"پێشانگای نیگارکێشی دراوسێ" لە سلێمانی ئامانجی نیشاندانی ڕۆڵی ژنانە

لە شاری سلێمانی پیشانگایەکی هونەری بۆ ٣٢ هونەرمەند کرایەوە کە تابلۆکانیان تایبەتن بە ژن، سروشت و کولتوور.

سلێمانی

 

ژنان دەستێکی باڵایان هەیە لە ناساندنی هونەر و ژیان پێدان بەو بوارە، بۆیە کاتێک بەشداری پێشانگا هونەرییەکان دەکەن، بە وێنەی تایبەت بە ژن و سروشت و کولتوور سەرنجی ئامادەبووان ڕادەکێشن.

 

لە شاری سلێمانی پێشانگایەکی نیگارکێشی لە ئەمنەسوورەکە بە ناوی "پێشانگای نیگارکێشی دراوسێ" کە ٣٢ هونەرمەند بە کارەکانی خۆیان بەشداریان کردووە و ١٧ هونەرمەندیان ژنن، کراوەتەوەو تا ١١ی ئایار بەردەوام دەبێت.

 

لە پێشانگاکەدا کە نزیکەی ١١٠ تابلۆی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، تابلۆی ژن، سروشت، کولتووری تێدایەو پۆڕترەیتی ژنانی کوردیش جێیەکی بەرچاویان گرتووە.

 

"دەمانەوێت ڕۆڵی ژنان بخەینەڕوو"

ئازادە مورادی، ڕێکخەری پێشانگاکە وتی: پەیوەست بە هۆکاری کردنەوەی پێشانگاکە، من هونەرمەندێکی باشوریم میوانداری کرد بۆ زانکۆی "بو عەلی سینا" لە هەمەدان، بە ناوی مامۆستا حەمە ئەمین و کارەکانیشی لەسەر ئەنفال بووە و زۆر بە دڵم بوون، ئەمە بووە هۆکارێک بۆ ناسین و دروست بوونی پەیوەندی لەگەڵ کوردستاندا، لە بواری نەتەوەییشدا لێکچوونمان هەیە، ئەمەش بووە هەلێک کە من بتوانم بێمە ئێرە ئەم کارە بە ئەنجام بگەیەنم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێراندا هونەرمەندی ژن زۆرن، بەتایبەت لە زانکۆکاندا زیاتر لە ٨٠%ی خوێندکارانی بەشە هونەریەکان ژنن، دەستێکی باڵایان هەیە لە ناساندنی هونەر و ژیان پێدان بەو بوارە، بە شێوازێکی گشتیش دەمانەوێت ڕۆڵی ژنان لەم نمایشگایەدا بخەینە ڕوو، ژنان بەهۆی ئەوەی هەستیان جیاوازە ئەمە لە کارە هونەریەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە.