توندوتیژیی ئابووری

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی - نووسەر

قەیرانە ئابوورییەکان زەبرێکی گەورە لە ژنان دەدەن، چونکە بێکاریی و پەراوێزخستنیان زیاتر دەکات، هەمیشە ژنان یەکەم قوربانیی ئەو قەیرانانەن و یەکەم کەسن کە کارەکانیان لەدەست دەدەن، ئەوەش دەچێتە خانەی توندوتیژیی ئابوورییەوە. هاوکات کاتێک خێزانەکان توانای کڕینیان کەمدەبێتەوە، ئەوە کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر تەندروستی دەروونیی و پێگەی کۆمەڵایەتییان دروست دەکات، هەروەها وا لە هەندێک لە خێزانەکان دەکات کچەکانیان پێشوەختە و بەزۆر بەشوو بدەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەیان، بێگومان ئەو دۆخەش چەندین لێکەوتەی خراپی دەبێت وەک زیادبوونی توندوتیژیی خێزانیی، حاڵەتەکانی منداڵبوون لە تەمەنێکی بچووکدا و زیادبوونی نەخۆشییەکان ژنان و منداڵبوونی پێشوەختە و منداڵی نەبەکام و چەندین نەخۆشی دیکە لەنێو ژنان و منداڵاندا زیاد دەکات، جگە لە زیادبوونی حاڵەتەکانی تەڵاق بەهۆی بەشوودان لە تەمەنێکی زوودا، بۆیە دەبینین لە قەیرانە ئابوورییەکاندا ژنان یەکەم قوربانین پاشان منداڵان و پیر و پەککەوتوان دێن.


لە راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەمیشە ئەوە دەخرێتە روو کە قەیرانە ئابوورییەکان بە پلەی یەکەم کاریگەریی خراپ لەسەر ژنان جێدەهێڵێت، چونکە ئەوان یەکەم توێژن لەو قەیرانانەدا وەزیفەکانیان لە دەست دەدەن، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وەک کەرتی خزمەتگوزاریی، هەروەها کرێی کارکردنیان کەمدەکرێتەوە و پاڵپشتیی دارایی بۆ کار و پرۆژە بچووکەکانیان کەمدەبێتەوە، بەو جۆرەش توانای ئابوورییان دادەبەزێت و زیاتر رووبەڕووی توندوتیژیی ئابووری دەبنەوە، بێگومان تاکە چارەسەریش دەبێت لەلایەن حکومەتە ناوخۆیی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بکرێت، بە ئاراستەکردنی وەبەرهێنان بەرەو بەدیهێنانی یەکسانیی لەنێوان هەردوو رەگەزدا وەک چارەسەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان.


وەک لەو راپۆرتانەدا هاتووە بێکاریی لەنێو ژناندا لە کاتی قەیرانەکانی وەک قەیرانی ئابووریی و ناجێگیریی دۆخی ئەمنیی و قەیرانەکانی پەیوەست بە گۆڕانی ژینگە و کارەساتە ژینگەییەکانەوە زیاتر دەبێت و ئەوان قوربانیی یەکەمی ئەو قەیرانانەن، بەتایبەتی لە کەرتی خزمەتگوزارییدا بەجۆرێک لەکاتی روودانی قەیرانەکاندا لە هێڵێ پێشەوەدا کاردەکەن و یەکەم کەسیشن دەستبەرداریان دەبن و بێ کار دەبن، هاوکات کەمیی پاڵپشتیی دارایی بۆ رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ یارمەتیدانی ژنانی ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر قەیرانی دارایی جا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بێت یان هەر کارەساتێکی ترەوە بێت، بەڵام دەبینرێت بۆ خەرجیی سەربازیی جیهانیی چەندەها ترلیۆن دۆلار خەرج دەکرێت. 


 چارەسەرکردنی نایەکسانیی لە داهاتدا لە قەیرانە ئابوورییەکاندا لەنێوان هەردوو رەگەزدا و نەهێشتنی توندوتیژیی ئابووری پێویستی بە هەوڵی جیهانیی هەیە، وەک گۆڕینی سیاسەتە ئابوورییە جیهانیی و ناوچەییەکان، کە خۆی دەبینێتەوە لە ئاراستەکردنی وەبەرهێنان بەرەو یەکسانیی ئابووریی لەنێوان هەردوو رەگەزدا و پاڵپشتیکردنی خاوەن کارە ژنەکان و دابینکردنی ژینگەی کاری سەلامەت بۆیان، لەگەڵ تیشکخستنە سەر توێژی چەوساوە لە ژنانی گوند و ناوچە دوورەدەستەکان و کارگوزاری ماڵان لە رێی بەرنامەیەکی گشتگیری پاڵپشتیکردنی داراییەوە، دواجار پڕکردنەوەی بۆشایی و یەکسانکردنی داهات و کرێی کار لەنێوان هەردوو رەگەزدا.