بەربەستەکانی بەردەم ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پرۆسەی خوێندندا لەسەر بنەمای جێندەری
سارا کەمال – چالاکوان
لە ئەمڕۆدا، نەبوون و کەموکوڕی لە یەکێک لە ئەندامانی جەستە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک کێشەیەکی تەندروستیی گشتیی ناسێندراوە، ڕێککەوتننامەی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان پێناسەى کەسانی خاوەن پێداویستى تایبەت دەکات بەوەی ئەو کەسانەن کە لاوازی درێژخایەنی جەستەیی، دەرونی، هزری، یان هەستیارییان هەیە، کە بە کارلێککردن لەگەڵ بەربەستە جۆراوجۆرەکاندا ڕەنگە رێگری لە بەشداریکردنی تەواو و کاریگەرییان بکات لە کۆمەڵگادا.
لەم نێوەندەدا، بەپێی ئامارەکان ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی ژنانی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، ئامارە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە رێژەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە خوێندنی سەرەتاییان تەواو کردووە، لە بەرانبەر پیاوانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ژنانی ئاسایی (١٠٪) و بەرەوسەر کەمترن، بە گشتی ڕێژەی خوێندەواری جیهانیی بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت کەمە، بەشدارنەبوونیشیان لە پرۆسەى خوێندندا کاریگەری درێژخایەنی لەسەر هێزی کاریان هەیە، بە جۆرێک لە ئێستادا تەنها لە (٢٥٪)ـی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هێزی کاردان لە سەرانسەری جیهاندا.
واتە جیاکاری جێندەری بوونی هەیە، بە تایبەتی لەنێوان کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا، رەگەز (sex)، پەیوەندی بە جەستەی بایەلۆژییەوە هەیە، جێندەریش (gender) ئەو کاتە دروست دەبێت، کە جیاوازی زاوزێی نێوان جەستەکان دەهێنرێنە ناو پرۆسەی کۆمەڵایەتی و لێکدانەوەیەکی کلتووری بۆ ڕەگەزی مرۆڤ دەکات. هەر لەو رێگەیەشەوە هەردو مێینەیی و پیاوسالاری پێکدەهێنرێن، ژن وەک بێ رۆڵ و “زەعیفە” و بونەوەرێکی بێکەڵک بۆ نۆرمێکی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات.
بەم شێوەیە، بەهۆی جێندەرەوە هەستکردن بە پاسیڤییەت (ناکارا، ناچالاک) و بێدەسەڵاتی بۆ ژنان زیاتر چڕدەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی بۆ پیاوانی خاوەن پێداویستی تایبەت (ئەگەرچی ئەوانیش خاوەنی گرفتی زۆرن) بەڵام پیاوسالارییەکی بەردەوام دۆخێکی ئاسایی تریان بۆ دروست دەکات، بە بەراورد بە ژنان. لەم نێوەندەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانى جێندەرى و بەهێزکردنى ژنان باس لەوە دەکات، کە کاتێک پەراوێزخستن و ئاستەنگە کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت کۆدەبنەوە، دابەزینی ئاستی ئابووری و پێگەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، دەرفەتەکانی پەروەردە، تەندرووستیی و هەلی کاریان لاواز دەکات، هەروەها رێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن و بەشداریکردنیان لە میکانیزمەکانی بڕیاردان لە بوارەکانی مەدەنی، سیاسی و یاساییدا.
لەم نێوەندەدا لە ساڵانی ڕابردوودا، بیرمەندە فێمینیستەکان وەرچەرخانێکی گرنگیان کردوە لە چونە پێشەوە لە بابەتی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەویش هەندێکجار بەهۆی پابەندبوونی فەلسەفی خۆیانەوە بە ژن بە شێوەیەکی گشتگیر و هەندێکجاریش بەهۆی بەریەککەوتنی کەسییەوە لەگەڵ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا، بیرمەندانی فێمینیست، بە روونی مەبەستیان بووە چارەسەری بێباکییەکەی فەلسەفە بکەن بەرانبەر بە شێوازی ئەزموونکردنی جیهان لەلایەن ژنانەوە، لەنێویاندا بەتایبەتتریش ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
تیۆری فێمینیست، بە شێوەیەکی ڕوون تێگەیشتنە لەو ڕێگایانای کە جێندەر هۆکاری سەرەکی نایەکسانی و جیاکارییە، لەناویاندا ئەو چەمکەی لەناو فیمینیزمدا بە یەکتربڕین (intersectionality) ناسراوە، بەڵام تیۆریزانانی تیۆرەکە بە وردی جەخت لەوە دەکەنەوە کە واقیعە کۆمەڵایەتییەکانی ژناندا تەنها لە ژێر کاریگەری جێندەریان نین، بەڵکو لە ژێر کاریگەری هۆکارەکانی دیکەی وەک رەگەزی (race)، چین و نەبوون و گرفتی ئەندامێکی جەستەشدان، کە ئەم سیستمە ستەمکارییانە هەموویان بەیەکەوە گرێدراون و ئەزموونی جیاکاری بەرانبەر ئژنان پێکدەهێنن.
