ژنانی ونبووی ئەنفال ٣٣ ساڵە لەکوێن؟ ...١

پێش ٣٣ ساڵ ڕژێمی بەعس بە ناوی پرۆسەی ئەنفالەوە سڕینەوەی نەژادی کوردی بە ئامانج گرت و هەزاران کەسی کۆمەڵکوژ کرد، هەزاران ژن ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی بوونەتەوە و لە بازاڕەکاندا فرۆشراون، بەپێی بەڵگەکانی ڕژێم ژنانی ئەنفالکراو کە لە کامپەکانی شەواندا کاریان دەکرد، برانە میسر و لەوێدا فرۆشران، هەتا ئێستاش لەدوای تێپەڕینی ٣٣ ساڵ هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو ژنانە نییە.

بەپێی بەڵگەکان ١٨ ژن براون بۆ میسر

 

 

سلێمانی- ڕەگ و ڕیشەی ئەنفال لە عەرەبییەکەیەوە کە (الانفال)ە بە واتای ئۆپەراسیۆن و جموجوڵی سەربازی دێت، فەرماندەی گشتی ئەنفال لە کۆمیتەی ڕژێمی بەعس لە شاری کەرکوک بوو، بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئەنفال عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی ئامۆزای سەدام حسێن کە ئەوکات سەرۆک وەزیران بوو، دیاری کرا، عەلی حەسەن مەجید لە ناوچەکانی باشوری کوردستانەوە وەک ئەرک ئەو کارەی گرتە ئەستۆ، بۆ ئەوکارەش قۆڵی ١ و ٥ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەمنی، ئیستخبارات، و جاش بە کۆی ٢٠٠ هەزار هێزی زەمینی خستە ئامادەباشییەوە، دەیان فرۆکە، هەزاران تۆپ و تانک و چەکی قورسی ئامادەکرد.

ساڵی ١٩٨٨ بە کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، هەموو هێز و چەکەکانی بە ئاڕاستەی کوردستان کشاندەوە و دەستی بە پرۆسەی ئەنفالکرد، بەم ئامادەکارییانە پرۆسەی قڕکردن هەتا مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٩ بەردەوام بوو.

 

بە بەرچاوی ژنانەوە منداڵەکانیان دەکوژران

دوای ئەوەی خاکی کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە داگیرکرا، کۆتایی بە ئازاری ژیان نەهات، ژنان کچ و کوڕ و مێردیان لە شەڕەکاندا لەدەستدا، ئەوان شایەتحاڵی پرۆسەکانی جەنگ بوون، ئەو ژنانەی کە قوربانی ئەنفال بوون، منداڵەکانیان بە بەرچاویانەوە کۆمەڵکوژ کران، شایەتی هاواری ئەو ژنانە بوون ئەشکەنجە دەدران.

 

هەرچەندە چەندین ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ئەنفال لە مێژووی کورددا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا ژنانی باشوری کوردستان سەختی ئەو ڕۆژانەیان لەبیرە، ٣٣ ساڵ لەمەوبەر، پرۆسەکانی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە، کۆمەڵکوژی ڕەگەزیی لە باشوری کوردستان کردە ئامانج، هەموو ئەمانە لە ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٩ بەڕێوەچوو، بەپێی بەڵگەنامە فەرمیەکانی رژێمی بەعس، شاڵاوی ئەنفال لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ تا ٦ی ئەیلولی ١٩٨٩ بەردەوام بوو.

 

ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە و لە بازاڕەکاندا فرۆشران هیچ کات قسە ناکەن

لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا، لەگەڵ کۆمەڵکوژیەکاندا، هێرشی ئاسمانی و زەمینی کراوە، ٧٧ جار چەکی کیمیایی بەکارهاتووە، یەکێک لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی کیمیاباران بووەتەوە هەڵەبجەیە، کۆمەڵکوژی ئەنفالیش بەشێکە لە لەناوبردنی نەتەوەیی کوردان، بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەنێوان ١٠٠ هەزار بۆ ١٨٠ هەزار کەس بوونەتە قوربانی و بێسەروشوێن بوون، هەرچەندە بەپێی بەڵگەنامە فەرمیەکان، زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس بوونەتە قوربانی، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵنەدراونەتەوە و ژمارەی بێسەروشوێنان ڕوون نەبووتەوە، لایەکی نیگەرانی نەوتراوی ئەنفال ئەوەیە کە هەزاران ژن توندوتیژیان بەرامبەر کرا و لە بازاڕەکاندا فرۆشراون، هێشتا زۆرێک لەو ژنانەی کە ماون لەبەرامبەر کێشە دەرونییەکانیاندا لە تێکۆشاندان، ژنانی گەرمیان دەڵێن: "ئێمە بە باشترین شێوە لە ژنانی ئێزدی تێدەگەین".

