "ئاکاریی" فیکریی لە ئەکتی ژندا کێشابوو بە ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژاکان. شۆڕشی ژینا دەریخست هێشتا ژن لە ململانێدایە لەگەڵ بیری کۆنەپەرستی مەزهەبی و هەژموونخوازی پیاوسالاریی، ژنان لە ورووژاندنی پرسە هەستیارە مەدەنییەکاندا لەسەر ئاستی گروپ و تاکەکەسیشدا ڕووبەڕووی دەسەڵات و کۆمەڵگەش دەبنەوە، لەبەرئەوە ژیانی ژن بەردەوام بە ئەزموونی تێکۆشانەوە بەستراوەتەوە.