بە نمونە بەکارهێنانی (ئژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی ڕەشپێستی سەر بە چینی کرێکار) لە چەندین روەوە جیاکاری بەرهەم دەهێنێت. بیرمەندانی فێمینیست دەڵێن، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەزمونی دوو بارگرانی دەکەن. یەکەم، بەهۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، دووەم، بەهۆی نۆرمەکانی جێندەری و پیاو سالارییەوە کە روبەڕوی پەراوێزخستنیان دەکاتەوە لە کۆمەڵگادا.
هەر خۆشیان ئاماژە بەوە دەدەن، کە دامەزراوە پەروەردەییەکان بەهۆی ئەوەی لەسەر نۆرمە نەریتی و پیاو سالارییەکان بونیاد نراون، چاوپۆشی لە پێداویستییەکانی ژنان بە گشتی و بەتایبەتیش ئەوانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن دەکەن و دەبنە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچون و گەشەکردنیان. لەنێو ئەو بەربەستانەدا، بە شێوەیەکی باو بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان هەن. ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەسەر ئاستی جیهان لە ژیانی رۆژانەیاندا توشی چەندین بەربەستی هەڵوێست دەبن، وەک رەفتار، لێدوان، بڕیار و دیدگاى پێشوەختەى نەرێنی کە جیاکاری لە نێوان کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسانی ئاساییدا دەکەن و بێزاریان دەکەن. ئەم بەربەستانەش، بە شێوەیەکی گشتی لە کەمی تێگەیشتنەوە ڕوودەدەن، کە دەتوانێت هۆکار بێت بۆ پشتگوێخستنی ژنان لەلایەن دەوروبەرەوە.
خێزان لایەنێکی دیکەیە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا، بەهۆی ئەوەی ژیانکردن لەگەڵ کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر ئەندامانی خێزان بە گشتیى، بەهۆی ئەوەی دەیانەوێت لە قسەی دەوروبەر کچەکانیان بپارێزن. لەگەڵ ئەوەشدا، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، زۆرجار وا دەبینرێن کە ناتوانن وەک پیاوان بەشداری لە ئەرکە خێزانییەکاندا بکەن، یان لە روی داراییەوە یارمەتیدەر بن (بە گشتی دونیای مۆدێرنیش بەهۆی کاریگەری سەرمایەدارییەوە کەسی بەرهەمداری دەوێت).
هەر بۆیە ئەو کاتەی ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت ناتوانێت بەرهەمدار بێت، وەک دوا ئەندامی خێزان دەبیندرێن، ئەمانە هەموی کاریگەری لەسەر چونە بەر پرۆسەی خوێندنیان هەیە و لەلایەن خێزانەوە ڕێگرییان لێدەکرێت بە پێویست نابیندرێت بۆیان. لە لایەکی دیکەشەوە، تێچوی دارایی، داواکارییە جەستەیی، سۆزدارییەکانی کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لەناو ئەویشدا ژنان کە ئەم داواکارییانەیان دەکرێت کەمێک زیاتر بێت.
بەهۆی ئەوەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستییان بە ئامێری پەیوەندیدار بە نەبونی یان گرفتی ئەندامێکیانەوە یان گواستنەوەی تایبەت هەیە، ئەو خێزانانەشی کە سەرچاوەیان سنوردارە و باری ئابورییان باش نییە، ئەگەری تەرخانکردنی سەرچاوەکانیان بۆ خوێندنی کچەکەیان کەمتر دەبێتەوە، واتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەژاری و مناڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و ڕێژەی کەمی بەشداریکردن لە پرۆسەى خوێندندا هەیە. ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، کە لە خێزانە هەژارەکاندا گەورە دەبن، وایان لێدەکات لە روی پەروەردەییەوە لە دۆخێکی خراپدا بن.
لەپاڵ بەربەستی کۆمەڵایەتییدا، بەربەستی دامەزراوەیی بە گشتی لەبەردەم کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا هەن، کە خۆی لە نەبونی سیاسەتی گشتگیر و خزمەتگوزارییە پشتیوانییە سنوردارەکان دەبینێتەوە و کاریگەری لەسەر دەرفەتە پەروەردەییەکانیان هەیە. دامەزراوەکانی خوێندن کەموکوڕییان تێدایە و لە چەندین روی وەک (سەرچاوەى مرۆیی، بینا و باڵەخانە، پێداویستییەکان…هتد)ەوە لە ئاستی پێداویستییەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت نین، بە نمونە، قەرەباڵغی زۆر، نەبونى شوێنى گونجاو بۆ هاتوچۆ، کەمی دەستشۆر و سەرئاو و شوێنى تایبەت بۆیان، هەروەها نەبونی ڕێگەی گونجاو بۆ دەستڕاگەیشتن بە جێگاکانی ناو قوتابخانە، وەک پۆلەکان، کتێبخانە، تاقیگە، گۆڕەپانی یاریکردن و سەرئاوەکان، گرفتى سەرەکین لەبەردەم کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت.
بۆیە، دامەزراوەکانی خوێندن سەرچاوە، یان ئامادەییان نییە بۆ دابینکردنی هاوکاری کەسیی، بە تایبەتیش بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت. لەبەرئەوە، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە خوێندنگا دەهێنرێنە دەرەوە ئەگەر ئاسانکارییەکان بەپێی پێویست نەبن بەجۆرێک، کە دڵنیایی بدەن لە سەلامەتی ژنان لە خوێندنگا و ڕێگاکانیدا، واتە گرفتە دامەزراوەییەکان کە خۆیان گشتین بۆ هەریەک لە ژنان و پیاو.