لە سێبەری قسەی ڕق و کینە... قەرەجەکان لە نێوان قڕکردن و پەراوێزخستن-١

قەرەجەکان کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە دوورخراوەتەوە، ڕووبەڕووی کێشەگەلێک دەبنەوە کە لە تاکەوە درێژدەبێتەوە بۆ خودی پێکهاتەی کۆمەڵگە و بیرۆکە باوەکان، ساڵانە هیواکانیان بۆ ژیانێکی پڕ لە شکۆ و دوور لە قسەی ڕق و کینە نوێ دەبێتەوە.

ڕۆشان سەلام

 

ناوەندی هەواڵ-ئەو ناوانەی خەڵک بۆیان بەکاریدەهێنن بەپێی ناوچەکەیان جیاوازە: قەرەجەکان، دۆم، لۆم، سینتی، جیتانۆس، هەموویان بە واتای "قەرەجەکان" دێت.

 

ئەم ناوانە بە هۆی زمان و پێکهاتەی فەرهەنگی ئەو ناوچەیە لە قاڵب دەدرێن، بە تێپەڕبوونی کات، قەرەجەکان لە کۆمەڵگە پەرش و بڵاوەکاندا ژیاون، زۆرجار خۆیان بە "ڕوم" دەناسێنن، بە واتای "مرۆڤ"، لەکاتێکدا هەندێکیان "قەرەج"یان پێ باشترە و دەڵێن: دەمانەوێت بەو شوێنەی کە لەدایک بووین بناسێنین. بەڵام ئەم زاراوەیە لەم ساڵانەی دواییدا گفتوگۆی نوێی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە هەندێک لە قەرەجەکان ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە وشەی "قەرەجەکان" دەڕبڕیوە، بە وشەی بیانی ڕۆما (گاکۆلار) بۆ پەراوێزخستنیان دەزانن، کە لە فۆلکلۆری ئەواندا بەستراوەتەوە بە چیرۆکی ”تشین” و ”غان”ەوە.

 

ئەم چیرۆکە زیاتر وەک ئەفسانەیەکی زارەکی دەمێنێتەوە نەک ڕاستییەکی مێژوویی، لە دەوری دوو گەنج بە ناوەکانی ”تشین” و ”غان”ەوە. پێدەچێت وشەی "تشينغانی" لە تێکەڵکردنی ئەم دوو ناوەوە سەرچاوەی گرتبێت.

 

مێژووی قەرەجەکان و ڕێگاکانی کۆچ

سەرەڕای دەوڵەمەندی کولتوور و مۆسیقا و شێوازی ژیانیان، قەرەجەکان لە ژێر پەراوێزخستن و ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتیدا دەژین، کە زۆرجار وەک گروپێکی "بێ دەوڵەت" سەیر دەکرێن.

 

سەرچاوە مێژووییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی باکووری هیندستان و پاکستانی ئێستا، بە تایبەتی پارێزگاکانی پەنجاب، ڕاجاستان و سند، ئەوان لە نزمترین ئاستەکانی پلەبەندی کۆمەڵایەتی کۆن و هیندستان بوون. بەهێزترین تیۆری زانایان باس لەوە دەکەن کە کۆچەکانیان لە سەدەی ١١ لە کاتی هەڵمەتەکانی سوڵتان مەحمودی غەزنی بۆ باکووری هیندستان دەستی پێکردووە.

 

هەزاران قەرەجەکان

گیران و بە زۆر بەرەو ڕۆژئاوا گواسترانەوە، لە ئەنجامدا، یەکێک لە گەورەترین شەپۆلەکانی ئاوارەبوون لە مێژوودا دروست بوو. دواتر لە سەرانسەری ئێران و ئەنادۆڵدا بڵاوبوونەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان.


ڕێگاکانی کۆچی قەرەجەکان بەسەر سێ لقی سەرەکیدا دابەشکراون:

لقی یەکەم: لە ڕێگەی ئەفغانستان و ئێرانەوە بۆ ئەنادۆڵ و بەڵکان و پاشان ئەوروپا (گروپی ڕۆما).

لقی دووەم: بەرەو باکوور لە ڕێگەی قەفقاز و ڕووسیا تا ئەوروپای ڕۆژهەڵات (گروپی لوم).

لقی سێیەم: بەرەو باشوور لە ڕێگەی سووریا و فەڵەستین و مسڕەوە بۆ باکووری ئەفریقا، پاشان ئیسپانیا لە ڕێگەی گەرووی”جبل طارق”ەوە (گروپی دوم).

 

چوونی ئەوان بۆ ئەمریکای باکوور لە سەردەم دەردەمی لە ڕێگەی کۆچەکانی دواترەوە ڕوویدا.

 

جینۆسایدی قەرەجە لەبیرکراو

جینۆساید لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا بە یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانەکانی مێژووی قەرەج دادەنرێت، نازییەکان لە ئۆپەراسیۆنی سیستماتیکدا سەدان هەزار قەرەج و سینتییان کوشت. لە ٢ی ئابی ١٩٤٤دا، نزیکەی ٤٣٠٠ قەرەج و سینتی لە یەک شەودا لە ژوورە غازییەکانی ئاوشڤیتز-بیرکیناو کوژران. ئەم ڕۆژە بە یەکێک لە تاریکترین ساتەکانی مێژووی خۆیان دادەنین.

 

قەرەجەکان ئەم جینۆسایدە ناودەبەن "بۆریامۆس"، وشەیەک لە زمانەکەیانەوە بە واتای "قوتدان" دێت، کە ڕەنگدانەوەی قەبارەی کارەساتەکەیە، بە ناساندنی ٢ی ئاب لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەک ڕۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدی قەرەج، ئەم کارەساتە سەرنجی زیاتری نێودەوڵەتی بەدەستهێنا. بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی ٧٠٪ی قەرەجەکان لە ئەوروپا لەو کاتەدا کوژراون، کە نزیکەی یەک ملیۆن کەسە.

 

بەڵام بۆ چەندین ساڵ جینۆسایدی قەرەج هەمان ئاستی لێکۆڵینەوە و گرنگیدان بە هۆلۆکۆست وەرنەگرت و تا ڕادەیەکی زۆر لە هۆشیاری جیهانیدا لەبیرکراو مایەوە.

 

"گۆڕە ونبووەکان و مێژوویەکی نەبینراو"

جینۆساید تەنها لە کامپەکانی کۆکردنەوەدا سنووردار نەبوو، هەروەها کوشتنی بەکۆمەڵ لە گوندەکانی سەرانسەری ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی لەخۆگرتبوو، زۆرێک لە قەرەجەکان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون، کە زۆربەیان تا ئەمڕۆش نەدۆزراونەتەوە.

 

تا ئێستاش لە وڵاتانی وەک ڕووسیا، ئۆکرانیا، مۆڵدۆڤا، لیتوانیا بەدوای تەرمی گەڕاون لەم گۆڕانەدا، هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن کە هەندێک لە زیانبەرکەوتووان بە زیندووی نێژراون، دواتر ئەم ناوچانە کراون بە زەوی کشتوکاڵی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوەی بەسەر قەرەجدا هاتووە تەنها ڕووداوێکی مێژوویی ڕابردوو نییە، بەڵکو بابەتی یادەوەری و دادپەروەرییە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

 

جیاکاری لە دژی قەرەج لە هەموو شوێنێکی جیهان

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا باجی قورسیان لەسەر دەدرا، لە ئەوروپا، خوێندنیان لێ وەرنەگیرا، بە کورتی لە هەر وڵاتێکدا کە دەچوونە ئەوێ، ڕووبەڕووی جیاکاری دەبوونەوە و بە هەڕەشەیەکی کۆمەڵایەتی دادەنران.

 

ژمارەیان لە سەرانسەری جیهاندا بە نزیکەی ١٧ ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، بەڵام سەرەڕای ئەم ژمارە زۆرە، پرسیارەکە هەروایە: بۆچی قەرەجەکان تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ دەخرێن؟

 

فەلسەفەی "ئێمە لە هیچ شوێنێکەوە نەهاتووین، دەچینە هەموو شوێنێک"

بە درێژایی مێژوو قەرەجەکان خاوەندارێتی تایبەتی موڵک و ماڵ ڕەتدەکەنەوە و ئەو فەلسەفەیەیان گرتەبەر کە "ئێمە لە هیچ شوێنێکەوە نەهاتووین، دەچینە هەرموو شوێنێک"، بۆیە زۆرجار بە "پیشەسازی کۆچەری" پێناسە دەکران، جگە لە فەرهەنگی مۆسیقاییان، پیشەکانی وەک پزیشکی ددانی نەریتی، خەتەنەکردن، پزیشکی فۆلکلۆر، ئاسنگەری و دروستکردنی سەبەتەیان ئەنجامداوە، ئەوان لەو ناوچانەی کە تێیدا دەژیان ئەم خزمەتگوزاریانەیان پێشکەش دەکرد و لە بەرامبەردا پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دەستەبەر دەکرد.

 

قەرەجەکان یان "جپسیەکان" لە ڕێگای ئێران و ئەرمەنستانەوە گەیشتنە ئەنادۆڵ، بۆ یەکەمجار لە سەدەی ١١دا لەگەڵ سەلجوقیەکان بەرکەوتنیان هەبوو، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر لە چەمی تراکی لە سەدەی ١٢دا ژیاون.

 

قەرەج لە تورکیا و کوردستان: سترێئۆتایپ و قسەی ڕق و کینە

وەک لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، خەڵکی قەرەج لە شارە جیاوازەکانی سەرانسەری تورکیا و کوردستاندا دەژین، خەمڵاندنە فەرمییەکان ژمارەیان نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسە، لەکاتێکدا خەمڵاندنە نافەرمییەکان ژمارەکەیان نزیکەی ٢ ملیۆن کەسە، دەوترێت ٩٥٪یان بۆ هەمیشە نیشتەجێ بوون.

