توندوتیژیی دیجیتاڵی دژی ژنان

بەفرین وەرتی- نووسەر

هەڵمەتی ١٦ رۆژەی چالاکییەکانی توندوتیژیی دژی ژنان دەستیپێکردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەمساڵ دروشمی «کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دیجیتاڵیی دژ بە ژنان و کچان»ی بەرزکردووەتەوە، وەک وەڵامێک بۆ ئەو مەترسییە نوێیانەی لە رێگەی تەکنۆلۆژیاوە رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە. گرنگیدان بەم رۆژە و ئەنجامدانی چالاكیی جۆراوجۆر، بۆ بیرهێنانەوەی دەرئەنجامە نەرێنییەكانی ئەم دیاردە جیهانییەیە، کە بێگومان كۆمەڵگەی كوردیشی گرتووەتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییانی كوردستانیش زیاتر هۆشیاربکرێنەوە بۆ خۆپارێزیی لە توندوتیژی و ئاشنابوون بە چۆنییەتی گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەكاتی روودانی هەر توندوتیژییەكی لەو جۆرەدا، بەگوێرەی راگەیەندراوی کەمپەینەکە، توندوتیژیی دیجیتاڵی بە خێراییەکی زۆر بڵاودەبێتەوە و ژنان و منداڵان دەکاتە ئامانج.

 

ئەم جۆرە توندوتیژییە زۆرجار بە قسەکردنێکی ئاسایی دەستپێدەکات، بەڵام بەرەو نامەی تووڕە، هەڕەشە، شەرمەزارکردن و دواجار بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیاریی کەسیی پەرەدەسێنێت، ئەمەش نەک تەنها متمانەبەخۆبوونی قوربانییەکە دەڕووخێنێت، بەڵکو مەترسیی جددی لەسەر ژیان و سەلامەتیی دەروونیی و کۆمەڵایەتییان دروست دەکات، ئامانجی سەرەکیی کەمپەینی ئەمساڵ، بانگەوازکردنە بۆ دروستکردنی جیهانێک تێیدا ژنان بتوانن بە ئازادیی و سەلامەتیی لە دنیای ئۆنلایندا بەشدار بن، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەکەن رێکاری توندتر بۆ پاراستنی بەکارهێنەران بگرنەبەر و یاسا و سیاسەتی نوێ بۆ رێگریکردن لەم جۆرە توندوتیژییە دابڕێژرێت، گرنگییەكی زیاتریش بە بواری هۆشیاركردنەوەی خێزانەكان بدرێت، چونكە دواجار خێزان كۆڵەکەی كۆمەڵگەیە و لەناو خێزاندا پەروەردەی نا تەندروست، وا دەكات توندوتیژی لە هەڵكشاندا بێت، کە زۆرجار توندوتیژییەكان لە چوارچێوەی خێزان دەردەچن و كارەسات بە دوای خۆیاندا دێنن.