ژنانی شارستانییەتە کۆنەکانی جیهان دژی پەراوێزخستن و تایفەگەری تێدەکۆشن
ژنان لە عێراقدا، عەرەب، کورد، مەسیحی، موسڵمان، ئێزدی و هەموو نەتەوەکان،بە هەموو توانایانەوە کاردەکەن بۆ زیندووکردنەوەی لانکەیان، یەکێک لە شارستانییەتە کۆنەکانی جیهان، بۆ زیندووکردنەوەی وڵاتێک کە بەدەست گەمارۆ، شەڕ، پیلانگێڕییەکانەوە دەناڵێنێت.

ناوەندی هەواڵ
عێراق ڕووبەرێکی فراوانی زەوی داگیرکردووە کە شاهیدی سەرەتاییترین شارستانییەت بووە لە مێژوودا.
سنوورەکانی ئێستای لە ساڵی ١٩٢٠لە لایەن زلهێزەکانی ڕۆژئاواوە سەپێندرا،وەک بەشێک لە پەیماننامەی سیڤرێس کە پاش جەنگی جیهانی یەکەم ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دابەش کرد.
ڕووبەری عێراق ٤٣٨ هەزار و ٣٢٠ کیلۆمەتر دووجایە، ئابوورییەکەی بە تەواوی پشت بە نەوت بەستووە، ئەم ئابورییە بەهۆی شەڕی یەکەم و دووەمی کەنداو کەوتە ژێر کاریگەرییەوە، سزا نێودەوڵەتییەکانیش کە لە ساڵی ١٩٩٠دا سەپێندرا، بارگرانی زیاتری لەسەر بوو، بەشێوەیەکی بەرچاو هاوڵاتیانی عێراقی هەژارکرد.
بەخشەری ژیان
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێ، "دیاردەی مێینەبوون وەک کۆنترین دەرکەوتی کۆیلایەتی، دەرئەنجامی بڵاوبوونەوەی کاریگەریی کۆمەڵگەیەکی سێکسیستی، بەدامەزراوەیی کرا، دوای شکستی ژنی دایک،هەموو پەرستش و ڕێوڕەسمەکانی دوای ململانێی درێژخایەن، توند و هەمەلایەنە لەسەر دەستی پیاوی بەهێز و ستەمکار و دارودەستەی، ژنان کە بەشدارییان لە سەرهەڵدانی یەکەم شارستانییەت لەسەر زەویدا کردووە، بە تەواوی پشتگوێ خران، تەنیا وەک قوربانی ئاماژەیان پێکرا.
ناوچەی میزۆپۆتامیا کە عێراق ڕووبەرێکی فراوانی داگیرکردووە، شاهیدی کۆنترین شارستانیەتەکان بووە کە مرۆڤایەتی دەیناسێت، پاشماوە و نووسینەکان ماونەتەوە بۆ ئەوەی بۆ جیهان پشتڕاست بکەنەوە کە ژنان مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە، پێگەیەکی گرنگیان هەبووە، بەو پێیەی هێمای منداڵبوون و ژیان بوون، کە ئینانا خواوەند نوێنەرایەتیان دەکرد، ژنان پێشەنگایەتی کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکانیان گرتە ئەستۆ، پێگەیەکی مەعنەوی گەورەیان لە نێو ئەو کەسانەدا هەبوو کە زەوییان بە دایک و سەرچاوەی بەخشینیان دەزانی.
بۆ سۆمەرییەکان، خوداوەندەکان بە "ئەنوناکییەکان" ناسرابوون. سەرەتا هەموو خوداوەندەکان مێ بوون. هەموو شتێک کە پەیوەندی بە چاکە و سەقامگیرییەوە هەبوو، پەیوەندی بە ژنانەوە هەبوو. ئینانا یەکەم خوداوەندی مێینە بوو، هێمای بەخێوکردن، خۆشەویستی،چاکەکاری بوو،بابلیەکان بە ئیشتاریش دەیانناسی، دواتر ئەکەدی و ئاشوورییەکان سیفەتی هێزیان بۆ زیاد کرد، نینهورساغ بە خوداوەندی بەخێوکردن و زەوی دادەنرا، لێپیتۆم،خوداوەندی بیناسازی بوو، کی، خوداوەندی زەوی بوو.
