ژنان و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا...سودان

توندوتیژی سێکسی لە سودان لە کاتی شەڕی چەکداریدا بووەتە چەکێکی سیستماتیکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان، کە ژنان و منداڵانی کچ لە نێوان نەبوونی سەروەری یاسا و بێ سزادان دەکرێنە ئامانجی دەستدرێژی و کۆیلایەتی.

یارا خەلیف

 

ناوەندی هەواڵ- ئەمڕۆ ژنانی سودان لە ناو قەیرانێکی ئاڵۆزدا دەژین کە توندوتیژی چەکداری لەگەڵ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی پیاوسالاری و یاسا جیاکارییەکان یەکتر دەگرن، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە دیارترین ئامانجی دەستدرێژیکردن، کە یاسا و داب و نەریت دەسەڵاتێکی فراوان بە پیاو دەبەخشێت کە ڕەوایەتی بە توندوتیژی بدات، لە کاتێکدا ململانێی چەکداری قەبارەی پێشێلکارییەکانی گەورەتر کردووە، جەستەی ژنانیشی کردووە بە گۆڕەپانی شەڕ کە هەموو جۆرە ستەمێکی تێدا ئەنجام دەدرێت.

بۆ دەیان ساڵە ژنان لە سودان بەدەست چەندین جۆری توندوتیژی سیستماتیکییەوە دەناڵێنن، کۆمەڵگەی سودان بە داب و نەریتی میراسی بەڕێوە دەچێت، ڕەگێکی قووڵی لە پێکهاتەیەکی پیاوسالاریدا هەیە کە ژنان پەراوێز دەخات و ڕۆڵیان لە ژیانی گشتیدا کەم دەکاتەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی چەکداری لە وڵاتەکەدا، توندوتیژی تەنها لە بەرەکانی شەڕدا قەتیس نەبووە بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ ئەوەی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بگرێتەوە و لە ناوەڕۆکی پەیکەری کۆمەڵایەتیدا دەدات، ژنان و منداڵانی کچ بوونەتە ئاسانترین و مەترسیدارترین ئامانج، بەو پێیەی توندوتیژی سێکسی و جەستەیی وەک چەکێکی ڕاستەوخۆ بۆ تیرۆرکردنی کۆمەڵگەکان و شکاندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ شەپۆلەکانی ئاوارەبوون و بێ ماڵ و حاڵ و داڕمانی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان، ئازارەکانی ژنان توندتر بووە و دۆخی نالەباری ژنانی کردووەتە بەرجەستەیەکی توندی ئاڵۆزییەکان، کە ئەمەش دەرئەنجامە سەختەکانی قەیرانی سودانە.

 

ئەم توندوتیژییە چیتر تەنها پێشێلکارییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بووەتە ستراتیژییەکی سیستماتیکی بە ئامانجی دوورخستنەوەی ژنان و پەراوێزخستنی ڕۆڵیان لە هەموو بوارەکاندا، لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکان، برینەکان قووڵتر دەبنەوە و بەرپرسیارێتی گەورەتر دەبێت بۆ ئەوەی پرسی ژنان ببێتە جێگەی سەرنجێکی ناوەندی لە ڕێگاکانی دادپەروەری و یەکسانی و بونیادنانی ئاشتی لە سودان، نەک نیگەرانییەکی پەراوێزخراو کە پشتگوێ بخرێت یان بەدەر بکرێت.

 

''سەرەتای داڕمانی گەورە''

لە ۱٥ی نیسانی ۲۰۲۳، شەڕی چەکداری لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا، دوای ناکۆکی لەسەر یەکخستنی سوپای سودان لە سوپادا، ئەمەش دوای کودەتاکەی ساڵی ٢٠٢١ هات کە حکومەتی مەدەنی ڕووخاند، لەگەڵ پەرەسەندنی پێکدادانەکان بۆ شەڕێکی تەواو، وڵاتەکە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە دابەش بوو، ئەمەش وڵاتەکەی خستە ناو ململانێیەکی ئاشکرا و خوێناوییەوە، شەڕەکە ناوچەکانی خەرتوم، دارفور، جزیرەی گرتەوە.

 

هەروەها شەڕەکە بە خێرایی گۆڕا بۆ ململانێی خێڵەکی لە هەندێک ناوچەدا و بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، ژنان و منداڵانی کچ زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و شەش ملیۆن لە ئاوارەکان پێکدەهێنن، ئەمەش وایکردووە تووشی هەژاری و برسێتی و نەبوونی چاودێری تەندروستی و دەستدرێژی سێکسی ببن.

 

لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥، کاتێک سوپا خەرتومی گەورەی کۆنترۆڵکردەوە، وا دیار بوو دۆخەکە مژدەی پێشکەوتنێکی چاوەڕوانکراو بوو، ملیۆنان ئاوارە ئەمەیان وەک دەرفەتێک زانی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ماڵانەی کە ناچار بوون جێیان بهێڵن، نزیکەی دوو ملیۆن کەس گەڕاونەتەوە گەڕەک و گوندەکانیان، بەمەش کۆی گشتی ئاوارەکان بۆ ١٠ملیۆن کەمبوونەتەوە، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو، بەڵکو سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێی ئازارەکان بوو.

 

ئەوانەی گەڕانەوە خۆیان بینیەوە کە ڕووبەڕووی شارە بێ ڕۆحەکان بوونەتەوە: خانووە ڕووخاوەکان، ڕووخانی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، نەخۆشخانە داخراوەکان یان بێ دەرمان، ئاڵەنگاریەکە تەنها بونیادنانەوەی دیوارەکان نەبوو، بەڵکو خودی ژیان بوو لە نێوان بۆشایییەکدا کە هیوای قووت دەدا، بە تایبەتی ژنان بارگرانی ڕێکخستنەوەی وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان لە ئەستۆ گرت، لە دەستەبەرکردنی خۆراک و ئاوەوە تا چاودێریکردنی منداڵان و بەتەمەنەکان، لە نەبوونی هیچ مسۆگەرییەک یان پشتیوانییەکی ڕاستەقینەدا، لە ناوەندەکانی ئاوارەیی کاتی و گەڕەکە وێرانبووەکاندا، زۆرجار کەیسی توندوتیژی سێکسی و هەراسانکردن تۆمارکراوە، ئەمەش وایکردوە ژنان دوو هێندە بکرێنە ئامانج، بە جۆرێک زیانلێکەوتووی شەڕ و کۆمەڵگەبن لە یەک کاتدا.

 

''تاوانی سیستماتیکی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی''

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥، هێزەکانی پشتیوانی خێرا یەکێک لە تاوانە ترسناکەکانی لە شاری جنەینە لە دارفۆری ڕۆژئاوا ئەنجامدا، کە هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکی ١٨٦ لاپەڕەدا پاکتاوکردنی نەتەوەیی و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بەڵگەدار کرد، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەو ساڵەدا، فەرمانگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی بە لانیکەم ٣٣٨٤ هاوڵاتی مەدەنی بەڵگەدار کرد، کە زۆرینەیان لە دارفور بوون، کە هێزەکانی پیشتوانی خێرا چوار لە پێنج پارێزگای کۆنترۆڵکردووە، ئەم ژمارەیە نزیکەی ٨٠٪ی هەموو زیانلێکەوتووە تۆمارکراوەکانی مەدەنی لە سودان لە ماوەی ساڵی پێشوودا پێکدەهێنێت، بەڵام دیاریکردنی ژمارەی وردی کوژراو و بریندارەکان بەهۆی داڕمانی سیستەمی تەندروستی و شەڕە بەردەوامەکان و پچڕانی پەیوەندییەکان تا ئێستاش لەڕادەبەدەر قورسە.

 

''برسێتی وەک چەکێکی جەنگ: فاشر وەک لێکۆڵینەوەیەکی کەیس''

شاری فاشر بەرگەی گەمارۆیەکی دڕندانەی گرت کە زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژی خایاند، پێش ئەوەی لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بکەوێتە دەست هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە کاتی گەمارۆدانەکەدا دانیشتووان ڕووبەڕووی برسێتییەکی توند بوونەتەوە، خێزانەکان ناچاربوون خۆراکی ئاژەڵەکان بخۆن بۆ ئەوەی بژین، لە ئەنجامدا کەیسی کوشندە لە ژەهراویبوون، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، ئەو مەوداییە کە بە پێ دەڕۆیشتن لە ٦۰ کیلۆمەتر زیاتر بوو بۆ ناوچە ئارامەکان.

 

لە کامپەکانی ئاوارەبوون، کە خۆراک و ئاوی پاکی خواردنەوە و چاودێری تەندروستی تێدا نییە، هەزاران کەیسی بەدخۆراکی توند لەنێو منداڵان و بەتەمەنەکان تۆمارکراون، هەماهەنگی گشتی ئاوارەکان و پەنابەران لە سودان ٥٣٠٠ کەیسی بەڵگەدار کردووە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٣ منداڵ لە ماوەی تەنها یەک مانگدا لە باشووری کۆردۆفان، هەروەها کەمی خۆراک بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتا لە کامپەکانی ئاوارەکان، بەو پێیەی وەزارەتی تەندروستی لە مانگی ئابی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکردووە، هاوکات ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا لە ماوەی چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە ١٢ هەزار و ٧٣٩ حاڵەت.

 

ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییە ئاشکرا دەکەن کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، ئاوارەبوونی زۆرەملێ، لەگەڵ فشاری جەستەیی و دەروونی توند و کەمیی خۆراک و چاودێری پزیشکی، بووەتە هۆی زیادبوونی لەبارچوون لەنێو ژنانی دووگیاندا، زیاتر لە ٢٤٣ ژنی دووگیان هاوڵاتی فاشر گەیشتوونەتە کامپی تەویلە لە باکووری دارفور و لە شاری دبە لە پارێزگای باکوور، لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین کە مەترسی لەسەر ژیانیان و ژیانی منداڵە لەدایک نەبووەکانیان دروست دەکات.

توندوتیژی لە فاشر بووەتە سیاسەتێکی سیستماتیکی، کە جەستەی ژنان وەک چەکی شەڕ بەکاردەهێنرێت، منداڵانی کچ لەبەردەم دایکیاندا دەستدرێژیان دەکرێنە سەر؛ هاوژینەکان دەکوژرێن یان منداڵان دەڕفێنرێن، بۆشایییەک بەجێدەهێڵن کە ڕۆح دەشکێنێت، هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە شارەکە لە ژێر گەمارۆدایە و نان و دەرمانیش بوونەتە خەونی دەستنەکەوتوو.

 

دانیشتووان لە نێوان دوو هەڵبژاردەی تاڵدا گیر دەخۆن، مانەوە لە ژێر بۆردوومان و برسێتی، یان هەڵهاتن بۆ ناو نادیار، زۆرێکیان سنووریان بەزاندووە بۆ ناو چاد، چیرۆکی ئازار و مانەوەیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە، هەندێکی دیکەش ماونەتەوە، بەو شتە کەمەی کە لە خاکەکەیان و یادەوەرییەکانیان ماوە و چەسپاون.

 

''توندوتیژی سێکسی: ژنان دەبنە ئاماژەی شەڕ''

ململانێی سودان جەستەی ژنانی کردووە بە گۆڕەپانی شەڕ، کە توندوتیژی سێکسی بووەتە ئاماژەیەکی سیستماتیکی بۆ تیرۆرکردنی کۆمەڵگەکان، بەتایبەتی لە دارفور و خەرتوم، بەڵام ئەم پێشێلکاریانە تەنها له ناوچەکانی ململانێی ڕاسته وخۆدا سنووردار نین بەڵکو تەواوی بوارەکانی ئاوارەیی و پەناگە دەگرێتەوە و ژنان و منداڵانی کچ دەخاته ناو دڵی قەیرانی مرۆیی.

دیاردەی کۆیلەکردنی ژنان شتێکی تازە نییە، بەڵکو ڕەهەندی مەترسیدارتر و بەربڵاوتری وەرگرتووە، ئەم پراکتیزانە لە پەراوێزەوە بۆ دڵی وڵات گواستراوەتەوە، کە دەیان ژن ومنداڵی کچ کە هەندێکیان تەمەنیان ١٢ ساڵە، لەلایەن لایەنەکانی ململانێیەوە تووشی توندوتیژی سێکسی بوون،ئەم توندوتیژییە تەنها لە دەستدرێژی جەستەیی سنووردار نەبووە، هەندێک لە زیانلێکەوتووەکان بۆ چەند ڕۆژێک لە بارودۆخێکدا ڕاگیراون کە دەکاتە "کۆیلایەتی سێکسی"، کە پێشێلکردنی ئاشکرایە بۆ مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.

 

شارەزایانی مافی مرۆڤ بە لانیکەم ٣٣٠ کەیسی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێیان بەڵگە کردووە، بەڵام پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی توندوتیژی سێکسی زۆر زیاتر بێت؟ تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا ٣٢ کەیسی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی کچی هاوڵاتی فاشر تۆمارکراون لەکاتێکدا هەوڵیانداوە هەڵبێن بۆ تەویلە، هەندێکیان لەناو خودی شارەکەدا ڕوویانداوە دوای هێرشی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 

پێشێلکارییەکان بریتی بوون لە دەستدرێژی بەکۆمەڵ، دەستدرێژیکردنە سەر لە بەردەم ئەندامانی خێزان، ڕفاندن بۆ فیدیە، بەئامانجکردنی چالاکوانان و کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکان و بەکارهێنانی سێکسی بە ڕەهەندێکی نەتەوەیی و ڕەگەزییەوە، لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەوە کە منداڵە کچێکی هاوڵاتی دارفور لەلایەن سەربازێکی هێزەکانی پشتیوانی خێراوە بە شێوەیەکی ترسناک ئەشکەنجە دەدرێت، بە پەتێک بە دارێکەوە هەڵواسرا، لە کۆتاییدا لە ئازاردا مرد، دیمەنێک کە ڕەنگدانەوەی ئەو ئازارە بێئەندازەییە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.

 

سوپای پاسداران لە دوو ڕۆژی یەکەمی چوونە ناو شارەکەدا کۆمەڵکوژییەکی ٣٠٠ ژنی لە شاری فاشر ئەنجامدا، هەروەها لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کە هاوڵاتیانی مەدەنی لە شاری ئەبیەز لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەی کردە ئامانج، نزیکەی ٣٧ ژن و ژمارەیەک منداڵی کوشت.

 

''ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هێڵەکانی پێشەوە''

ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هێڵی پێشەوە دوور نەبوون، پیشەکەیان بوو بە مەترسی ڕۆژانە، وێنەکەیان بوو بە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی سستی ڕاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا، ئەو پیشەیەی کە بڕیارە دەنگێک بێت بۆ ڕاستی، بووەتە گۆڕەپانی شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام، کە سەرکوتی سیاسی لەگەڵ داڕمانی دامەزراوەکاندا یەکتر دەبڕێت و ڕۆژنامەگەریی ژنان دەکاتە کارێکی مەترسیدار.

 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە، ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ئاستی جیهانیدا بۆ پلەی ١٥٦ دابەزیوە و لە پلەی ١٤٩ دابەزیوە، ئەم دابەزینە تەنها ئامارێک نییە لە ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتیدا، ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکە کە بە دەستگیرکردن و هەڕەشە و کوشتن دیاری کراوە، دەیان ڕۆژنامەنووس ناچار دەکات هەڵبێن یان پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ ببەن.

 

 ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی بارگرانییەکی دوو هێندە دەبنەوە، کە لە نێوان چەقۆی ململانێ و سەکۆی لەدەستدانی کاردا گیریان خواردووە، تەنها لە دارفور زیاتر لە ١٥٠ ژنانی ڕۆژنامەنووس ناچاربوون بە ناوی خوازراوەوە کاربکەن بۆ ئەوەی تۆڵەسەندنەوەیان لێ دوور بکەوێتەوە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەستگیرکردن و ئازاردانی سێکسی و دەستدرێژیکردن، ئەمە جگە لە هەڵمەتە سیستماتیکییەکانی ئۆنلاین وەک ئەوەی کە مەها تەلب، ڕۆژنامەنووس کردۆتە ئامانج.

 

داڕمانی ڕاگەیاندن سەختی زیاتری زیاد کردووە، ڕۆژنامەکان بڵاوبوونەوەیان وەستاند، چاپخانەکان داخران و کۆشکەکانی ڕۆژنامە نەماون، ئەمەش وایکردووە ژنانی ڕۆژنامەنووس پشت بە ماڵپەڕەکانی دیجیتاڵی نائاسایشیەکان ببەستن.،ئەو بۆشاییە گەشەپێدانی پیشەیییان لەدەستدا کە نەوەکانی ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموونیان پەروەردە کردبوو.

 

پێشێلکارییەکان لە دەستگیرکردندا نەوەستاون، ململانێ بەردەوامەکان وایکرد ڕۆژنامەگەری ببێتە کارێکی مەترسیدار، ڕۆژنامەنووسان لە تەقەی یەکتردا گیران، بە تۆمەتی خیانەت و هاوکاری گەمارۆدرابوون و هەڕەشەی دەستبەسەرکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، یان کوشتنیان لێکرا.

 

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە ماوەی ساڵێکی شەڕەکەدا ٣٧٧ پێشێلکاری ڕاستەوخۆی دژی ڕۆژنامەنووسان بەڵگەدار کردووە، کە ١٣٠ پێشێلکارییان دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس بووە، شەش ڕۆژنامەنووس کوژراون، سێ ڕۆژنامەنووسی ژن دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، پێنج ڕۆژنامەنووسی دیکە دەستگیرکراون و هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە، ١٣ ژنی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی مەترسی تەقەکردن بوونەتەوە، هەروەها ماڵی دە کەسیان وێران بووە.

 

''خەتەنەکردنی مێینە و هاوسەرگیری پێشوەختە، دەرکەوتنی عەقڵیەتی پیاوسالاری ڕەگداکوتاوی قووڵە''

توندوتیژی خێزانی و ململانێی چەکداری لە سودان یەکدەگرنەوە و ڕاستیەکی سەخت دروست دەکەن کە ژنان بەرەو لێواری داڕمان پاڵدەنێت، لە کاتێکدا ململانێکان لە ڕێگەی ئاوارەبوون و هەژاری و دەستدرێژی سێکسییەوە ئازارەکانیان گەورەتر دەکات، ماڵەکە خۆی دەبێتە گۆڕەپانێکی توندوتیژی ڕۆژانە- دەروونی و جەستەیی- کە لەلایەن کولتوورێکەوە بەردەوام دەبێت کە ژنان لە ساتەوەختی لەدایکبوونەوە بێبەها دەکات.

 

جیاکاری زوو دەست پێدەکات، ئاهەنگی لەدایکبوونی کوڕێک دەگێڕدرێتەوە لە کاتێکدا لەدایکبوونی کچێک بە ڕەتکردنەوە پێشوازی لێدەکرێت، ئەم توندوتیژییە پێکهاتەییەش لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتنێکی نایەکسان بە ماف و پەروەردە و دەرفەتەکانەوە بەردەوامە، دڕندانەترین شێوەی خەتەنەکردنی مێینەیە، کە تا ئێستاش لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا لە ژێر پەردەی "شەرەف"دا ئەنجام دەدرێت، پێشێلکارییەک کە لە ٨٧٪ی ژنانی سودان تووشی بووە، هەر لە هەمان کاتدا هەزاران منداڵی کچ لە خوێندن بێبەش دەکرێن و بە ناچاری هاوسەرگیریان لەگەڵ دەکرێت لە کاتێکدا هێشتا منداڵن.

 

لە ژێر پەردەی هاوسەرگیریدا، بیرکردنەوەی پیاوسالاری، کۆنترۆڵی هاوژین بەسەر جەستە و کات و مافەکانی ژندا یاسای دەدات، سوکایەتی و لێدان و زۆرەملێ وەک "مافی" پیاوێک سەیر دەکرێت، نەک وەک تاوان، لەناو ئەم ئاساییکردنەوەدا ڕووداوە ترسناکەکان بەرەو پەرەسەندندان، ڕاپۆرتەکان کوشتنی ڕزگاربووان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە بە بیانووی "شەرەف" و لە ژێر فشاری ترس لە چەواشەکاریدا بەڵگەدار دەکەن، بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، پێش پەرەسەندنی ململانێکان زیاتر لە ٣ ملیۆن ژن مەترسی توندوتیژی ڕەگەزییان لەسەر بووە و دوای ئەوە ئەم ژمارەیە بۆ ٤.٢ ملیۆن ژن بەرزبووەتەوە.

 

''یاسای فەرمی و بێ سزای درێژخایەن''

یاسای سودان بڕگەی ڕوونی نییە کە توندوتیژی خێزانی بە تاوان بزانێت یان بەرپرسیارێتی تاوانبار بە توندی دیاری بکات، بەشێکی زۆری یاساکانی باری کەسی لەسەر بنەمای داب و نەریتە کۆمەڵایەتییە کۆنەپەرستانە دامەزراوە کە دەسەڵاتی نزیکەی ڕەها بە هاوژینهکە دەبەخشێت، لە ناو ئەم سیستەمەدا توندوتیژی دژی ژنان دەبێتە کردەوەیەکی "قبووڵکراوی کۆمەڵایەتی"، سەرەتا لە هەڵاواردن لە منداڵیدا دەست پێدەکات، لەڕێگەی خەتەنەکردنی مێینە و هاوسەرگیریی منداڵەوە و درێژدەبێتەوە بۆ توندوتیژی جەستەیی و دەروونی لە ناو ماڵدا.

 

سەرەڕای هێنانەکایەی هەموارکردنەوەکان، وەک تاوانبارکردنی خەتەنەکردنی مێینە لە یاسای ساڵی ١٩٩١، یاسای دژە بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٤، یاسای تایبەت بە توندوتیژی سێکسی لە ململانێکان و مافەکانی ژنانی کرێکاردا، ئەم یاسایانە تا ڕادەیەکی زۆر بێکاریگەرن.

 

زۆرێک لە ژنان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سنووردارکردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ئەو دەقانەی کە بۆ سزادانیان بەکاردەهێنرێن، وەک تۆمەتی "جل و بەرگی ناشایستە"، سنووردارکردنی ڕەفتاری ژنان و جیاکاری لە شوێنی گشتیدا.

بێ سزایی بەرچاوترین دەرکەوتنی ئەم تێکچوونەیە، چونکە زۆرینەی ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستیان لە پێشێلکارییە سێکسییە بەردەوامەکاندا هەیە، نەدراونەتە دادگا، ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری توندوتیژی لە ماوەی ململانێی ئێستادا.

 

''ژنان لە پێشەنگی هەوڵە مرۆییەکان لە کاتی شەڕدا''

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکان لە سودان، ژنان لە پێشەنگی هەوڵە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بوون، سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی پێشێلکاری بەرفراوان بوونەتەوە، زۆرێک لە ژنان لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردا پشتگیری پزیشکی و دەروونییان پێشکەش کردووە، بەتایبەتی کارمەندانی چاودێری تەندروستی کە سەرەڕای کەمیی سەرچاوە و مەترسییە ئاسایشییەکان بەردەوام بوون لە کارەکانیان.

 

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەستپێشخەری ناوخۆیییان دامەزراندووە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەران، بەتایبەتی ئەو ژنان و منداڵانەی کە بەدەست توندوتیژی ڕەگەزییەوە دەناڵێنن، بزووتنەوەکانی وەک "ژن لە دژی شەڕ" سەریان هەڵداوە، هەوڵ دەدەن بۆ وەستاندنی شەڕ و بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ، جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەشداری ژنان تەنها داواکارییەک نییە بۆ یەکسانی بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ بونیادنانی ئاشتییەکی بەردەوام.

 

سەرەڕای مێژوویەکی دوور و درێژی بەشداری سیاسی و ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە و ئەو پێشێلکارییە زۆرانەی کە بەرگەیان گرتووە، ژنانی سودان بەردەوامن لە دوورخستنەوە لە دانوستانەکانی ئاشتی و دانوستانەکانی گوازراوە، ئەمەش دەرفەتی تێکەڵکردنی پرسەکانیان لە چارەسەرەکانی داهاتوو و بڕیارە چارەنووسسازەکاندا تێکدەدات.

 

ئەوەی ئەمڕۆ لە سودان دەگوزەرێت، تەنها قەیرانی ناوخۆ نییە، تاوانێکی ئاشکرایە دژی مرۆڤایەتی کە لە ڕوانگەی تەواوی جیهانەوە ئەنجام دەدرێت، ژنان بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەکرێنە ئامانج و دەکرێنە ئاماژەی شەڕ، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها ڕاگەیاندروی شەیرمەزارکردن بڵاودەکاتەوە کە نە یەک فیشەک دەواسێت و نە منداڵێک لە برسێتی ڕزگار دەکات.

 

تا کەی ئەم بێدەنگییە بەردەوام دەبێت لە کاتێکدا ژنان دووجار دەکوژرێن، جارێک بە جەستەی پێشێلکراویان، و دیسانەوە بە دەنگە دامرکاندەکانیان؟ سودان ئەمڕۆ تەنها شارێکی گەمارۆدراو نییە، هاوارێکە بۆ مرۆڤایەتی کە دەبێت بیسترێت و بگۆڕدرێت بۆ کردەوەی بەپەلە بۆ وەستاندنی خوێنڕشتن و گەڕاندنەوەی مافی ژیان و شکۆمەندی ژنان.

 

کاتی ئەوە هاتووە دیواری بێباکی بشکێنرێت، پرسی ژنان ببنە هێڵی سوور کە لە هیچ پرۆسەیەکی سیاسی و دانوستاندا نابڕدرێت، ئاشتی بێ دادپەروەری بۆ ژنان ئاشتییەکی درۆینە و دادپەروەری کە لێپرسینەوە لە دەستدرێژیکاران و بکوژان ناکات، دادپەروەرییەکی شێواوە، جیهان دەبێ درک بەوە بکات کە خەباتی ژنان لە سودان خەباتی هەموو مرۆڤایەتییە و پشتگوێخستنی بە واتای قبوڵکردنی جیهانێکە کە شەڕەکان شەرعیەت بە دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و برسیکردنی منداڵان دەدەن.