ئازادییەکەی ئێمە

کەنار قاسم – نووسەر

وردە وردە هەناسەم توند دەبوو، زوو زوو پێیان دەوتم لەچکەکەت توند بکەرەوە لێرە تووشی گرفتێکمان مەکە، پێمان نابووە ناو خاکی ئێرانەوە، دڵم وردە وردە زیاتر توند دەبوو، ڕاستیەکەی من زۆر جار لە خاکەکەی خۆمدا پێموتراوە لەچکە بکە و خۆت داپۆشە، من هەموو ئەمانە بە ئامۆژگاری وەرمگرتووە و هیچ کات پێی ناڕەحەت نەبووم ، بەڵام لەو شوێنە هەستم دەکرد ئەو لەچکە پەتێکی ئاگرە و کراوەتە ملم، من ئەو کاتە لە مانای ئازادی و مافی تاکەکە کەسی بەتەواوی تێگەیشتم.

 

دایکم زوو زوو بەسەرسوڕمانەوە پێی دەوتم "خۆ سەرسپی و بە تەمەنەکانیشیان نوێژ ناکەن"، لێرەوە تێگەیشتم هیچ شتێک بە ئازادی و بە هەڵبژاردنی خۆت نەبێت ناکرێ و نابێ.

 

هەموو لە دەوری تەلەفزیۆنەکە کۆ ببوونەوە خۆ کەناڵێکی وەهاشیان نییە ڕاستیەکانیان بۆ تۆمار بکات، دڵیان بەو ڤیدیۆ کورتانە خۆش بوو کە بە دزییەوە تۆمارکرابوون و درابوو بە تیڤییەکان، ئەوان سنەیان بە سلێمانی وەسف دەکرد لە بوێری و ئازایەتییدا، ئەوانەی لەگەڵ من بوون دەیانوت، ئەمان تازە لە نەوەدەکانی ئێمەدان، بەڵام ڕاستیەکەی جیاوازییەکەی ئەوان ئەوە بوو شەڕی خاک و ئاڵا و کوردبوونیان نەدەکرد، ئەزموونی ئێمەیان لە پێشچاو بوو کە ئێمەی کورد هەرچەند خۆمان حوکمی خۆمان دەکەین کەچی تا ئێستا بەشێک لە مافەکانمان پێنادرێت وکێشەی نەوت و ئاو و کارەبامان هەیە.

 

ژنانی ئەوێ دەڵێن ئەگەر ئەو ئازادییەی ئێوەمان دەبوو ئێمە دەامانزانی ژیان چییە، ئاگاداری ئەوە نەبوون بەرامبەر ئەو ئازادییەی هەمانە، ژن کوشتن وفرە ژنی و ژن بەكاڵاکردن هەیە.

 

کەواتە ماف و ئازادی و دیموکراسی، هاوکێشەیەکی لاسەنگە، لە هیچ شوێنێکی جیهان هاوسەنگ نییە، نەتەوەکان لە هەر بستێکی ئەم جیهانە بە هەر جۆرێک بێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هەندێک لە مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت.

 

بەندەکانی مافی مرۆڤ کاتێک بە دەستی مرۆڤەکان خۆیان دەنووسرێنەوە و حوکمی خاک و وڵات بەدەست بەشێک لە مرۆڤەکانە، نا دادپەروەریی و ماف خواردن و دیکاتۆرەکان کۆتایی نایەت، چونکە دادپەروەری شتێک نییە هەمووان لەسەری کۆک بن و وەک یەک بنەماکانی دادپەروەری و دیموکراسی و مافپێدان دابڕێژن.