نزیکەی ٥هەزار ساڵ لەمەوبەر پیلانگێڕی دژی ژنان دەستی پێکرد، پیرە پیاوێک و گەنجێک و پیاوێکی بەهێز کۆبونەوە و یەکەم هاوپەیمانی سیاسی و سەربازی و ئایدیۆلۆژییان بۆ ڕووخاندنی ژنان پێکهێنا، ئەم هاوپەیمانییە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی ژنان، کەمکردنەوەی پێگەی ژنان بوو،سەرەتای دروستبوونی خوداوەندەکان بوو کە تەقلیدی خوداوەندە مێینەکان دەکرد، چەمکی خوداوەندی نێر سەریهەڵدا، ئینانا لەلایەن تەمموزەوە ئاڵەنگاری کرا.
پیاوان هەوڵی دزینی دەستکەوتەکانی ژنانیان دا. ئەفسانەیەک باسی ئەم شەڕە دەکات: ئێنکی خواوەند هەوڵیدا دەستکەوتەکانی ئینانای خواوەند بدزێت، کە پێداگری لەوە دەکرد کە ببێتە خاوەنی دۆزینەوە مەزنەکانی 'مائات' کە ژمارەی ١٠٤ دۆزینەوە، ئەفسانەی 'لەناوبردن' بەڵگەی زیاترە لەسەر ململانێی نێوان کۆمەڵگەی نیولوتی کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن لەگەڵ پیاوان، ئەمەش بە دەستدرێژیکردنە سەر ئینانا لەلایەن 'شواکلایتود'ی جووتیار دەرکەوت کە پەنای بۆ شار بردبوو و لەوێ ون بوو.
لە شارستانیەتەکانی دواتردا دۆخی ژن باشتر نەبوو، تەواو بە پێچەوانەوە،لە شارستانیەتی ئەکەدیدا ژن بە بیانووی هاوسەرگیری سیاسی بۆ بەرژەوەندی ئیمپراتۆریەت بەکار دەهێنرا، لە شارستانیەتی ئاشووریدا سیفەتی شەڕ بۆ ئینانا،خوداوەندی خۆشەویستی، یان وەک ئەوەی پێیان دەوت ئیشتار، زیاد دەکرا، ژنان لە شەڕەکاندا کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئیمپراتۆریەت بوو بەکار دەهێنرا، ژنانی بەشداری شەڕەکانی دەوڵەتی ئاشووریش ستایشیان دەکرا.
خودا و دەوڵەت دوو چەمکن کە هەمیشە بەیەکەوە گرێدراون، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە، ئەمە لە عێراق بە ئایینی سۆمەری دەستی پێکرد، یەکێکە لە ئاماژە گرنگەکان بۆ گەلانی میزۆپۆتامیا، قەشە پیاوەکان زاڵ بوون بەسەر چەمکی ئایین و پێگەیەکی بەرچاویان لەناو هاوڵاتیاندا دامەزراند، هاوکات ژنان لە هەممو پۆستێکی قەشەیی بێبەش کران.
ململانێی نێوان دوو هێزی یەکسان (کۆمەڵگەی نیۆلیتیک و کۆمەڵگەی شار) تا ساڵی ٢٠٠٠ پێش زایین بەردەوام بوو، دوای ئەوە هاوسەنگی دەستی کرد بە وەرچەرخان لەسەر هەژماری ژن، لە ڕێگەی ژنبوون و بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە و گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ پیاوسالاری.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شانشینی و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی گەورە لە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا خوارەوە لە نێوان ساڵانی ٥٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠پێش زایین، بەو پێیەی پاشاکان پیاو بوون، هەبوونی منداڵی نێر بۆ مانەوەیان زۆر گرنگ بوو، بۆ ئەوەی منداڵی نێر زیاتر بەرهەم بهێنێت، فرەژنی سەریهەڵدا و پەیوەست بوو بەم پرسەوە.
