چی بکرێت بۆ ئەوەی هاوین لە بێ ئاویدا نەخنکێین و زستانیش لافاو نەمانخنکێنێت

پەریا عومەر - مامۆستای یاریدەدەر

ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، کارەساتی سروشتی بێشومارمان بەرچاو دەکەوێت، کە باوترینیان لافاوە.

بۆچی لافاو ڕوودەدات؟

 

هۆکارگەلێک هەن بۆ ڕودانی لافاو، کە دابەش بەبن بەسەر دو جۆری سەرەکیدا:

یەکەم/ هۆکاری سروشتی:

گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە دابەشبونی باران لە ناوچەکەدا، بۆنمونە، هەندێ جار لەهەندێ شوێن ماوەی باران بارین کەم، بەڵام توندی باران بارینەکە زۆرە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی لافاو. لە هەلومەرجێکی وادا، دابارینی کەمتر لە ٢٠ تا ٣٠ ملم لە کاتژمێریک دا ئەتوانێت ببێتە هۆی رودانی لافاو. لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان کە رێژەی سەوزاییان کەمە ئاستی سۆێری خاک (soil salinity) بەرزە ئەمەش چینێکی سپی یان قاوەیی لەسەر روی خاک دروست دەکات کە ڕێگری دەکات لە چوونە ناوەوەی ئاو بۆ ناو خاکەکە و ئەبێتە هۆی ڕودانی لافاو لەسەر ڕووی خاکەکە. وەک ئەوەی لە دو رۆژی رابردودا لە ناوچەکانی گەرمیاندا ڕوویدا،

 

دووەم/ هۆکاری مرۆیی: نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی ستاندارد کە زۆربەی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ لە شارەکاندا بەپێی ستانداردە مۆدێرنەکان دانەڕێژراون و ڕەچاوی گۆڕانکاری لە چڕی بارانبارین دا نەکراوە.

 

پێویستە چی بکرێت؟

لافاو لە هەرێمی کوردستان تەنها دەرەنجامی کارەساتێکی سروشتی نییە، بەڵکو ئاکامی کۆبوونەوەی چەندین کەموکوڕی ژێرخانی و بێ پلانییە. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە پلانی تێرو تەسەل و زانستی و بڕیارێکی جددی و تەرخانکردنی بودجەیەکی گونجاو هەیە.

 

جێی ئاماژەیە یەکێک لە سادەترین تەکنیکەکانی سود وەرگرتن لە باراناوی زۆرو ڕێگریکردن لە لافاو، کە لە کۆنەوە هیندەکان بەکاری دەهێنن، پی دەوترێت بونگرو (Bhungroo) بریتیە لە هەڵکەندنی چەند چاڵێکی(بیرێکی) قوڵ لە بەشی سەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبون و لەسەر ڕێڕەوی ئەو شوێنانەی کە گومانی لافاوی لێ دەکرێت. تەکنیکێکی کۆنی باوە لە هیندستان بۆ هەڵگرتنی ئاوی زیادەی باران لە ژێر زەویدا. ئاوی زیادە بە بۆرییەکاندا دەڕژێتە خوارەوە و بەهۆی چینەکانی خاکەوە دەپاڵێورێت و دواتر دەگاتە ئاوی ژێر زەۆی و بەمەش ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرز دەبێتەوە، لەوێ دەمێنێتەوەو لە وەرزی ووشکەساڵیدا دەتوانرێت پەمپ بەکاربهێنرێت بۆ دەرهێنانی ئاوی هەڵگیراو و سودلێوەرگرتنی.