ئیفلاسی پارتی و ستراتیژی دژ بە ژنان
بێریڤان محەمەد - ڕۆژنامەنووس و چالاکوان
هەمیشە وتوومە کوشتن و دەستدرێژیە بەردەوامەکان بۆ سەر ژنان، کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بارزانیەکان بە دەیان هەزار ژنی کردووەتە قوربانی، تەنها رووداوگەلێکی کۆمەڵایەتی نین، بەڵکو سیاسی و ستراتیژین. لە سەردەمی شاخ و مەلا مستەفادا بەشداربوونی مارگرێت لە بەناو (شۆرشی ئەیلول)ەوە ، تا دەگات بە دەسەڵاتی کوڕ و کوڕەزاکانی لە ٣٣ ساڵی دەسەڵاتداری لە شاردا، هەر ژنێک خاوەن هێز و ئیرادە بووبێت و بە مەترسیان بینیوە و هەوڵیان داوە یان چۆکی پێ دابدەن، یاخود تیرۆری جەسەیی و رۆحی بکەن.
هەروەها جگە لە بەشداریەکی ڕووکەشانە، ڕێگەیان نەداوە ژنان هیچ ڕۆڵ و کاریگەریەکیان هەبێت لە دیاریکردنی سیاسیات و بەرێوەبردنی باشووری کوردستاندا. لە رێگای پەروەردە، یاسا و دادگاکان و میدیا و مزگەوتەکان زەمینەیان بۆ زاڵکردنی زهنیەت و سیستمی پیاوی باڵادەست پەرە پێداوە. لە هونەرێکی موزەیەف تا دەگاتە هەڵبژاردنی مۆدێلەکان، دەیان ملیۆن دۆلار بۆ بە کاڵاکردنی ژنان تەرخان کراوە، لەکاتێکدا ژنانێک هەن لەم هەرێمە لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن و پارەی خواردن و چارەسەری نەخۆشیان نیە.
هەروەها دروستکردنی دەیان شوێنی لەشفرۆشی کە رۆژانە جەستەی ژنی تێدا هەراج دەکرێت، جۆرەها ناوەندی تری هاوشێوە کە هەموو بۆ لێدانن لە شکۆی ژنان و پێشخستنی سیستەمی پیاوسالاری و شامانیزم، کە دواترین دیمەنی ئەم جانەوەرەیە بە ناوی ئەبۆ چیچۆ، بە پۆشینی ئاڵایی پەدەکەوە لەگەڵ سێ ژن بە بە ئاڵای چەند لایەنێکی ترەوە، دەیەوێت لە کەسایەتی ئەو ژنانەدا و بە ناوی سوکایەتی بە چەند لایەنێک، سوکایەتی و ئیهانەی هەموو ژنێک و کۆمەڵگە بکات. راستی پەدەکە و پێگەیاندنی ئەندامەکانی لەسەر ئەم بناغەیە، زیاتر لە ٧٠ ساڵە هەوڵدەدات ژەهری جەهل و نەزانی دەرخواردی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بدات.
ئەم ماوە درێژە لە حوکمرانی کوردی کە لەژێر دەسەڵاتی ئەم پارتی بە تایبەت بنەماڵەی بارزانی بووە، دەکرا زۆربەی کێشەکان بە تایبەت پرسی ژنان کە ئێستا بوونەتە قەیران، چارەسەر بکرانایە، بەڵام بەرژەندی خۆیان لە چارەسەری کێشەکانی ژنان و ئاوابوونی کۆمەڵگای پێشکەوتوو ئازادا نابینن و هەوڵدەدەن رۆژ بە رۆژ کوشتن و کێشە و قەیرانەکان زیاتر بکەن، بە جۆرێک کۆمەڵگە سەرقاڵ بکەن بە مافی سەرەتایی و شتە بچوکەکان، پرسە جەوهەری و گرنگەکانی بەجێ بهێڵن بۆ ژێر رەحمەتی دەسەڵاتەکەیان.