ژنان لە زیقوراتەکاندا
منداڵانی کچان دەبردرانە پەرستگاکان کە پەرەیاندە سەند و دەبوونە پێکهاتەی هەرەمی بەرز کە پێیان دەوترا زیقورات، بۆ ئەوەی لەوێ کار بکەن، منداڵانی کچان خۆیان بۆ ئەوان تەرخان دەکرد، هونەرەکەیان بۆ پیاوە دەوڵەمەندەکان نمایش دەکرد، ئەگەر یەکێکیان سەرسام بوو بە یەکێکیان، ئەوا هاوسەرگیری لەگەڵ دەکرد، پەرستگاکەش پارەی بۆ دەهات،ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە گفتوگۆی دەستپێکیدا باس لەوە دەکات کە پەرستگا ژنانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی قۆستەوەو و ئەم ژنانە وەک بەرهەمدارترین و بەخشندەترین بریکار کۆمەڵگەی دەوڵەتی خانەقای نوێ بوون، هاوشێوەی لەشفرۆشخانەی ئەمڕۆ.
بەپێی سیستەمی چینایەتی کە لەو کاتەدا زاڵ بوو، باڵاپۆشی بەسەر پۆلە تایبەتەکانی ژناندا سەپاند،بەڵام کۆیلەی مێینەکان بۆیان قەدەغەکرابوو لەبەرکردنی، ژنان لە نەخشی سەر دیوارەکاندا دەردەکەون و قژیان بە جامانە ڕازاوەتەوە، تابلۆیەکی ژنێک کە باڵاپۆشە ، ئێستا لە مۆزەخانەی بەریتانیا وێنا کراوە، ئەفسانەیان کە بە شێوەی مێخی لەسەر گڵ و تاشە بەرد نووسراون، بۆ ئەکەدیەکان و ئاشوورییەکان گوازراونەتەوە، تەورات هەندێک لەو چیرۆکانەشی لەخۆگرتووە.
ئەو تاشەبەردە سۆمەریانەی کە ناوی پاشاکانیان لەسەر نووسراوە، هیچ شاژنێکیان تێدا نەهاتووە، تا ساڵی ٢٥٠٠ پێش زایین پیاوانیش زاڵ بوون بەسەر سەربازیدا، هەندێک لە پاشاکان بە لوگەس ناسرابوون، بە واتای "پیاوی گەورە". لە بەرامبەردا ژنان بە هەڵگری ئەم نازناوە نەناسرابوون، بە تەواوی لە دەسەڵات دوورخرانەوە.
هەرچەندە لە تۆمارە پاشایەتییەکان باسی نەکراوە، بەڵام شوباد، شاژنی ئور کە بە پو ئابی ناسراوە، لە دەوروبەری ساڵی ٢٥٠٠ پێش زایین فەرمانڕەوایی کردووە، لە گۆڕەکەیدا سێ مۆری سلندری لاپیس لازولی دۆزراونەتەوە کە ناو و نازناوی ئەویان لەسەر بووە، جگە لەوەی ٥٩ کەس لەگەڵیدا نێژراون، بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی لەگەڵیدا نێژراون، مێژوونووسان پێیان وایە تیۆری دروست ئەوەیە کە ئەو بووەتە قوربانی ڕێوڕەسمێک.
دروستکردنی باخچەی هەڵواسراو کە یەکێکە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان، دەگەڕێتەوە بۆ شاژنی بابلی "ئومیت" یان "ئەمیدیا"، هاوژینی نبوخود نەسر، کچی سیاخرێس شای ماد بووە، لە خاکی میدیا دەژیا کە ئێستا دەکەوێتە باکووری ئێران، گێڕانەوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو تامەزرۆی زەوییە شاخاوییەکەی بووە، شتێک کە لە خاکی تەختی بابلدا نەیتوانیوە بیدۆزێتەوە، بۆیە ئەم باخچانە بۆی دروستکراون.
مێژووی ئاشووری و دۆزینەوە شوێنەوارییەکان لە دەستکەوتی پاشاکاندا سنووردار بووە، کۆمەڵگە و پێگەی ژنیان پشتگوێ خستووە، دیوارە ڕەنگاوڕەنگەکان ئەو شەڕانە نیشان دەدەن کە عاشوری خواوەند بەرەکەتی پێبەخشیون، لە کاتێکدا ڕۆڵی ژنان سنووردار بووە بەو قوربانییە قارەمانانەی کە بۆ چەسپاندنی بناغە سەربازییەکانی ئیمپراتۆریەتەکەیان داوە.
