نۆڤەمبەر و ئاماری مەترسیدار

ماردین عەبدولکەریم - نووسەر

 

ساڵی١٩٦٠ سێ خوشک لە خێزانی میراباڵ، لە ڕۆژگاری خۆیاندا چالاکوانی سیاسی بوون و دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵات دەجەنگان، لەلایەن حاکمی وڵاتەکەیانەوە ڕافاییل ترخیۆ حاکمی ئەوسای کۆماری دۆمەنیکان بڕیاری کوشتنیان درا.

 

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ ئەو ڕۆژە دەکاتە بنەمای روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئێستاش کە  ٢٥ەمین ساڵیادی ٢٥ی نۆڤەمبەرە و نزیکەی  ٧٠ ساڵ بەسەر کوشتنی ئەو سێ ژنەدا تێدەپەڕێت، کۆمەڵگەکان لەوپەڕی تازە پێگەیشتووەوە تا ئەوپەڕی پێگەیشتووەکان، لەگەڵ ئەوەی بە هەموو میکانیزمێک لە هەوڵی بەرلێگرتنی تێرۆری ژناندان، بەڵام بەداخەوە ئەنجامەکان پێچەوانەیە و تازەترین ئامارەکان پێمان دەڵێن لە جیهاندا هەموو ١٠ خولەک جارێک، ژنێک دەکرێتە قوربانیی هزر و کولتووری ڕزیو و قبووڵنەکردنی دەستکەوتەکانیان، کەواتە ڕوونە هەوڵەکانی حکومەت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان، یاساکان، هەروەها چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوە و هۆشیارکردنەوەی ژنان، هیچی ئەوتۆی لێ سەوز نەبووە و ئەو هێزە نەبوون، کە بتوانن هەم  پیاوان هۆشیار بکەنەوە و  هەم ڕێ لە ڕشتنی خوێنی ژنان بگرن.

 

لە ڕاستیدا دەنگ هەڵبڕین و ناڕەزایی و مانگرتن و خۆپیشاندان دەکرێت پرسی ژنی تا ڕادەیەک بردبێتە پێشەوە، بەڵام لەگەڵیدا چنینەوەی دەرەنجامی مەترسیداری کوشتنی ژنان پرسیارێکی بابەتیی هێناوەتە گۆڕێ کە ئەویش پرسی زۆربوونی بکوژانی ژنە هاوشێوەی ڕافاییلەکان، کە دەبوو زۆر بە وردی حکومەتەکانی جیهان و ڕێکخراوە ناحکومییە پەیوەندیدارەکان بەم پرسەدا بچنەوە و بزانن لاسەنگیی ئەم هاوکێشەیە لە کوێدایە، کە وایکردووە لە ٢٤ کاتژمێردا ١٤٤ ژن و لە ساڵێکدا ٥٢ هەزارو ٥٦٠ ژن بکوژرێن، بۆ نموونە ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ پێمان دەڵێت ٥١ هەزارو ١١٠ ژن کوژراون، کەواتە ساڵانە زیاتر لە  ٥٠ هەزار بکوژی نوێ دروستدەبن.

 

لێرەدا پرسیارە لۆژیکییەکە ئەوەیە، ئایا هەوڵی رێکخراوە ناحکومییەکان، لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تا دەگاتە رێکخراوە ناحکومییە لۆکاڵییەکانی ژنان لە بواری پرسی ژناندا، دەستکەوتەکەیان هاوتای ئەو قوربانییە زۆرەیە؟.

بە نموونە خەبات بۆ ئازادی گەلان قوربانی و لافاوی خوێنی بۆ دەدرێت، بەڵام ئازادیی و سەربەخۆیی زۆرجار دەستەبەردەبێت، ئایا ژنان گەیشتوونەتە ئەو ڕادەیە لە دەستکەوت، کە لە بەرامبەردا  قوربانیدان بە ڕۆح، بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە و بەرهەمهێنانی منداڵی بێ دایک و باب باجەکەی بێت.

 

ناچارم پرسیارە گونجاوەکەی لینین-ی باوکی فەلسەفەی یەکسانی بۆ ئەم دۆخەی ژنان بە شیاو بزانم، منیش وەک ئەو بپرسم (ما العمل) واتە چی بکەین؟

بەرای من باشترین ڕێگەچارە، کە دەبێت بە زووترین کات هەنگاوی بۆ هەڵبگرین، هۆشیارکردنەوەی پیاوانە، نەک ژنان، کۆڕ و سیمینار و مێزگرد بۆ پیاوان ساز بکرێت، چیرۆکەکانی کوشتنی ژنیان بۆ بگێڕدرێتەوە، دەرەنجام و لێکەوتەکانیان بۆ بخرێتەڕوو، لەبەرامبەردا چیرۆکی خێزانی بەختەوەر و ئەو ژن و هاوسەرانەیان بۆ بگێڕدرێتەوە کە ماڵەکانیان پڕکردووە لە خۆشەویستی و یەکسانی و منداڵەکانیان لە ئامێزی دایک و بابدا گەورە دەبن.

 

پێویستە بە مرۆڤ بینینی ژن بخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندن، تا کوڕانی نەوەی داهاتوو نەبنە بکوژی خوشک و ژنەکانیان.

 

پێویستە دایکان و باوکان فێربکرێن جیاکاریی لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا  نەکەن، بەڕای من ئەم چەند هەنگاوە هاوکار دەبن لەسنووردانان بۆ کوشتنی ژن و بەرهەمنەهێنانی بکوژ.