ژنێکی گەنجی چەرکەز بە دەنگی خۆی ئاسۆی هونەری لە مەنبج فراوان دەکات

سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری شاری مەنبج ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ڕۆشنبیری و هونەری و پشتیوانی زۆر لەو کەسانە دەکات کە شارەزاییان نییە.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

مەنبج- ژنێکی گەنجی چەرکەزی بە زمانی چەرکەزی گۆرانی دەڵێت و پشتگیری ژنان دەکات کە کولتووری کۆنی نەتەوەکەیان لە ڕێگەی دەنگیانەوە بپارێزن.

 

لە شاری مەنبج چوار نەتەوە هەن

تایبەتمەندی شاری مەنبج ئەوەیە کە هەر لەسەرەتای بونیادنانی شارەکەوە چوار پێکهاتەی سەرەکی هەبووە، یەکێکیان پێکهاتەی چەرکەزییە و ڕۆڵی لە دروستکردن و گەشەپێدانی شارەکەدا زۆر باش بووە، بەڵام بە سیستمی دەوڵەتی زاڵ کولتوور و ڕەنگی ئەم پێکهاتەیە لە مەنبجدا دەرنەکەوت، چونکە کولتووری عەرەبی زاڵ بوو.

 

دوای ئازادکردنی مەنبج لەلایەن ئەنجومەنی سەربازی مەنبجەوە، لە ساڵی ٢٠١٦دا، بە سایەی پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک و دامەزراندنی دەزگاکان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شارەکەدا ڕوویدا، سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری یەکێکە لەو سەنتەرانەی کە ڕێگای بۆ هەموو پێکهاتەکان کردووەتەوە بۆ پەرەپێدانی کولتوور و زمانەکەیان، جگە لە دەرخستنی لێهاتوویی چەندین کەسایەتی لە ناوچە جیاوازەکانەوە.

 

زەینەب ئیسحاق، یەکەم ژنی گەنجی چەرکەزییە کە بە زمانی دایکی گۆرانی دەچڕێت و بەشداری لە هەموو چالاکیەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەکات، زەینەب لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ئەندامی سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەرییە ودەستی بە وەرگرتنی پەروەردە کردووە و گۆرانی وتووە، هاوکات ئەندامی گروپی ئەڤین گۆییە.

 

سەبارەت بە گروپی ئەڤین گۆیی، کە لە پاریس شەهید کرا، وتی: ماوەی دوو مانگە ئەم گروپەمان دامەزراندووە، زۆربەی ئەندامان ژنن و ئەو گۆرانیانەی کە ئێمە دەیڵێین گۆرانی میللین سەبارەت بە ژنان و تێکۆشانیان لە شۆڕشدا.

 

خوێندوویەتی و لە کارە کولتوورییەکانیشی بەردەوام بووە

زەینەب ئاماژەی بەوەکرد کە بوونی ژنان لە سەنتەری ڕۆشنبیری و بواری ڕۆشنبیری بەگشتی کەمە، بەهۆی هۆشیاری پیاوسالاریی کۆمەڵگە کە لە ژنانی قەدەغە دەکات بچنە ناو گۆڕەپانی ڕۆشنبیریەوە، خوێندنم یەکێک بوو لە بەربەستەکانی چوونە ناو گۆڕەپانی ڕۆشنبیرییەوە، بەڵام کاتی خۆم لە نێوان خوێندن و گۆرانی وتن ڕێکخست و ئەم کێشەیەم تێپەڕاند، لە ڕێگەی کەسایەتی و بوونی خۆمەوە لە گۆڕەپانی ڕۆشنبیریدا توانیم ڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنان بگۆڕم.

 

"بۆ یەکەمجار لە مەنبج، گەنجێک بە زمانی چەرکەزی گۆرانی دەڵێت"

سەبارەت بە ڕۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری لە دەرخستنی کولتووری چەرکەزی لە شاری مەنبج وتی: بە سایەی پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک دەرگا لە بەردەم هەموو پێکهاتەکان کراوەتەوە بۆ پەرەپێدانی کولتووری دایکیان، من وەک گەنجێک لە زمانی چەرکەزی بۆ یەکەم جار لە مەنبج و گوندەکانی گۆرانی دەچڕم، ئەم بیرۆکەیە دەگمەن بوو، سەرنجڕاکێش بوو بۆ کۆمەڵگەی گشتی، من دەمویست لە ڕێگەی گۆرانیەوە بە زمانی دایک کولتوورەکەم بەرز بکەمەوە.

 

زەیەنب ئیسحاق، لە هەموو چالاکییەکانی مەنبج و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بەشدارە و وتی: بێگومان بەشداری من زیاتر لەسەر ئاستی مەنبج و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، لە چالاکییەکانی ٨ی ئادار و نەورۆزدا بەشداریم کردووە، بە زمانی چەرکەزی گۆرانیم وتووە، پشتگیری خەڵک هێزی ئەوەی پێدام کە بەردەوام بم لە گۆرانی وتن لەسەر تەختەی شانۆ، زۆربەی ئەو گۆرانیانە دەربارەی قەوقاز و کۆچکردنی زۆرەملێی چەرکەزییەکانە.

 

"پێویستە ژنانی گەنج بە لێهاتوویی بەربەستەکانی بەردەمیان لابەرن"

زەینەب ئیسحاق پەیامی بۆ ژنانی گەنج هەیەو وتی: پێویستە ژنانی خاوەن توانا چاوەڕوانی کەس نەبن و ترس بشکێنن و شارەزایی و کولتوورە شاراوەکانیان پەرە پێبدەن، لە ئەزموونی خۆمەوە لە گۆڕەپانی ڕۆشنبیریدا دەتوانم بڵێم کە پەروەردەکار یان ئەو کەسانەی کە زمانی چەرکەزی دەزانن، نەبوون، هەموو کارەکە لەسەر شانی من بوو، هیوادارم زیاتر پەرە بە خۆم بدەم و لە ڕێگەی دەنگ و گۆرانییەکانمەوە لە کەلتووری چەرکەزییەوە درێژە بە پەیامەکەم بدەم.

 

چەرکەزییەکان لە کۆنەوە لە شاری مەنبج دەژین

ڕۆز ئیسحاق سەبارەت بە پێکهاتەی چەرکەزییەکان و ڕۆڵیان لە سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری وتی: مێژووی پێکهاتەی چەرکەزی لە شاری کۆنی مەنبج یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شارەکە، بەڵام بە درێژایی کات و بەو شەڕانەی تێیدا ڕوویداوە، زۆر لە چەرکەزییەکان کۆچیان کرد بۆ شار و ویلایەتەکانی تر، سەرەڕای کەمی ژمارەی چەرکەزییەکان لە شارەکەدا کە پارێزگاری لە کولتوور و زمانەکەیان دەکەن، هەروەها ڕۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەریش هەبوو بۆ بەرزکردنەوەی کولتوورەکەیان ئێمە هیوادارین ئەندامانی پێکهاتەی چەرکەزی لەناو سەنتەرەکە زیاد بکەین.

 

پەیامی ڕۆز ئیسحاق بۆ هەموو کۆمەڵگە ئەوەیە کە پێویستە بچنە ناو سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەرییەوە بۆ پێشخستنی کولتوور و فۆلکلۆری و لێهاتووییەکانیان، وتیشی: دوودڵییەکی زۆر لەلایەن ژنانەوە هەیە، پەیامی من ئەوەیە کە لەناو کۆمەڵگەدا بێدەنگ نەبن و کارامەیی و سودی خۆیان دەرببڕن.