بەڵام سمیرامیس، شاژن لە ساڵی ٨٠٠ پێش زایین سەرکەوتوو بوو لە هاتنە سەرکاری و زۆرێک لە ئاماژەکانی ئەم قۆناغەی گۆڕی، هەوڵیدا ژیانی ئایینی و هزری بخاتە ناو ئیمپراتۆریەتێکەوە کە بە چالاکی سەربازی ناسراوە، کاری کردووە بۆ تیشک خستنەسەر ڕۆڵی خوداوەندە ژنەکان و پڕۆژەی بیناسازی بەرفراوانی ئەنجامداوە، لەوانە دروستکردنی شاری عاشور و تونێلێکی بەرددار لە ژێر ڕووباری دیجلە کە هەردوو دیوی شارەکەی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
نەقیە، یان زاکوتو، شاژن ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سیاسەتی ئیمپراتۆریەتی ئاشووریدا هەبوو، بەڕێوەبردنی موڵک و ماڵی تایبەت و فەرمانی دروستکردنی پەرستگا و کۆشکەکانی لە سەردەمی کوڕەکەی، ئەسارحەدۆن (٦٨٠-٦٦٩ پێش زایین).
ژنان لە دەوڵەتی بابل زیاتر پەراوێز خران کە لەلایەن حەمورابی،شا لە ساڵی ١٧٦٣ پێش زایین دامەزرا. ئەنجومەنی پیران کە کاروباری دەوڵەتی بەڕێوە دەبرد، تەنیا لە پیاواندا سنووردار بوو، کوڕان فێری پیشەی باوکیان بوون، منداڵانی کچان فێری کاروباری ناوماڵ بوون، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی بەشێک لەمنداڵانی کچان فێری خوێندنەوە نەبن لە شار و پەرستگاکانی بابل کە چەندین کتێبخانەی تێدابوو.
کاتێک سوپای عەرەب لە ناوەڕاستی سەدەی ٧ەمی زاینیدا هاتنە ناو عێراقەوە، فارسە ساسانییەکان کۆنترۆڵی وڵاتەکەیان کرد و زۆرینەی دانیشتووانەکەی مەسیحی بوون، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی کەمی جولەکە و ماندای و مانیچای بوون. زۆربەی ئەمانە بە ئارەزووی خۆیان بێت یان بە نائارەزووی خۆیان موسڵمان بوون.
دەوڵەتی عەباسی دەگێڕدرێتەوە بۆ ئوم سەلامە بنت یەعقوب مەخزومی، هاوژینی خەلیفە عەباس، ئەو ژنەگەنجە ڕێگری لە خوێنڕشتنی خەلیفە لە کاتی ململانێی لەگەڵ ئومەوی و عەلەوییەکان، هەروەها بە "یەکێک لە ژنە چارەنووسسازەکان و پیاوسازکەر" پێناسە کرا.
هەرچەندە ئیسلام هەر جۆرە پەیوەندییەکی دەرەوەی هاوسەرگیری قەدەغە دەکرد، بەڵام دیاردەی کۆیلەی مێینە بەردەوام بوو، دەوڵەتی عەباسی ڕێگری لە چەوساندنەوەی سێکسی ژنان نەکرد؛ دەفرۆشران و لە خانەکانی لەشفرۆشخانەکاندا کاریان دەکرد، لە سەردەمی عەباسیدا کۆمەڵگە بووە یەکێک لە گەورەترین پێکهاتەکانی کۆیلە و لەشفروش.
ژنان لە دەسەڵاتی دادوەریدا کاریان دەکرد، لەوانە شەغاب دایکی خەلیفە موقتەدیر کە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدای دەکرد، یەکەم ژن بوو لە مێژووی ئیسلامیدا پۆستی دادوەری وەرگرتبێت، هەروەها لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا کاری کردووە کاتێک خەلیفە کوڕێکی گەنج بووە، لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسی دووەمدا، ڕۆڵی ژنان لە سیاسەتدا زۆر زیادی کرد، لە کاێکدا ژنانی بیابان پەراوێز خران.