 

لە تورکیا بەپێی ناوچەکە بە ناوی جیاواز ناسراون: "رومان" لە ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ و تراکیا، "موتریب" لە نێوان وان و ئەردەهان، "ئیلاکی" لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ، "بوشا" لە ئەرزروم و دەوروبەری، "کانۆ" لە ئەزەنە. لە بەشێکی کوردستانیش بە ناوەکانی وەک "قەرەج"، "ئاشیک"، "ژیندار"، "قەرەجی کورد" ناسراون.

 

دوورخستنەوەیان لە ژیانی گشتی ناچاری کردوون لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکاندا بژین، زۆرجار لە هەژارترین گەڕەکەکانی شاردا، ئەم دۆخە ئابوورییە سەختە بەشداری کردووە لە چەشنە کۆنەپەرستانە نەرێنییەکانی وەک "هەژار"، "دز"، "کێشە ساز" و "بیانی".

 

بەم شێوەیە خەڵکی قەرەج تووشی پەراوێزخستن و ڕەگەزپەرستی و بێگانەپەرستی دەبن، نەک تەنها بەهۆی بارودۆخی ژیانیان، بەڵکو بەهۆی گێڕانەوە و ئەفسانە مێژووییەکانیشەوە کە لەبارەیانەوە دەسوڕێنەوە.

 

جگە لەوەش چیرۆکەکانی "ژنە جانتا هەڵگرەکە" و "قەرەجە دزەکە" کە دایکان بە منداڵەکانیان دەگێڕایەوە بۆ ئەوەی ڕێگریان لێ بکەن لە قسەکردن لەگەڵ کەسانی بیانی، لە تەمەنێکی بچووکەوە بەشدارییان کردووە لە چاندنی قسەی ڕق و کینە.

 

لە کۆمەڵگەی ماتریاکییەوە بۆ پێکهاتەی باوکسالاری

کۆمەڵگەی قەرەج لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی نزیکتر لە ماتریاکی و پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ سروشتەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام هەڵاواردن و شێوازی ژیانی کۆچەرییان ڕێگری لێکردن لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە گەورەکان.

 

لە ژێر فشاردا ناچار بوون "دیوارێکی پارێزراوی" بۆ پاراستنی خۆیان دروست بکەن، ئەمەش بووە هۆی لاوازبوونی پێکهاتە ماتریاریەکانیان، هەروەها ئارەزووی یەکگرتن و مانەوەیان لەناو کۆمەڵگەدا وای لێکردن خۆیان لەگەڵ پێکهاتە پیاوسالارییەکاندا بگونجێنن کە لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی دەسەڵات دامەزراون.

 

لە کاتێکدا هەندێک تایبەتمەندی ماتریاریک لە نێو گروپە کۆچەرییەکان بەردەوامن، بەڵام ئەمانە لە نێو ئەو کەسانەی کە لە ناوچە شارییەکان نیشتەجێ بوون کەمتر دەرکەوتووە.

 

هەروەها قەرەجەکان لە کاتی هەوڵدان بۆ پاراستنی بیروباوەڕی ئایینی و بەها کولتوورییەکانیان لەناو کۆمەڵگەی گەورەتردا ڕووبەڕووی توندوتیژی و ڕەتکردنەوە بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەم گۆڕانکارییە بەرەو پێکهاتەیەکی پیاوسالاری زیاتر دەرئەنجامی فشارە دەرەکییەکان بێت نەک هەڵبژاردنی ناوخۆیی.

 

کاریگەری هاوسەنگی هێز لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی

دەسەڵاتی پیاوسالاری، پێکهاتەی ماتریاکی نەبینراوی کردووە، ڕێگری لە ژنان کردووە کە ڕۆڵێکی دیار لە ژیانی ڕۆژانە و کولتووریدا بگێڕن، سەرەڕای ئەمەش ژنان لە کۆمەڵگەی قەرەچدا هەڵگری سەرەکی کولتوورن، ئەوان لە بوارە هەمەچەشنەکاندا کاردەکەن، کولتوورەکە دەپارێزن و لە هەمان کاتدا سەربەخۆیی ئابووری بەدەستدەهێنن.

 

فێستیڤاڵی هەدرلێز... هەموو ساڵێک هەمان ئاواتەکان

فێستیڤاڵی هەدرلێز یەکێکە لە جەژنە گرنگەکان بۆ قەرەجکان، لەم ڕۆژەدا ئاگر دەکرێنەوە و ئاواتەکان دەخرێنەڕوو و مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بە درێژایی شەو بەردەوام دەبێت، قەرەجەکان هەوڵدەدەن لەم فێستیڤاڵەدا کولتوورەکەیان بپارێزن و بە هێزەوە ناسنامەی خۆیان دەرببڕن، ساڵانە ئاواتەکانیان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و دوور لە قسەی ڕقاوی نوێ بکەنەوە.