مێژوو پێمان دەڵێت هەر هێزێک دژی ئازادی و دیموکراتی بوو، ئەو هێزە راستەوخۆ دوژمنی ژنە، ئەوەش پەیوەندی بە هێزی ناوەندی ژن هەیە لە گۆرینی کۆمەڵگە بە ئاراستەی کۆمەڵگەیەکی زیندوو ئازاد و دیموکرات، بۆیە لە دونیادا پێشکەوتنی کۆمەڵگە بە پێشکەوتنی ژنانەوە پێوان دەکرێت، پێچەوانەکەشی راستە، پەدەکە دەزانێت لەناو کۆمەڵگەی زیندوو و وشیاردا ناتوانێت یەک رۆژ بژی، چونکە لەسەر فریودانی کۆمەڵگە دەژی، هەربۆیە بەهۆی رۆڵی بەهێزی ژن لە دیاریکردنی کۆمەڵگەدا بەشێویەیکی نەرم و ستراتیژی، کار لەسەر رووخان و تێکشکاندنی ژن دەکات.
واتە دوژمنایەتی پەدەکە بۆ ژن پەیوەندی بە فکری و مۆدێلی سیاسی ئەو حزبەوە هەیە، پەدەکە حزبێکی فیوداڵی بنەماڵەیی ناوەندگەرا و پیاوسالار و پیرسالارە، خەتی پەدەکە، خەتی دژ بە ژنان و دژ بە دیموکراتی و ئازادیە ، خیانەتی پەدەکە لە ژن رەگی قوڵی فکری و مێژووی هەیە، دەرنەکەوتنی ژن لە بنەماڵەکەیاندا سەرچاوەی لە هەمان زهنیەتەوە گرتووە لە کاتێکدا لە رابردووی باشوور و بە گشتی کوردستانیش ژن خاوەن پێگەی بەرزە لە کۆمەڵگە و نرخی پیرۆزی کۆمەڵگەیە.
ئێستاش لە سایەی بزوتنەوەی ئازادی کورد لە پارچەکانی کوردستان لە دونیادا وەک سمبولی شۆڕشگێری و پێشەنگی کۆمەڵگای ئازاد دەبینرێت، بە هەموو هێزی دەیەوێت رێگا لەو کاریگەیانە بگرێت کە ئەو شۆڕشە دەیکاتە سەر باشووری کوردستان، هەر بۆیە لە بەرامبەردا دەیەوێت لە شکۆ و کەسایەتیەکەی بدات.
هەرچەندێک ئەم خەتە فیوداڵیە تا ئەم کاتە حوکمی باشوور بکات و ئاستەنگی زۆریشی لە بەردەم پێشکەوتنی باشووری کوردستان دروستکردبێت و کاریگەری لەسەر زهنیەتی تاک و هەموو سیکتەرە پەروەردەیی و یاسایی وئیداریەکان داناوە، بەڵام لە ئەنجامی پیشکەوتنی خەتی بزوتنەوەی ئازادی و شۆڕشی ئازادی ژن لە بەشەکانی تری کوردستان و دونیادا، رۆژ بە رۆژ خەتی پاشڤەرۆی پەدەکە پاشەکشە پێ دەکات.
هەرچەندە لە ئێستا و رابردووشدا خەتی پەدەکە گورزی گەورەی لە پرسی ژن، پرسی نەتەوە و ئازادی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دابێت، بەڵام ئێستا بەجۆرێک بەرەو لاوازبوون و نەمان دەچێت، گەر پشتبەستن بە داگیرکاران، هەروەها ستەم و زەبر و زەنگ نەبێت، شتێکی تری نەماوە لەسەری بژی. لەم هەڵبژاردنەی کۆتایش ئەمە بە ئاشکرا دەرکەوت.
گەر هێڵی تیکۆشانی ئازادی ژن و کۆمەڵگە لە باشوور هەندێک خۆی کۆبکاتەوە بە زهنیەتی دیموکراتی و ئازادی ژن و کۆمەڵگە هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت، ئەوا ئەو قەیران و ئیفلاسی ئەخلاقی و سیاسیەی ئێستا پەدەکە تێیدا دەژی، بەرەو لەناوچوون هاڕە دەکات.