ڕەنگە دۆخی ژنانی گوندنشینی ئەمڕۆ لە عێراق درێژکراوەی ئەو شتانە بێت کە ژنان سەدان ساڵ لەمەوبەر لەم ناوچە دوورەدەست و لەبیرکراوانەدا ئەزموونیان کردووە.
لە سەردەمی مەملوکەکاندا پێگەی ژن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهات، بەڵام لە سەردەمی عوسمانی داگیرکەردا بۆ سەر وڵات (١٥٣٢-١٩١٨)، مافەکانی ژنان شایەتی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، وڵاتەکە بە توندی کاریگەریی دواکەوتوویی لەسەر هەموو ئاستەکان، لە هەموو بوارەکاندا هەبوو، نەک تەنها پێگەی ژن.
لە ڕووی یاسادانان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، تەنیا درێژەپێدەری یاسای حەمورابی بوو بە ڕەهەندە ئایینییەکان، لە کاتێکدا هەندێک یاسای مەدەنی لە ساڵانی ١٩٥٠دا هاتنە ئاراوە، پاشان کۆنترۆڵی ئایینی وردە وردە دەستی کرد بە گەڕانەوە بۆی و لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتە لوتکە.
سیستمی خێڵەکی
عێراقییەکان، چ کورد و چ عەرەب، خێڵ و عەشیرەتن و یاسای تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەم خێڵانە بەگشتی توند و تیژن سەبارەت بە هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان. لە دە دەیەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، ژنان لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیا کە داب و نەریتەکان زاڵ بوون بەسەریدا، بەهایەکی مرۆیی کەم یان هیچیان بە ژنان نەدەدا، ڕێگەیان پێنەدەدرا جیهان ببینن تەنها لە ڕێگەی کونێکی بچووکەوە نەبێت.
گروپە فەناتیسەکان هەوڵیان دەدا ژنان لەو دۆخەی ئێستای خۆیاندا بمێننەوە، هەموو مافێکی مرۆڤیان لێ بێبەش بکەن، گەنجە ڕۆنگەرەکان بێهیوا بکەن کە بارودۆخی ژنانیان بە دیارترین نیشانەکانی دواکەوتوویی لە وڵاتدا دەزانی. بەڵام تا کەی دەیانتوانی کۆنترۆڵی ژنان بکەن؟
ئەو سەرکەوتنانەی کە تەڤگەری ژنان لە وڵاتانی دراوسێدا بەدەستی هێنا، هانی ژنانی عێراقی دا کە داوای مافەکانیان بکەن، ئەوانیش خۆیان بۆ ئەو کارە ڕێکخست، ڕێکخراو، گۆڤاریان دامەزراند، بەشدارییان لە کۆنگرەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق کرد.
ژنان لە مەیدانی پارتدا کاریان دەکرد، وەک عەدویە فەلەکی، کە لەکاتی پێشەنگایەتیکردنی خۆپیشاندانەکانی دژی پەیماننامەی پۆرتسمۆسی ساڵی ١٩٤٨ دەستگیرکرا، کە ئیمتیازاتی بەرچاوی بە بەریتانیا بەخشی لەسەر حسابی عێراق. ژنانی کوردیش بەشدارییان لە تەڤگەری ڕزگاریخوازیدا کرد، لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستیان بە پێکهێنانی ڕێکخراوی ژنان کرد لە ناوچەکەدا، توانیان یاسای پشتیوانی لە ژنان بخاتەڕوو.
لەنێوان هەڵکشان و داکشان
لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨، ژنان بەشداری زۆربەی چالاکییەکان دەکەرد، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە دامودەزگا و وەزارەتەکانی حکومەتدا پۆستی دیاریان هەبووە.
نەزیهە دلەیمی یەکەم ژن بوو کە پۆستی وەزاری لە عێراق و جیهانی عەرەبیدا هەبوو.
کۆمەڵەی ژنانی عێراق بەشدارییەکی بەرچاوی کرد لە داڕشتنی یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩ کە بە باشترین دادەنرێت لە مێژووی عێراقدا.
ساڵانی شەست و حەفتاکان لە سەرفرازترین قۆناغەکانی مێژووی عێراق بوو بۆ ژنانی عێراق.