"نوسین هۆکارە بۆ هەبوونی مێژوو و کولتووری هەر ناوچەیەک"

نووسین دیارترین ئامڕازە بۆ بەڵگەنامەکردنی ڕاستییەکان کە لە ڕێگەیەوە کۆمەڵگەکان توانیویانە مێژوو و کولتووری خۆیان بنووسنەوە تا بگەن بە نەوەکانی ئێستا، بۆیە ژنان هەوڵی پەرەپێدانی خۆیان دەدەن لە بواری نووسیندا.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- درێژەدان، پەرەپێدان و پاراستنی نووسین، یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا بەتایبەتی، ژنان توانیان لە بوارەکانی داهێنەرانەدا پەرە بە خۆیان بدەن، وەک نووسین، ئەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخساندن کە نووسینەکانیان بگەیەننە گەورەترین توێژی ژنان بەتایبەت و کۆمەڵگە بە گشتی.

 

سەبارەت بە ڕادەی پەرەسەندنی نووسین و نووسینی ژنان لە ناوچەکەدا، نووسەر لەمیعە عەلی ڕایگەیاند، شۆڕشی ڕۆژئاوا، یان شۆڕشی ژنان، ڕێگایەکی زۆری بۆ ژنان خۆش کردووە کە لە هەموو شتێکدا پەرە بە خۆیان بدەن، بەڵام هێشتا زۆرن ئەوانەی کە ئەم دەرفەتە ناقۆزنەوە، بە تایبەت ئەوانەی کە بەهرەی نووسینیان هەیە بۆ پەرەپێدانی ژیانیان، نووسەرانی ژن ئێستا دەبێت کاتێکی زیاتر بۆ پەرەپێدانی نووسینەکانیان تەرخان بکەن و پێشبڕکێ لەگەڵ یەکدا بکەن.

 

"شۆڕش چارەنووسی کۆمەڵگەکان دیاری دەکات"

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نابێت بڵێین زۆر سەختی لە ڕێگاماندا وەستاون بۆ ئەوەی ڕێگریمان لێبکەن لە نووسین یان هەر بەهرەیەک کە هەمانە، سەختییەکان لە ڕێگەی هەموو کەسێکدا بوونیان هەیە، شۆڕش چارەنووسی کۆمەڵگەکان دیاری دەکات، دەبێت شەو و ڕۆژ کاربکەین بۆ بونیادنانی بناغەیەک بۆ نووسەرانی داهاتوو کە شوێنیان بکەون و بتوانن لەسەری سودیان لێ وەربگرن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، زۆر ناوەند هەن پاڵپشتی ژنان دەکەن لەبواری نووسیندا، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتییان بۆ گروپی گەنجان دەکەن، ئەمانە هەمووی دەرفەتن و هەنگاوە یەکەمەکانمان زۆر گرنگە بۆ بونیادنان، وتیشی: پێش شۆڕش هەموو ئەم دەرفەتانە بۆ نووسەران بوونیان نەبوو، بەتایبەتی ژنان، بەڵام کارەکە بەئیرادەی ئازادەوە بەردەوامە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد،زۆر ژنی گەنج هەن تازە دەستیان بە نووسین کردووە، خێزان و کۆمەڵگەکەیان پاڵپشتییان بۆ دابین دەکەن بۆ بەردەوامبوون، بە خۆڕاگریش باشتر پەرە بە نووسینەکانیان دەدەن، وتیشی: دەبێت خۆمان بە خەونەکانمانەوە سەرقاڵبکەین و هەوڵبدەین بۆ بەدەستهێنانیان.

 

"کارەکانمان پێویستی بە هەوڵی گەورەتر و خێراتر هەیە"

لەمیعە عەلی باسی لەوەکرد، هەوڵ دەدەن بە پێنووسەکانیان مێژووی ژنان بنووسن، لە کۆتاییدا وتی: تا ئێستا هەنگاوێکمان بۆ نووسینەوەی مێژووی ژنان نەناوە، ئەمەش گەورەترین کەموکوڕییە کە دەبێت بە پێنووسە ئازادەکانمان کاربکەین بۆ پڕکردنەوەی ژنان کە بۆ هەزاران ساڵ لەلایەن کۆمەڵگە پیاوسالارەکانەوە کە مێژووی ژنیان پەراوێز خستووە و مێژووەکەیان شێواندووە، زۆر ژنی نووسەر هەن لە بواری نووسیندا گەشە بە خۆیان نادەن و بەڵگە بۆ ئەمەش ئەوەیە کە زۆر ڕۆمان هەڵگری ناوی ژنی نووسەر نییە، من ناڵێم نەبووین توانای پەرەپێدانی نووسینەکەمان لەڕووی نووسینی کورتە چیرۆک و هۆنراوەوە هەیە، بەڵام کارەکانمان پێویستی بە هەوڵی گەورەتر و خێراتر هەیە، دەرفەتەکانی بەردەممان زۆرن و ئەگەرەکان ئامادەن و لەبەردەستدان، بەتایبەتی بۆ  ژنانی گەنج ژمارەیەکی قبوڵکراو لە گەنجان هەیە کە دەیانەوێت فێری نووسین ببن و قووڵببنەوە لە بوارەکانیدا.

 

"ژنان توانیویانە لە بواری نووسیندا پەرە بەخۆیان بدەن"

سەبارەت بە ڕادەی گەشەسەندنی ژنە نووسەرانی ناوچەکە، نووسەر نەریمان عفدکی وتی: ئەگەر بمانەوێت ئەمڕۆ بارودۆخی ژن و وێژەو ژنە نووسەرانی ڕۆژئاوا هەڵبسەنگێنین، بۆمان دەردەکەوێت کە سەرکەوتن و سەختییەکانیش زۆرن، نکوڵی لەوە ناکەین کە ژنان توانیویانە لە بواری نووسیندا پەرە بەخۆیان بدەن، بەڵام هێشتا زۆر شت هەیە کە بتوانن فێری ببن.

 

ئاماژەی بەوەشدا که ژنانی نوسەر، به شێوەیەکی پێویست پەرتووکی یەکتر ناخوێننەوە، بەڵام له دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا که به شۆڕشی ژنان ناسراوه، زۆر ناوەند دامەزا کە تایبەتبوون بە گەشەپێدانی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، وتیشی: ئێمەی ژنی نووسەر نابێت خۆمان و نووسینەکانمان سنووردار بکەین، دەبێت هەندێک قاڵب لە نووسینەکەماندا پەرەپێبدەین، لەو بابەتانەی ڕۆتینی دەربچین کە لەسەریان دەنووسین.

 

لە کۆتاییدا وتی: پێموایە دەبێت لەناو خۆماندا ژنی توێژەر و وەرگێڕ، نووسەری مێژووی ژنان لە بواری وێژە و نووسیندا بونیاد بنێین، دەزانین بەرپرسیارێتی ژنان گەورەترە، بەڵام ئەمە ڕێگری ناکات لە پێدانی کاتی تایبەت بە خۆمان و بەهرەکانمان، ئەرکی ئێمەیە بناغەیەکی تۆکمە بۆ ژنانی نووسەر دروست بکەین، ئەمەش پێویستی بە کارکردنی بەردەوام هەیە لەڕێگەی ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوەی وێژەیی، هەروەها پاڵپشتی یەکتر بین لە هەموو کاتێکدا و پەرە بە نووسینەکەمان بدەین بۆ داهاتوو.