 

ئامانجیان کۆمەڵکوژی کوردان بوو

شاڵاوی ئەنفال بەچەند هەنگاوێک بەڕێوەچوو، سەرەتا گوندەکە گەمارۆ دەدرا، پاشان قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەندرا و لەشکر و سەربازەکان دەچوونە ناو گوندەکانەوە، گوندنشینان بە پێی تەمەن و ڕەگەزیان جیادەکرانەوە، سوار زیلە عەسکەرییەکان دەکران و بەرەو ئەو ناوچانەی کە نەدەزانرا دەگوازرانەوە.

 

لەو گوندانەی کە چۆڵدەکران سەربازەکان دەستیان بە تاڵانی دەکرد و دەستیان بەسەر ماڵ و کەلوپەلەکانیاندا دەگرن بەناوی دەستکەوتی جەنگەوە، دوای تالانکردین، ماڵ، قوتابخانە، مزگەوت و بیناکانیان بە شۆفڵ تەختی زەوی دەکرد و کانیاوەکانیان بە چیمەنتۆ دادەخست، دارە میوەکانیان دەبڕییەوە و باخ و بێستانەکانیان دەسوتاند.

 

هەرچەندە ڕژێمی بەعس کێشەی کوردی لە عێراقدا بە کۆمەڵکوژی بە ئامانج گرتبوو، بەڵام گوندی سوریانی، ئێزدی، تورکمان و یەهودییەکانی لە باشوری کوردستانیشی وێران کرد.

 

بەپێی بەڵگەکان ١٨ ژن براونەتە میسر

کۆمەڵکوژی ئەنفال تەنها بە مەرگەوە نەوەستا، بەڵکو ژنان ئەو کارەساتەی ئێستا داعش بەرامبەر بە ژنان ئەنجامی دەدات، بینیان، کۆیلەکردن، فرۆشتن و وەکو خزمەتکارگرتن و دەستدرێژی سیسکی بۆ سەر ژنان بەشێکی دیکەی ئەو تەندوتیژیانە کە بەرامبەر بە ژنان کرا لەو سەردەمەدا، کە دەروونی بەشێکی زۆر لە ژنەکان هەتا ئێستا ئارام نەبووەتەوە.

بەڵگەنامە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەوکاتەدا ١٨ ژنی گەنج براونەتە میسر و لەوێدا فرۆشراون، ئەوەش ئاشکرا بووە کە مندڵان و ژنانی گەنج لە قەتەر، کوەیت، ئیماراتی عەرەبی و عەرەبستانی سعودییە فرۆشراون و پێشکەش بە شێخەکانیان کراون.

 

داوادەکەن ئەنفال وەک واتانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسرێت

ژن، منداڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەدایە کە لە دوای ئەنفالەوە دروستبوون، بەڵام کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕەخنەی ئەوە لە حکومەت دەگرن کە هاوکاری مادی و مەعنەوی ناکرێن، ئێشتا بەشێکی زۆری ئەنفالکراوان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ماونەتەوە و ڕووفاتەکانیان نەگەڕێندراونەتەوە خێزانەکانیشیان داوای گەڕانەوەی ڕووفاتەکانیان دەکەن، ئەگەرچی چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدرابنەوە بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووری هەرێمەوە نەتوانراوە هەموو گۆڕەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ زیدی خۆیان.

 

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ١٤ی نیسانی وەک "ڕۆژی یادکردنەوەی ئەنفال" ڕاگەیاندووە، دەزگا فەرمیەکانی هەرێم و کەسوکاری ئەنفال داوادەکەن کە کەسانی بەرپرسیار و تاوانبارانی کەیسی ئەنفال بە سزای خۆیان بگەیەنرێن، ئەنفالیش بە تاوانێکی نێودەوڵەتی و تاوانێکی مرۆڤایەتی بناسرێت.

 

ت.پ