کتێبی چیرۆکی فۆلکلۆری فاتێ بڵاوکرایەوە

بەسەرهاتەکانی ژنان لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە شێوەی چیرۆکە وێنە لە لایەن لۆنا دەروێشەوە دەنوسرێتەوە.


ناوەندی هەواڵ

 

لە کافێ نێتی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەکە لە شاری سلێمانی، کتێبی چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی فاتێ، لە ژێر ناونیشانی سمبولی ئازایەتی بڵاوکرایەوە، چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی "فاتێ" لە نوسینی لۆنا دەروێشە و بە شێوەی چیرۆک وێنە بەسەرهاتەکان دەگێرێتەوە و بە ستایلێکی کوردی ئیشی لەسەر چیرۆکەکە کردووە.

لۆنا دەروێش لە بارەی کتێبەکەیەوە ئاماژەی بەوەدا کتێبەکە سەد لاپەرەیە و بە 270 هێڵکاری کێشراون، دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەش وتی: "ئەم چیرۆکە چیرۆکێکی فۆلکلۆری کوردییە کە لە سەرەتاکانی سەدەی 19 ڕوویداوە، فاتێ کە کچێکی کوردە ڕۆژێک لە ماڵ دەچێتە دەرەوە  و لە ڕێی گەڕانەوەیدا گروپێکی چەتە هێرش دەکەنە سەری و فاتێ بێدەنگ نابێت، لە بەرامبەردا تاوانباران دەدات بە دادگا".

لۆنا باس لە پاڵنەری نوسینی ئەم کێبە وێنەییەی دەکات و دەڵێت: "لە ئێستادا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا گەر کچێک کارێکی وا بکات ڕەنگە لە لایەن کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی کوشتن ببێتەوە"، لۆنا دەروێش گێڕانەوەی چیرۆکێکی واشی بە گرنگ باسکرد، کە  بەهۆیەوە شارەزای کولتور و زمانی خۆمان دەبین، وە شارەزای خەباتی ژنانی کورد دەبین.

دریڤان عەبدول واحید دەر بارەی کتێبەکە و ڕۆڵی ژنی کورد ئاماژەی بەوە کرد: زۆر گرنگە  کە لەو سەردەمەدا ژنێک بەرگری لە خۆی کردووە، هەروەها گرنگیشە چیرۆکە نەبیستراوەکان کە پاڵەوانێتی ژنی کورد دەگێڕێتەوە بخرێتە بەر باس و بنوسێنەوە.

 

گرافیک نۆڤڵ یاخود گێڕانەوەی چیرۆک بە وێنە، مێژوویەکی کۆنی هەیە و ئەم شێوازە لە هونەر لە دوای سەدەی هەشتەمەوە سەریهەڵداوە، ئەزمونێکی تازەیە لە چوارچێوەی کتێبێکدا بۆ هونەری کوردی، ئەم شێوازە لە ژانەرەی ئەدەب و شێوەکاریدا خۆی دەبینێتەوە.

 

ت.پ