کلی سروشتی میراتێکی بۆماوەییە و چەندین نەوەیە بە پارێزراوی ماوەتەوە

کل ئاوێنەی چاوەکانە و هێمایەکە کە ڕەنگدانەوەی جوانی ژنە، هۆنەران و نووسەرانیش گۆرانییان لەسەر چاوە دڵڕفێنەکان دەگوت و بە درێژایی سەردەمەکان بە سەرچاوەی ئیلهام و هێمای جوانی دانراوە.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- لە کاتێکدا کە ڕەفەکانی فرۆشگاکان قەرەباڵغن بە چەندین جۆری کلی دەستکرد، سەعدە جاسم، یەکێکە لەو ژنانەی کە ئەزموونی دروستکردنی کلی سروشتی بە شێوازی سەرەتایی بەدەستهێناوە و پێداگری دەکات لەسەر پاراستنی دروستکردن و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی سروشتی، کە میراتێکی مێژووی ژنانە بۆ ڕازاندنەوە و چارەسەرکردن بەکاریان هێناوە.

 

ژنان بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکان بە خاوەنی چاوی ڕەش و پان و برژانگی درێژ و زۆر ڕەش ناسراون و شانازی بەوەوە دەکەن، هۆنەران لەسەر ئەو چاوانە و پەرجووەکانیان هۆنراوەیان نووسیوە و کراون بە گۆرانی، چاوی ڕەش بە سەرچاوەی ئیلهامی هۆنەران و هێمای جوانی ژنان بووە، ژنانیش بەردەوام کلی سروشتیان دەکارهێناوە.

 

کل یەکێکە لە گرنگترین ئەو کەرەستانەی کە ژنان بەکاری دەهێنن بۆ جوانکاری، ئەمەش لە هەموو ئەو جوانکاریانەی کە پەرەیان سەندووە، ڕزگاریان دەکات، ڕادەی حەز و ئارەزووی ژنان بۆ کل لە سەردەمی کۆندا لە هۆنراوە و بەیتە کۆنەکاندا دەردەکەون، هەروەها لەبەر ئەوەی گرنگیدان بە کل لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی زیاد بووە، بۆیە ژنان خۆیان لە ماڵەکاندا لە کەرەستەی سروشتی بە دەست دروستیان دەکرد و چەندین سوودی تەندروستیشی هەیە.

 

سەعدە جاسم تا ئێستا ئەو میراتەی پاراستووە

سەعدە جاسم خەڵکی گوندی موستەریحە، یەکێکە لەو ژنانەی کە ئەزموونی دروستکردنی کلی بە بەکارهێنانی شێوازی سەرەتایی و سروشتی هەیە و دەڵێت: پیشەسازی کل ئەمڕۆ لەدایک نەبووە، بەڵکو پیشەسازییەکەی کۆنە و لە ڕێگەی نەوەکانەوە گواستراوەتەوە، ژنان لە کۆندا بۆ کلکردنی چاوی منداڵانی تازە لەدایکبوو بەکاریان دەهێنا، بەهۆی ئەو سوودە تەندروستییانەی کە هەیەتی، وەک پاراستنی چاو لە میکرۆبەکان و کەمکردنەوەی ئاوسانی چاو و سووربوونەوە، کە لە ئەنجامی هەستیاری وەرزییەوە دروست دەبێت، ژنان بۆ زیادکردنی جوانی چاویشیان بەکاریان دەهێنا.

 

سەبارەت بە بەربڵاوی کلی چاو وتی: هێشتا زۆرێک لە ژنان پێیان باشە کلی دەستی بەکاربهێنن، چونکە لە مادەی سروشتی دروست دەکرێت و سوودی زۆری هەیە بۆ چاو، بە پێچەوانەی ئەو کلانەی بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی دروست دەکرێن، کە زۆرجار دەبێتە هۆی هەستیاری یان دەبێتە هۆی هەڵوەرینی برژانگەکان.

 

سەبارەت بە شێوازی دروستکردنی و پێکهاتەکانی، سەعدە جاسم وتی: بە شێوەیەکی زۆر سادە دروستکراوە، کە پێکهاتووە لە پارچە قوماشێکی سپی یان برنجۆکێک کە لە زەیتی زەیتوندا نقوم دەکرێت، دواتر لەناو دەفرێکی ڕەقدا دەسوتێنرێت. پاشماوەی ئەو دوکەڵەی کە بە قاپەکەی دەفرەکەوە دەلکێت کۆدەکرێتەوە و دەخرێتە ناو کلدانەوە، ڕێگەیەکی دیکە هەیە بۆ دروستکردنی کلێکی سروشتی بە بەکارهێنانی بەردی ڕەش، بەڵام ئەو شێوازەی ئێمە دەیگرینەبەر یەکێکە لە گرنگترین شێوازەکان کە داپیرە و دایکان بەکاریان دەهێنا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای شێوازی سادەی دروستکردنی کلی سروشتی، بەڵام زۆرێک لە ژنان هەن داوای دەکەن و خواستیان لەسەر بەکارهێنانیان هەیە.