لە شاری سلێمانی شانۆیەکی کولتووریی دەستیپێکرد

شانۆیی "چاخانەکەی حەسەن" کە باس لە کێشەکانی وڵات و پێکەوەژیانی نەتەوە و زمانە جیاوازەکان دەکات بەشێوەیەکی یەکسان، لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد.

دیدار شەهلا

 

سلێمانی - ئێوارەی دوێنێ، کاتژمێر شەشی ئێوارە لە شاری سلێمانی، لە هۆڵی ڕۆشنبیری نمایشی شانۆیی "چاخانەکەی حەسەن"، لەلایەن گروپێکی شانۆیی گەنجانی کەنیسەی سابوونکەرانەوە نمایشکرا.

 

شانۆکە لەلایەن کۆمەڵێک ژن و پیاوی گەنجەوە نمایشکرا، لە کەشێکی کولتووری کوردەواریدا، لە ناو چایخانەیەکدا بە ناوی "چاخانەی حەسەن".

 

ناوەڕۆکی نمایشەکە باسی لە کۆمەڵێک کێشەی گەنجانی کوردستان دەکرد، هەم لەڕووی ستەمی دەسەڵاتەوە، هەمیش لەڕووی پێکهاتە و بڕیارەکانی کۆمەڵگەوە بۆ تاک، هاوکات باسی لە کێشەی گەشتکردن و جێهێشتنی خاک دەکرد، لەلایەن گەنجانەوە.

 

جێی ئاماژەیە نمایشەکە بە هەردوو زمانی کوردی سۆرانی و عەرەبی پێشکەش دەکرا، کە تیایدا لە ڕێگەی ژێرنووسکردنی پێچەوانەی هەردوو زمانەکەوە، هەوڵدراوبوو کە هەمووان لە ناوەڕۆکی بابەتەکە تێبگەن.

 

دەرهێنانی شانۆکە لەلایەن ژنێکی گەنجەوە بوو بە ناوی سەفا حەمامی، کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانەو بەهۆی داگیرکارییەوە، بۆ زیاتر لە ١٠ ساڵە لە باشووری کوردستان نیشتەجێیە و لەناو شانۆییەکەشدا، گرنگی بە کاریگەری داگیرکاریی و باسکردنی کێشەکانی خاکەکەی خۆیی و پرسی کورد داوە.

 

نمایشی شانۆیی "چاخانەکەی حەسەن"، لە ڕۆژانی ۱٨ و ۱۹ ی مانگیش لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت.